Home / بابه‌ته‌كان / ئاژاوە و شۆڕش

ئاژاوە و شۆڕش

ڕۆزا لۆکسمبێرگ

وەرگێرانی: ڕ.فەرامەرزی "شۆڕش"

                                                                          

 

ئاژاوە  و شۆڕش[1]

وتاری ڕۆزا لۆکسمبێرگ لە دادگاییکراندا بەتاوانی هاندان بۆ ئاژاوە

ڕۆزا لۆکسمبێرگ ڕۆژی دوازدەی دوایین مانگ، لە دادگای تاوانەکانی وایمار[2] بە تاوانی “هاندان بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی” لە رێگەی خوێندنەوەی گوتار لەسەر باسی مانگرتنی گشتیی لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سۆشیاڵیستی ئەڵمانیادا، کە لە مانگی جوونی ساڵی ۱۹۰۵ بەڕێوە چووبوو، دادگایی کرا.

هۆڵی دادگا زۆر قەرەباڵغ بوو. ئامادەبووان جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە سۆشیاڵیستەکان، بریتی بوون لە هەژمارێکی بەرچاو لە “خاتوونەکانی پلەبەرزی بۆرژوایی”، سەرۆکی دادگای باڵا و ـ دواتر و گرینگتر لە هەموان ـ نوێنەرێکی وەزارەتیش.

تاوانبارکردنی پارێزەری گشتیی

وتاری داواکاری گشتیی خوێندراوە و داواکاری گشتیی بابەتەکەی ئاوا پێشکەش کرد:

“دوای ئەوەی بێبێل[3] لە کۆنگرەی پارتەکەدا بۆ پشتگیریی‌کردن لە مانگرتنی گشتیی قسەی کرد ئەو وتاربێژانەیتر وا لە باسەکەدا بەشدارییان کردبوو، دژایەتیی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕی؛ چونکە پێیان وابوو مانگرتنی گشتیی دەتوانێت بگاتە شۆڕشی هێزیی فیزیکی کە لەودا ئەگەری ئەوە هەیە کرێکاران تێکشکێندرێن. دواتر گومانلێکراو کە لەکاتی ئەو وتانەدا هەر خەریکی فڕولاتاو و گاڵتەپێکردن بوو دەستی بە قسە کرد؛ بە تایبەت ئەوەی کە “شۆڕشی پڕشکۆی ڕووسیا”ش هەر لەو ساڵ و کاتانەدا بوو. وتی: “ئێمە دەبێ گەوج بین کە دەرسێک لەو [شۆڕشە] وەرنەگرین”، و پێداگریی لە سەر ئەو راستییە کرد وا ئێمە لە ئەڵمانیا گەیشتووین بەو ئاستەی کە گەشەوگۆڕان[4] ئیتر دەبێ جێی خۆی بدا بە شۆڕش[5]. لەگەڵ ڕێز بۆ هەڤاڵەکەی، هاینێ[6]، درێژەی بە قسەکانی دا و وتی ئەو[هاینێ] بیست و دوو ساڵە ڕاستەوخۆ لە گەڵ چینی جەماوەری کۆمەڵگادا پێوەندیی نەبووە [ئەو چینە وا] هەر وەک مێژوو دەیسەلمێنێ هەمیشە خوێنیان لە پێناوی بەرژەوەندی چینی چەوسێنەردا ڕژاوە؛ و ئەو [ڕۆزا] پێی‌وابوو دەکرێ ئەوان ئەمجارە خوێنیان لە پێناو بەرژەوەندی چینی خۆیاندا بڕێژن. ئەوانە گرنگرین خاڵەکانی وتارەکەیە کە ئەڵبەت پتر باس لە شۆڕشە تا مانگرتنی گشتیی. لە ڕاستیدا گومانلێکراو، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێ باسی مەبەستە سەرەکییەکەی خۆی، واتا شۆڕش، بکات جاروبار ناوی مانگرتنی گشتیشی دێنا. بەو شێوەیە جەماوەری عەبەساوی هان دەدا بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی. ئەو توندێتی خوێنڕێژانەی وتارەکەی بە گێڕانەوەی وتەیەک لە مانیفێستی کۆمۆنیست ڕازاندەوە کە دەڵێ کرێکاران هیچ شتێکیان نییە لە دەستیان بچێ، مەگەر زنجیرەکانیان. گومانلێکراو بەو ئاواتەوەیە کە خواستی پارتی سۆشیاڵیست، نەک لە ڕێگەی پەڕلەمان یان مانگرتنی گشتی بەڵکوو لە ڕێی شۆڕشی زۆردارانەی فیزیکییەوە دەستەبەرکرێ؛ و وتارەکە بۆ ئەوە بوو کە جەماوەر بۆ پساندنی زنجیرەکانیان بهارووژێنێت کە [بە وتەی ئەو] ڕێک وەک وڵاتی ڕووسیا دەبوو لە وڵاتی ئێمەش ڕووبدا. کۆی ئەو قسە و کارانەی ئەو، واتا هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی. وشەکانی بۆ ئەوە بەکار دێنا کە لە نێو جەماوەردا نائارامی دروست بکات و لە ڕوانگەی بەڕێوەبەرایەتیی یاساییەوە ئاشکرایە کە گومانلێکراو پێگەیەکی گرنگی لە پارتەکەی خۆیدا هەیە و بە هۆی دەربەست نەبوونیەوە خاوەنی کاریگەرییەکی بەرچاوە؛ و هەر بەو هۆیەوە یەکجار مەترسیدارە. من داوا لە دادگا دەکەم سزای چوار مانگ زیندان بۆ گومانلێکراو ببڕێتەوە.”

