Home / بابه‌ته‌كان / کارل مارکس ١٨١٨-١٨٨٣

کارل مارکس ١٨١٨-١٨٨٣

                                               

ئەمە هەڵەیەکی باوە کە لە دەرەوەی کۆنتێکستی مێژوویی خۆیان خوێندنەوە بۆ فەیلەسوفان دەکرێت: ئێمە دەمانەوێت و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوان پێویستییەکانمان پڕبکەنەوە بەبێ ئەوەی لە پێویستییەکانی ئەوان تێبگەین. ئەمە تەنیا بۆ کارل مارکس ڕاست نییە. کاتێک سەرمایەداری لە ساڵی ٢٠٠٨ زەبری بەرکەوت، لە ئەنجامدا قۆناغی ناجەختی گەورەی دارایی هاتەگۆڕێ، زۆر کەس گەڕانەوە بۆ کۆپییەکانی کتێبەکانی مارکس کە زۆر دەمێک بوو فڕێیان دابوو. بەڵام دەبێ ئێمە چاوەڕێی چەند ڕۆشنایی بین لە نووسەرێکی سەدەی نۆزدە کە لەبارەی قۆناغە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری نووسیویەتی تاکو بیخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی داتەپینە ئابوورییەکانی سەدەی بیست و یەک؟ ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە مارکس لە کتێبی سەرمایە (١٨٦٧) لەبارەیەوە نووسیوە، دەتوانرێ ئارگومێنتی ئەوە بکرێت کەوا زۆر لە هی ئێستامان جیاواز نییە، بەڵام لە هی سەردەمی بڵاوبوونەوەی کتێبەکە جیاوازە. مارکس بەشێوەیەکی سەرەکی وەسفی سەرمایەداری دەکات لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیدا، لە قۆناغە زۆر هۆڤییەکانی خۆیدا، پێش ئەوەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان گەشە بکەن. بەڵام هەرەسی ئابووریی پڕۆلیتاریا لە ئینگلاند بۆ ماوەیەک ژێرەوژوور بوو، لایەنی کەم دەوڵەمەندەکان چێژی جۆرێک لە سەرکەوتنیان کرد لە ساڵانی گەشانەوەی کۆتایی سەدەی نۆزدە کە پاڵاوتەکەی گەیشتە چینی کرێکاریش، بە ڕادەیەک مارکس ناڕەزایی ئەوەی دەردەبڕی کە لە وڵاتێکی بۆرژوازی وەک ئینگلاند تەنانەت کرێکارەکانیش بوونە بە بۆرژوا. لە ڕوانگەی چینی فەرمانڕەواوە ئەوە شتێکی باش بوو و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە نزمترین ڕێژەیدا دەهێشتەوە. بەڵام ئەوە بۆ مارکس شتێکی خراپ بوو و دەبووە هۆی شێواندن و تێکدانی شۆڕش.

کاتێک مارکس قسە لەبارەی شۆڕش دەکات، ئێمە بە هەڵە بیر لە شۆڕشی ڕووسی دەکەینەوە، کە ناوی مارکسی هەڵگرتووە، هەرچەندە مارکس لە ژیاندا نەمابوو تاکو بیبینێت. بەڵام ئەو مۆدێلەی مارکس وەک پراکتیکی شۆڕشگێڕانە پشتگیری دەکرد لەسەر بنەمای ڕووداوێک بوو کە پێش لەدایکبوونی ئەو ڕوویدا بوو: ئەویش شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩ بوو. ئێمە پێویستە ئەو ڕووداوە مێژووییە بەهەند وەربگرین کاتێک هەوڵدەدەین لە ڕوانگەکانی مارکس تێبگەین: پێویستە مارکس کەمتر وەک پێغەمبەری شۆڕشی ١٩١٧ ببینرێت بەڵکو وەکو میراتگری شۆڕشی ١٧٨٩ ببینرێت.