وەڵامی ڕۆزا لۆکسمبێرگ

پارێزەری گومانلێکراو کورت رۆزینفێلد[7] بە گوتارێکی شارەزایانەوە هەم لە ڕوانگەی سۆشیاڵیستی و هەم دادگەریانەوە وڵامی داوە بەڵام مەودای بەرتەسکی ستانداردەکە[8] [ڕێ و ڕەسمی فەرمی دادگای ئەوکات] جگەلە وتاری ڕۆزا لۆکسمبێرگ ڕێگەی دووپاتکردنەوەیتری نەدەدا. ڕۆزا وتی:

“لە حاڵێکدا کە پارێزەرەکەم هەوڵی دا لە ڕوانگەی دادگەرییەوە باسەکە بێنێتە گۆڕێ بەڵام من پێم خۆشە بۆچوونی خۆم و بڕوای گشتیی پارتەکەم سەبارەت بە پرسی مانگرتنی گشتیی و بەکارهێنانی هێزی فیزیکی شرۆڤە کەم. بەڵام بەر لەو کارە دەبێ ئاماژە بکەم بەو بەڵگەهێنانەوەیەی داواکاری گشتیی کە چەند چرکەیەک لەوە پێش خستیەڕوو. چیم پێ ناکرێ جگەلەوەی بڵێم بەڕاستی سەرم‌ سووڕ ما لەو هەموو کەمتەرخەمییەی نوێنەرێکی ڕەسمیی یاسا کە بەرپرسیارێتی کێشەگەلێکی وەک ئاڵۆزییەکانی شەقامەکانی هامبورگ [تەنیا] دەخاتە ئەستۆی پارتێکی سیاسیی سێ میلیۆن کەسی وەک پارتی سۆشیاڵیست.”

دادوەری بەڕێوەبەر بە بچڕاندنی قسەکانی گومانلێکراو هۆشداریی پێ دا کە لە بەکارهێنانی دەستەوشەگەلی زێدەڕۆیانە وەک «کەمتەرخەمی» خۆ بپارێزێ چونکە لە پێشڤەچوونی دۆسیەکەیدا هیچ یارمەتییەکی نادات.

ڕۆزا لۆکسمبێرگ دێژەی پێدا:

“پێم وایە پێویستە بە تایبەت سەرنج ڕاکێشمە سەر ـ دەکرێ بڵێم ـ ئەو خەیاڵئاسوودەییەی وا  داواکاری گشتیی بە دەستی دێنێت کەوا، بە جێی ڕاگەیاندنی بڕیاری پێچەوانە لە لایەن دادگای یاساوە، دەیەوێ ئێمە لە هەمبەر ئاژاوەکانی هامبورگ بە بەرپرس دانێ، ، چونکە ئەو کارە بەرامبەرە لەگەڵ خەیاڵئاسوودەییەک کە ئەو لەوبارەیەدا بە تاوانی بەئەنقەست‌هاندان بۆ بەکارهێنانی هێز لە رێگەی وتارەکەی یێنا[9]وە دەیخاتە ئەستۆی من.