 

باکگراوندی ئەکادیمی

هەرچەندە مارکس خۆی لە ڕووی ئێتنیکییەوە جوولەکەیە، بەڵام بە دژە-جوولەکە تۆمەتبارکراوە، لە ڕاستیدا توخمی دژە جوولەکەیی لە نووسینەکانیدا هەن کە بۆ ئەمڕۆ هەڵە و گومان هەڵگرن، هەر لە وتارەکەی زوویدا بەناوی ”لەبارەی کێشەی جوولەکە” بۆ ئاماژەکانی دواتر. بەڵام دیسان ئەمەش وەک جۆناسان سپێربەر Jonathan Sperber لە ژیاننامە تازەکەی مارکسدا بەناونیشانی کارل مارکس: ژیانی سەدەی نۆزدە، دەڵێت: ئەوە خوێندنەوەی مارکسە لە دەرەوەی سەردەمەکەی خۆی. مارکس وەکو زۆر لە هاوسەردەمانی خۆی، لە ڕووی ڕەگەزییەوە بیر لە جوولەکە ناکاتەوە، بەڵکو لە ڕووی باوەڕ و پراکتیکەکانیانەوە. بەتایبەتی، ئەو وەک پارادیمێک بۆ سەرمایەداری سەیری جوولەکە دەکات، بۆیە ”جودایزم” و ”بازرگانی” وەها دەردەکەون کە هەمان واتایان هەبێت. ئەو زانین یان حەزێکی کەمی بۆ جودایزم هەبوو. مارکس وەک پرۆتستانت لەناو خێزانێکی ئەسیمیلە (ئاوێتە و تواوە)بووی جوولەکە لەناو زۆرینە کاسۆلیکی رینلاند گەورە ببوو، ئەو چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرا لە ڕووی پیشەییەوە شوێنپێی باوکی هەڵبگرێت و لە یاسادا ئیش بکات. هەرچەندە لە زانکۆدا بەبێ گومان مارکس زۆر لەبارەی یاساوە فێربوو، هەروەها جیهانێکی ڕۆشنبیری زۆر فراوانتر و سەرنجڕاکێشتری قبووڵ کردبوو، بۆیە ئەوسا نەیدەتوانی لە فەلسەفەی هیگل هەڵبێت. کاتێک مارکس بەسادەیی بۆ باوکی دەنووسی لەبارەی حەماسی خۆیەوە، باوکی ئەوەی وەکو حەزێکی بێئامانج دەبینی و باوەڕی وا بوو کە تێدەپەڕێنرێت، بەڵام هەرگیز تێنەپەڕێنرا.

مارکس هەمەچەشنێتی ڕۆشنبیری نیشان دەدا، ئەو لێکۆڵیارێکی سروشتی بوو، خاوەن ئەوە بوو کە ئەڵمانەکان پێی دەڵێن (Sitzfleisch)- ئەو دەیتوانی چەند ڕۆژ لەناو کتێبخانەدا بەسەربەرێت، بەخێرایی کتێب دوای کتێب بخوێنێتەوە. ئەمە شێوازێکی ژیانی بوو. مارکس کاریگەرانە دەیخوێندەوە، نەیدەتوانی پشوو بدات تاکو هەموو کون و قوژبنێکی ئەو بابەتەی کە لەبەر دەستی بوو نەدۆزیبوایەوە، تێبینی زۆری دەنووسین، کە زۆرینەیان دواتر هەر بەکارنەدەهێنران. ئەنجامەکە زانینێکی قورس بوو لەگەڵ کەسێتییە بەهێزەکەی و ڕەخنەییەکەی و بەزۆری زیرەکییە تیژەکەی ئاوێتە ببوو، ئەمەش واتای ئەوە بوو کە مارکس پێش ئەوەی یەک وشە بڵاوبکاتەوە وەک فیگورێکی بەناوبانگ شێوەی وەرگرتبوو.

ئەم خووگرتنە بە فێرخوازی هەمیشەییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو نووسینەکانی: بەتایبەتی ئیشە سەرەکییە بەناوبانگەکەی ”سەرمایە” کە تەنیا بەرگی یەکەمی تەواو بوو، هەروەها تەنانەت بۆ کتێبی ”مانیفێستۆی کۆمۆنیست” (١٨٤٨) درێژ بۆتەوە. زۆر لە ئیشەکانی مارکس نەگەیشتنە ئەنجام، زۆر لە دەستنووسەکان و نووسینەکانی بە تەواونەکراوی جێهێشت. لە ڕاستیدا، زۆر لەو نووسینانەی کە ئێمە ئەمڕۆ دەیان خوێنینەوە لە ماوەی ژیانی خۆیدا بڵاونەکراونەتەوە: بڵاوبوونەوەی دەستنووسە فەلسەفی و ئابوورییەکان لە ساڵانی نێوان جەنگە جیهانییەکان دووبارە کاردانەوەی تووڕە و ناکۆکی هێنایەگۆڕێ، کە تاکو ئێستاش بڕ دەکات. ئەو نووسینانەی سەرەتا مارکسێکی ”هیومانیست” تەنانەت لایەنگری ”بوونگەرا”، پیشان دەدەن، کە لەبارەی نامۆبوون قسە دەکات- جیاوازە لە مارکسی ئابووریناس لە کتێبی ”سەرمایە”دا. بۆیە لویس ئاڵتۆسێر باس لە ”دابڕانی مەعریفی” لە نێوان مارکسی هیومانیست و پشتیوانی ماتڕیالیزمی دیالێکتیکی دەکات.

لە ڕاستیدا، هەرچەندە بەڕوونی گەشەکردن لە هزری مارکسدا هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ دابڕانێکی تیژ بوونی نییە، شێواز و مێتۆدەکەی لە زۆر ڕووەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە هیگڵی دەمێنێتەوە. بێگومان ئەو وەک هیگل ئایدیالیست نەبوو، بەڵکو بەئاشکرایی ماتڕیالیست بوو، بۆیە مارکس پێی وابوو هێگل بە پێچەوانەوە لە شتەکان تێگەیشت بوو، لەبەر ئەوە هزری هێگلی وەکو ”جادوو” وەسف دەکرد. بۆ مارکس ئایدیا مرۆڤایەتی بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو مرۆڤایەتی ئایدیای بەرهەم هێناوە. (هەروەها مارکس دڵخۆش بوو کە شوێنپێی فۆیەرباخ بکەوێت لە دۆزینەوەی ئەوەدا کە ئەوە خوا نییە مرۆڤی لەسەر شێوەی وێنەی خۆی دروستکردووە، بەڵکو مرۆڤ خوای لەسەر شێوەی وێنەی خۆی دروستکردووە). ئەمە بەتەواوی کۆتایی چیرۆکی پەیوەستبوونی مارکس بوو بە هێگلەوە، هەرچەندە مارکس بەڕێگەی خۆی زۆر شتی لە هێگلەوە وەرگرتووە. ئەوە هێگل بوو کە فەلسەفەی بەمێژوویی کرد: ئەو فەلسەفەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا مێژوو مارشێکی گەشەکردووە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر- ڕووەو ئازادی؛ هەروەها ئەوە هیگل بوو کە گەشەکردنی هزری بەڕێی سازانی دژەکانەوە دەبینی (ئەمە واتای دیالێکتیک دەگەیەنێت). لە کۆتایی ژیانیدا مارکس لە دوادەستنووسی کتێبی ”سەرمایە”دا ڕای گەیاند هێگل ”لەکارکەوتوو” نییە. بۆیە ئەمە دوورە لە شکاندنی بەڵێنی دیالێکتیکی هێگلی، مارکس دیالێکتیکی لە فۆڕمی ماتڕیالیزمدا پاراست. لە ڕاستیدا، لەناو ئەم هۆشە دیالێکتیکییە بوو مارکس شێوازە گەشەکردووەکانی بەرهەمهێنانی دۆزییەوە کە دەبێتە هۆی هاتنەئارای سەرمایەداری، هەروەها لەناو سەرمایەداریشدا ناکۆکییە ناوەکییەکانی دۆزییەوە کە لە کۆتاییدا دەبێتەهۆی شکستی سەرمایەداری و سەرهەڵدانی قۆناغی باڵای کۆمۆنیزم. لینین ڕای دەگەیەنێت بۆ ئەوەی بەوردی لە کتێبی ”سەرمایە” تێبگەیت ئەوا داواکراوە کە ”بەتەواوی خوێندنەوە و توێژینەوەی سەرجەم لۆژیکی هێگل بکەیت.” ڕەنگە ئەمە ژوورنرخاندنی کێشەکە بێت. پێشنیازی ئەوە دەکات کە شۆڕشگێڕەکانی ڕووسیا پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست کاتی زیادەی زۆریان لەبەردەستدایە.