داواکاری گشتیی پێی وایە تۆنی ورووژاوی دەنگم شیاوی سزای مەرگە. بەڵام بێگومان تۆنی دەنگ زیاتر لە هەموو شتێک بابەتێکی سەر بە خووخدەی تاکەکەسییە. بۆچی پێتان وایە ناکرێ کەسێک زۆر بە ورووژاوییەوە قسە بکات و هاوکات بۆچوونێکی زۆر زانستیی ببێت بەڵام لە لایەکیترەوە یەکێک زۆر بە هێوری بدوێت و بۆچوونێکی یەکجار بێبەزەییانە، نازانستی و مەترسیداری ببێ؟ تا ئەو جێیەی سەبارەت بە بۆچوونی من سەبارەت بە پرسی مانگرتنی گشتیشە، بە بڕوای من نە هیچ شۆڕشێک و نە مانگرتنێکی گەورەی گشتیی جیددی، ناکرێ بە دەستێوەردان [بەئەنقەست] سازکرێ یان هان درێ.

مانگرتنی گشتیی

“هەر وەک داواکاری گشتیی ئاماژەی بە وتارەکەی من لە مانهایم[10] کرد دەکرێ بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکەشم بێت ڕێگەی ئەوەم پێ بدرێ چەند بڕگەیەک لە وتاری مانگرتنی گشتیی بگێڕمەوە؛ واتا هەر ئەو وتارەی کە بە مەبەستی کۆنگرەی ئەمساڵی پارتەکە لە مانهایم نووسیبووم. لەو وتارەدا بۆ نموونە لە لاپەڕەی ۳۳دا وتوومە:

“کۆی ئەو شتانەی وا لە پێشدا باسم کردووە بەسە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بێت بۆ ئەو پرسەی وا ئێستا سەبارەت بە ڕێبەرایەتیی و دسپێکی مانگرتنی گشتیی هاتووەتە گۆڕ. ئەگەر مانگرتنی گشتیی بە مانای تەنیا یەک کردەی تایبەت نەبێ کە تەواوی سەردەمی کێشەی چینایەتیی دەگرێتە خۆ و ئەگەر ئەو سەردەمە ڕێک بەرامبەر بێت لەگەڵ شۆڕش، دەبێ ڕوون بێ کە مانگرتنی گشتیی بە ئارەزووی کەس نایەتەدی، تەنانەت ئەگەر ئەو بڕیارە لە هێزی یەکدەنگی بە هێزترین پارتی سۆشیاڵیستیشەوە سەرچاوەی گرتبێت. چونکە پارتی سۆشیاڵیست لە وەگەڕخستن و سەرکوتکردنی شۆڕشەکان بە خواست و ئارەزووی خۆی هیچ هێزێکی نییە، زۆرترین تین‌وگوڕ و ئەوپەڕی تووڕەیی پارتی سۆشیاڵیستیش ناتوانێ دەورەیەکی ڕاستەقینەی مانگرتنیش داگیرسێنێ جا چ بگا بەوەی ئاگری بزووتنەوەیەکی بەهێز و زیندوو لە جەماوەردا هەڵکا.”

“لە لاپەڕەی ۵۰ ی وتارەکەشدا ئەو وتانە دەبیننەوە:

“لە کاتێکدا کە لە لایێکەوە زەحمەتە بکرێ بە دڵنیاییەوە پێشبینیی کەی قەدەغەکردنی مافی دەنگدانی مرۆڤ لە ئەڵمانیادا هەر لە ڕێوە دۆخی مانگرتنی گشتیی لێبکەوێتەوە یان نا لە لایەکیترەوە هیچ گومانێک نییە دوای چوونە ناو دەورەیەکی تۆفانیی کردەی جەماوەری، لێرە لە ئەڵمانیا پارتی سۆشیاڵیست ڕەنگە نەتوانێ تاکتیکەکانی تەنیا لە حاڵەتی بەرگریی پەڕلەمانیدا چکۆڵە کاتەوە. دیاریکردنی پێشوەختی هۆکار و کاتی سەرهەڵدانی مانگرتنی گشتیی لە ئەڵمانیادا لە دەسەڵاتی پارتی سۆشیاڵیستدا نییە، چونکە سازکردنی [بە ئەنقەستی] هەلومەرجێکی مێژوویی لە ڕێی دەرکردنی بڕیارنامەی پارتەوە، بە دەستی ئەوان نییە. بەڵام ئەوەی ئەو پارتە دەبێ و دەکرێ بیکات، دیاریکردنی حەز و ویستی سیاسیی ئەو خەباتانە لە کاتی ڕوودانیاندا و فۆرمۆلەکردنی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ بەدواداچوونە. ڕووداوە مێژووییەکان بە پلاندارشتنی پێشوەخت کۆنتڕۆڵ ناکرێن بەڵکوو بە تێگەیشتن لە ئاکامە شیاو و پێوانەهەڵگرەکانیان بە شێوەی پێشوەخت و کارکردن بە پێی ئەوانەوە دەکرێ.

“ئەوە بۆچوونی منە سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی و لەوەوە دەتوانن جوان تێبگەن کە ئەو بۆچوونە لە گەڵ بۆچوونی داواکاری گشتیی بە تەواوی لێک دوور و جیاوازن.”

وانەکانی شۆڕشی ڕووسیا “١٩٠٥”

“دەوترێ خراپترین بەشی تاوانی من ئەوەیە کە لە وتارەکەمدا زۆر جار ئاماژەم بە شۆڕشی ڕووسیا کردووە. بەڵام لە ڕاستیدا شۆڕشی ڕووسیا یەکەم ئەزموونی گەورەی مێژوییە کە بە بەکارهێنانی چەکی مانگرتنی گشتیی دەستەبەر کرا و هەر خوێندکارێکی لێهاتووی کۆمەڵ، تەنانەت ئەگەر خۆشی لە چینی بۆرژواش بێت، بۆ مەبەستی وەدەسهێنانی زانستی کردەیی، دەبێ ئاوڕ لە شۆڕشی ڕووسیا بداتەوە.”

“خاڵێک کە پێشتریش باسی کرا، پێکهاتەی ئەو کەسانەیە کە وا دیارە تاوانی من هاندانی ئەوانە بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی. هۆکاری ئەوەی بۆچی نەک لە کۆبوونەوەیەکی گشتیی، بەڵکوو لە کۆبوونەوەی پارتی سۆشیاڵیستدا قسەم کردووە، ئەوەیە کە قسەم بۆ کۆمەڵێک لە پیاوان دەکرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەکی گوڵبژێرکراو لە کرێکارانی ڕووناکبیری ئەڵمانیا. بۆیە پێم وایە بەڕاستی بەکەمدانانێکی زۆری پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی سیاسیی بانگەشەکارانی سۆشیاڵیستە کە بڕواتان وابێ بە خوێندنەوەی وتارێکی بە تین، ئاوا بە هاسانی دەکرێ خەڵک بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکیی هانبدرێن. بوختانێکی ئاوا، بەرامبەرە لە گەڵ بە ئەنقەست‌بەکەمدانانی یەکجار زۆری ڕووناکبیریی و کارتێکردنی ئەو لەسەر بردنەسەری ئاستی ئەندێشە، [یانی ئەو شتەی وا] بانگەشەکاریی سۆشیاڵیست بۆ ماوەی چل ساڵە لە ڕیزی چینی کرێکاری ئەڵمانیادا دروستی کردووە. من بە ڕاشکاوی دەڵێم دەکرا و دەبوو هەر ئەو جۆرە وتانە تەنانەت لە کۆبوونەوەیەکی گشتیشدا باس کەم، بێ ئەوەی مەبەستی تەنانەت دووریشم ئەوە بێت کە وتەکانم هۆکار بێ بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی لە مێشکی کرێکاراندا. بۆچی چینی پڕۆلتاریای ئەڵمانیا لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەو جۆرەی شیاوە نەیسەلماندووە کە چەندە لە لێهاتوویی سیاسیی خۆیدا پێگەیشتووە و چەندە دەتوانێ ورووژانی خۆی لە هەمبەر چکۆڵەترین هاندەرەکانیش بۆ ئاڵۆزی و بشێویی مەهار بکات. ئەوەی وا هەموو ڕۆژێ کرێکاران هان‌دەدا بۆ ئاڵۆزی، تەنیا وتەکان نییە، بەڵکوو کارەکانە.