 

هیوای شۆڕشگێڕانە

ڕەنگە مارکس کاتێک تێزی دکتۆراکەی لەبارەی دیمۆکریتیس تەواو دەکات، هەر هیوایەکی بۆ پیشەیەکی ئەکادیمی هەبوو بێت زوو بێهیوا بووە: کاتێک کاردانەی فریدریک ویلهێلمی چوارەم Friedrich Wilhelm IV بۆ پاشایەتی پروسیا لە ساڵی ١٨٤٠ قبووڵ دەکرێت، هەموو پێگە و پلە زانکۆییەکان بەڕووی هیگلییە لاوە (گەنجە)کان دادەخرێت، کە دەبن بە نەوەیەکی ونبوو. مارکسیش وەکو ئەوانی تر ڕووی کردە ڕۆژنامەگەریی سیاسی. کاتێک دژایەتیکردنی ڕوانگەکانی مارکسی کرد بە پیاوێکی ناسراو لە ئەڵمانیا، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی لە فەڕەنسا، لە ماوەی ئاوارەبوونەکەی لەوێ فریدریک ئەنگڵسی گەنج دەبینێ، کە پاشان بوو بە هاوکار و پشتیوانێکی سەرەکی مارکس و لە کۆتاییدا بوو بە سەرچاوەی دارایی بۆ مارکس. کاتێک هیوا شۆڕشگێڕییەکانی ١٨٤٨ بەسەرچوون و قۆناغی ئەو وەک سیاسییەکی یاخی بوو کۆتایی هات، ئەنگڵس گەڕایەوە بۆ ئینگڵاند بۆ ئیشکردن لە بازرگانی خێزانەکەیدا.

 تەوس و لاقرتێیەکی دیار لێرەدا هەیە کە؛ مارکس و ئەنگڵس ئەو دوو دوژمنە سەرسەختەی سەرمایەداری خۆیان لەسەر ئەو قازانجە دەژیان کە لە چەوساندنەوەی کرێکارانی کارگەکانی لۆکە لە مانچێستەر بەدەست دەهات.  

مانیفێستی کۆمۆنیست لە سەردەمێکدا نووسراوە کە ناجێگیری و شێواوی سیاسی لە زیادبووندابووە. لە ساڵی ١٨٤٨ دوو ساڵی سەرکەوتووی شکستی دانەوێڵە بووە هۆی قەیرانی گشتیی ئابووری: لە کۆماری فەڕەنسادا دووبارە بەفەرمی یاخیبوون ڕاگەیەندرا و پاشان هەموو ئەوروپای گرتەوە. لە ئیشە ئاگرینەکەیدا مارکس پێشبینی ئەوەی کردووە کە پرۆلیتاریا سەردەکەوێت و نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم بۆ هەمیشە کۆتاییان دێت. وەکو سپێربەرSperber تێبینی کردووە، مۆدێلی شۆڕشگێڕانە بریتییە لە شۆڕشی فەڕەنسا، بەتایبەتی سەردەمی تیرۆر. بەڵام بۆ هەموو ئەو ناوبانگەی کە دواتر بەدەستی هێنا مانیفێستۆی کۆمۆنیست کاریگەرییەکی کەمی هەبوو لەو کاتەدا.

ساڵی ١٨٤٨ ئەو ساڵە بوو کە مارکس گەڕایەوە بۆ رینلاند و بوو بە چالاکوانێکی سیاسی بە واتای تەواوی وشەکە، بەدوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینێک دژی ئۆتۆکراسی پروسیا دەگەڕا. پاشان لەبەر ئەوە دادگایی کرا، هەرچەندە لەلایەن دادوەری هاوسۆز بۆ دژە-پرۆسییەوە لە کۆڵن وەک بێتاوان ناسرا، مارکس وەک نامۆیەکی نەویستراو لە ئەڵمانیا دەرکرا. لەگەڵ ئەنگڵس چوو بۆ لەندەن و بوو بە تاراوگەنشینێکی هەمیشەیی لە ئینگلاند.     

لە کاتێکدا کە ئابووری ئەوروپا دەستی کرد بە بوژانەوە، بەتایبەتی لە ئینگڵاند، قۆناغی درێژی زیادبوونی سەرکەوتن بووە هۆی شێوەدان بە سەردەمی ڤیکتۆریا. هەموو ڕاپەڕینەکانی ئەوروپا کۆتاییان هات یان بەزۆر دامرکێنرانەوە، هەروەها گریمانەی ڕوودانی شۆڕشی جیهانی، لەبری ئەوەی لە داهاتوویەکی زوودا ڕوو بدات، لەناو داهاتوویەکی دووردا دیارنەما. ئاماژەکان لە کاتێک بۆ کاتێکی تردا دەردەکەوتن- قەیرانەکان وەها سەیر دەکران کە ڕەنگە بۆ شتێکی گەورەتر گەشە بکەن- بەڵام هیواکانی مارکس و ئەنگڵس لە سەردەمی ژیانی خۆیاندا نەهاتە دی. لە ڕاستیدا، ئێمە ئێستاش چاوەڕێین. زۆر شۆڕش ڕوویاندا، بەڵام تاکو ئێستاش هیچ شۆڕشێک نەبووە هۆی مەرگی سەرمایەداری جیهانی و قۆرخکردنی قۆرخکارەکان. مارکس لە کۆتایی ژیانیدا دڵخۆش بوو بە گریمانەی ڕوودانی شۆڕشی ڕووسیا کە بوو بە ئاماژە بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی پڕۆلیتاریا لە خۆرئاوادا. گرتنە دەستی دەسەڵات لە ڕووسیا لەناو پشێوییەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا وەهای کرد کە لینین و هاوڕێ بۆلشەفیکەکانی چاوەڕێی ئەوە بن کە نەتەوەکانی تریش ئاگری شۆڕش هەڵگیرسێنن. ئەوان شکستیان هێنا ئەوە بکەن. بۆیە پڕۆژەی کۆمۆنیست نەتوانرا تەواو بکرێت. ئەنجامەکە ئەوە بوو وەستانی سۆشیاڵیزم لە یەک وڵاتدا، لە کاتێکدا سەرمایەداری لە تەواوی وڵاتانی تردا وەکو پێشوو بەردەوام بوو.

سەرمایە

گەورەترین ئەرکی مارکس لەو ساڵانەی لە ئینگڵاند بوو بەبێ گومان نووسینی کتێبی سەرمایە Das Kapital بوو، کە دوا جار بەرگی یەکەمی لە ساڵی ١٨٦٧ بڵاوبووەوە. (بەرگەکانی دواتر، کە لە تێبینییە زۆرەکانییەوە ئامادەکران و دوای مردنەکەی بڵاوکرانەوە.) کتێبی سەرمایە بەهێواشی ناوبانگی مارکسی وەک تیۆرداڕێژ بە ئەوروپادا بڵاوکردەوە: سەرسوڕهێنەرانە، کتێبەکە لە سانسۆری تزار (قەیسەر) دەرچوو، وەکو کتێبێکی زۆر ئەکادیمی دەبینرا بۆیە لە ڕووی سیاسییەوە وەکو مەترسیدار نەدەبینرا، وەرگێڕانە ڕووسییەکەی کتێبی سەرمایە هەر زوو ساڵی ١٨٧٢ دوابەدوای وەرگێڕانە فەڕەنسی و ئینگلیزییەکەی بڵاوکرایەوە.

سپێربەر کۆتایی بەو ئەفسانەیە هێنا کە کتێبی سەرمایە سەر بە داروینە. بەجەختییەوە مارکس ستایشی کتێبی ”بنەڕەتی جۆرەکان” (١٨٥٩)ی داروینی کردووە، هەرچەندە بۆ مارکس ئارگومێنتی ئەم کتێبە ”بە ڕێگەیەکی زۆر ئینگلییانە گەشەی پێدراوە”، بەڵام لێکچواندنی نێوان گەشەکردنی سیاسی و بایۆلۆژی تەنیا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر دەبێتەوە. لە داروینیزمی تەواودا (ئەگەر لەناو داروینیزمی کۆمەڵایەتی هێربێرت سپێنسەردا نەبێ)، هەتاکو ئێمە دەتوانین قسە لەبارەی گەشەکردن بکەین وەک کوێرێک، وەک پڕۆسەیەکی میکانیکی. بەپێچەوانەوە، هەرچەندە مرۆڤەکان لە ڕێگەی مێژووەوە دروستکراون بەڵام ئەوان ناتوانن ئەو بارودۆخە هەڵبژێرن کە تێیدا لەدایک دەبن، ئەوان وەک بوونێکی بەئاگا و تێکۆشەر دەتوانن داهاتوو بگۆڕن.  ڕاستە، مارکس لە پێشەکییەکەیدا قسە لەبارەی ”ئەو پێویستییە سروشتییانە دەکات کە ڕووەو ئەنجامێکی نەشیاوی لێ دەربازوونمان دەبەن”، بەڵام وشەی ”ڕەفتاری سروشتی” دەبێ بەهەند وەربگیرێت. سەرمایەداری ڕەنگە لە کۆتاییدا شکستی پێبهێنرێت، بەڵام هەنگاوەکە بەرەو کۆمۆنیزم دەکرێ بێکاریگەر بکرێت ئەگەر خەڵک بۆ ”کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم ژانی لەدایکبوونە” کرداربنوێنن.

سپێربەر بیرمان دەهێنێتەوە کە کتێبی سەرمایە ئیشی سەردەمەکەی خۆیەتی- لە هەندێ ڕووەوە، بەتایبەتی بەهۆی سەرچاوە ڕەسەنە درێژەکانییەوە، لە پشتی سەردەمەکەی خۆیەوەیەتی. بۆ نموونە مارکس جێگەی ئابووریناسی پێش خۆی ئادەم سمیس دەگرێتەوە لە بیرۆکەی کەوتنی ڕێژەی قازانج، هەرچەندە ئەو لە هیچ شوێنێک ناتوانێ هەبوونی ئەو چەشنە پێویستییە پیشان بدات، لایەنی کەم بەهۆی، ئابووری سەرکەوتووی ناوەڕاست و کۆتایی سەردەمی ڤیکتۆریا، کە ڕێژەی قازانج بەڕوونی بەرز ببووەوە.

ئابووریی مۆدێرن تیۆریی بەهای کاری مارکس بەجێدەهێڵیت، کە ئایدیای بەهای کاڵا لە ڕێگەی ئەو کاتەی بۆ بەرهەمهێنانی پێویستە، مەحکومکراوە. دابینکردن و داواکردن نەک کاتی-کار ئێستا وەکو دیاریکەری سەرەکی بەها دەبینرێن. بەم شێوەیە سەیری بکە، کتێبی سەرمایە ڕەنگە وەکو دوا هەناسەی ترادیسیۆنی ئابووریی سیاسی دەرکەوێت کە ئێستا بوونی نەماوە. بەڵام ئەمە نییە کە ئێمە چۆن دەیبینین: هەڵەکانی هەر چییەک بن، کتێبی سەرمایە ئیشێکی فرە-ڕووە، بۆیە فەیلەسوفان، مێژووناسانی کۆمەڵایەتی، و تیۆرداڕێژانی سیاسی بەردەوام بۆی دەگەڕێنەوە لەبەر دەوڵەمەندی ئایدیاکانی کتێبەکە.

ئەو وێنەیەی سەرمایەداری کە مارکس بە ئێمەی دەدا، وێنەیەکی بەهێزە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە بۆ یەکەم جار وێنەی ئەوە گرتبێت کە لەوانەیە ئێمە وەک خەسڵەتە هەمیشەیی و بنەڕەتییەکانی سەرمایەداری بیری لێ بکەینەوە. ئەوەیە کە ئێمە لە کتێبی سەرمایەدا دەیبینین، سەرمایەداری سروشتێکی ناکۆتا بزۆک و نوێبووەوەی هەیە، سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێت و بە جیهانی دەبێت، هەوڵە بەردەوامەکەی بۆ قازانج، لە هەر شوێنێک قازانج بدۆزرێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی دەرەنجامەکانی لەسەر خەڵک و ژینگە، کورتکردنەوە حەزە مرۆڤییەکان بۆ تەنیا حەزی دارایی. ڕەنگە ئێمە بمانەوێ ئەو وێنایەی سەرمایەداری بنووسین وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەکانی قۆناغە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری بەڵام نەک بۆ تەشەنەکردنە جیاوازەکانی دواتری. بەڵام سەرمایەداری چۆن وەکو نەخۆشی دەتوانێ تەشەنە بکات؟ ئێستا چ جۆرە نەخۆشییەکە؟ لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستاش کرێکاریی منداڵ، شوێنکاری خراپ، دۆخی نالەباری ناو کارگەکان لە جیهاندا کۆتایی پێنەهاتووە: تەنیا لە شوێنی جیاوازدان. سەرمایەدارەکان لە خۆرئاوا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هیچ نیگەرانییەکیان نییە لەوەی کە دەستی کاری هەرزان و دۆخی نایاسایی بدۆزنەوە. چەوساندنەوە تەنیا شتێک نییە لە ڕابوردوودا: نرخی هەرزانی زۆر لەو کاڵایانەی دەیان کڕین بەتەواوی دەرئەنجامی چەوساندنەوەی کرێکارانە.

 داتەپینی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٨دا بێهاوتا بوو، جگەلە ڕووی پێوەر و قەبارەیەوە، هەروەها پرنسیپەکەی لەناو ئامرازە دارایییە زیرەکەکان داهێناوە کە لەلایەن بانکەرەکانەوە لەناو قازانجی کورتخایەندا ملیۆنان دۆلار بەدەستدەهێنن. مارکس ڕەنگە هیچ شتێکی لەبارەی کریدیتی قەرز گۆڕینەوە نەزانی بێت، بەڵام ئەو بەتەواوی بەئاگا بوو لە جیاوازی نێوان سەرمایەی بەرهەمهێنەر و ئەوەی ئەو ناوی نا بوو ”سەرمایەی ساختە”، بۆیە بازاڕە داراییەکان دەتوانن هەموو پشکەکانیان زیاد بکەن بۆ ئابووری ڕاستەقینە بۆ بەرهەمهێنانی داتەپینی کریدت، کە مێژوو پڕە لەمانە.

قەیرانەکانی سەرمایەداری زۆرن. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکیان چارەنووسسازە، بەڵام دەرە-ئامۆژگارییە. مارکس تاکو ئێستاش ڕەنگە بتوانێ تیشک بخاتە سەر سەرمایەی ئێستا و ڕابوردوومان، بەڵام داهاتووی کۆمۆنیستیمان لەناو تاریکیدا ماوەتەوە.