ڕێکخەرانی ڕاستەقینەی ئاژاوە

“بە ڕاستی ئێوە پێتان وایە جەماوەری خەڵک تەنیا بە چەند وشە سەبارەت بە شۆڕش، هانبدرێن بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکیی دژی چینی دەسەڵاتدار، لە حاڵێکدا وایدادەنێن هەر ئەو جەماوەرە لە هەموو ئەو کاتانەدا کە چینی سەرمایەدار خەریک بوون یاسای دژەسۆشیاڵیستیی خۆیان جێبەجێ دەکرد، سزای گرتن و بێگارییان دژی ئازادی باس و هەواڵدا بەڕێوە دەبرد، یاسایان بۆ زێدەکردنی برسێتیی چینی کرێکار دەردەکرد و دواتر و گرنگتر لە هەموویان، پڕۆژەیاسایان بۆ تێکشکاندنی ڕێکخراوەی ئابووری کرێکاران دەنووسی، زۆر هێور و ئارام، پیاوانە ددانیان بەسەر جەرگیاندا دەگرت؟ زۆرم پێ سەیرە داواکاری گشتییان نەهێناوە، لە جێی سزادانی من، سازدەرانی ئەو یاسا و پڕۆژەیاسایانە ناوببا، چونکە هەر ئەو کارانە وێدەچێ بە شێوەیەکی بەربڵاو جەماوەری بێ‌ماڵ و حاڵ بهارووژێنێ و بێگومان بیانگەیێنێتە ئاستی بەکارهێنانی هێزی فیزیکیی، نەک ڕوونکردنەوە و بردنەسەری کارتێکەری سۆشیالیزم.

داواکاری گشتیی وایدەزانی من بە تەواوی حاشا لە تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانەی وتارەکەی یێنام دەکەم. ئەو بۆچوونە هەڵەیەکی گەورەیە. من بە شێوازێکی شۆڕشگێڕانە قسەم کردووە و هەمیشە هەر واش دەدوێم چونکە دەزانم هەر هەمووی بانگەشەکاریی سۆشیالیزم، شۆڕشگێڕانەیە؛ بەڵام نەک بەو مانا تایبەتەی داواکاری گشتیی تێیگەیشتووە و پێی وایە ئاڵۆزیی شەقامەکانی هامبورگ، بە هۆی کارتێکەریی شۆڕشگێڕیی هارووژێنەری سۆشیاڵیستەکانە؛ بەڵکوو مانای مەبەستی ئێمە شۆڕشێکە کە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئێستا ئاوەژوو کاتەوە و تەنانەت حاشاشی لێناکەم کە لەو پڕۆسەیەدا ڕەنگە هێزی فیزیکیش زۆر پێویست بێت.

ئەنگڵس سەبارەت بە بۆرژوایی

“بەڵام من و پارتەکەم هاوڕاین لەسەر ئەو ڕوانگەیەی کە سەرچاوەی بەکارهێنانی هێزی فیزیکیی هەمیشە لە چینی دەسەڵاتدارەوەیە؛ ڕوانگەیەک کە لە لایەن مامۆستای گەورەمان فرێدریک ئەنگڵسەوە شارەزایانە ڕوونکراوەتەوە و لە ساڵی ۱۸۹۲ له ستوونەکانی کاتی نوێ[11]دا ئاوای نووسیوە:

ئێستا کە یاسای جیاوازی سۆشیاڵیست لاچووە و یاسای گشتیی بۆ هەموان ـ تەنانەت بۆ سۆشیاڵیستەکانیش! ـ بەڕێوەدەچێ، بۆرژوای هەمیشە پێشنیار دەکات کە لە هەموو هەلومەرجێکدا لە بەکارهێنانی ڕەوشتگەلی شۆڕشگێڕانە خۆ بپارێزین و لە ناو چوارچێوەی یاسادا بمێنینەوە. بەداخەوەین کە ناتوانین پیاوماقووڵانی بۆرژوایی بە زۆر لەوە تێبگەیێنین و زووزوو وەبیریان بێنینەوە وا ئێستا ئەوە ئێمە نین کە «خاڵەکانی یاسا» پێشێل‌دەکەین. نا، بە پێچەوانە، ئێوەی بوورژوان کە زۆر کارامەیانە خەریکن بانگەشەمان بۆ دەکەن و ئێمە دەبێ گەوج بین ئاوا خۆ لە کارتان وەردەین لە کاتێکدا کە ئێوە زۆر جوان خەریکن بەرەو پێش دەچن. لێرەدا بە ڕوونی دیارە وڵامێکی باش هەیە بۆ ئەو پرسیارە وا ئایا بەڕاستی هەر بۆرژواکان و دەوڵەتەکەیان نین کە خەریکن یاسا و مافەکان تێکدەشکێنن بۆ ئەوەی بە هێزی فیزیکیی لەناومان‌ببەن. ئێمە ئێستا چاوەڕێین. هەر ئێستا «بەئارامی گوللەی یەکەم بهاوێن پیاوماقووڵانی بوورژوا!» ئەوان بۆ تەقاندنەوی یەکەم گوللە هیچ شکێکیان نابێت. لە بەرەبەیانییەکی ئارامدا بوورژواکانی ئەڵمانیایی و دەوڵەتەکەیان لە تەمەشاکردنی دەستەوستانانەی ڕووباری پەرەگری سۆشیالیزم ماندوو دەبن و دەستەوداوێنی یاساشکێنیی و هێزی فیزیکیی دەبن. جا ئەو دەم ئەو کارە چی پێدەکرێت؟ هێزی فیزیکیی ڕەنگە بەشێکی کەمی خەڵک لە ناوچەیەکی چکۆڵەدا سەرکوت کات بەڵام ئەو هێزەی کە بتوانێ پارتێکی دوو تا سێ میلیۆن کەسی کە لە هەموو ئەو وڵاتە پان و بەرینەدا بڵاوبووەتەوە، لە ناو ببا، ئێستا دەبێ خۆی ئاشکرا کات. دژایەتی‌کردنی شۆڕش بە سەرکوتکردنی کاتی کرێکاران، ڕەنگە بتوانێ سەرکەوتنی سۆشیالیزم بۆ چەند ساڵێک وە درەنگ خات بەڵام لە ئاکامدا شۆڕش زۆر تەواوتر و بەدڵنیاییەوە سەردەکەوێت.”

“ئەوە بۆچوونی ئێمەیە. و ئێستا لە ئەنجامدا دەمەوێ من بە تاوانبار نەناسن؛ نەک بە هۆی ئەوەی لە بەندکران بترسێم، کە ڕەنگە هەر تووشیشم کەن. [بەڵام] ئەگەر پرسەکە ملکەچبوون بۆ سزایەکە کە لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ ئێمە دەردەکرێ، هەموو سۆشیاڵیستێک بێ هیچ دەربەستییەک تەسلیمی دەبێت. بەڵام داواتان لێدەکەم تاوانبارم نەناسن چونکە بە تاوانبارناسینم ناعەداڵەتییە و دەبێتە هۆی تووڕەبوونی زیاتری بازنەی سۆشیاڵیستەکان.”

دوای سەعاتێک دانوستان ڕۆزا تاوانبار ناسرا و سزای دوو مانگ زیندانی بۆ بڕاوە.

ئافەرین «ڕۆزی سوور»[12]؛ تۆ زۆر بە جوانی هەستوخواستی کرێکارانی بەئاگا لە جیاوازی چینایەتیی کۆمەڵگا دەربڕی.

پەرراوێزەکان:

[1] Riot and Revolution

[2] Criminal Court of Weimar

[3] Bebel

[4] Evolution

[5] Revolution

[6] Heine

[7] Kurt Rosenfeld

[8] The Standard

[9] Jena   شارێکە لە ئەڵمانیا

[10] Mannheim

[11] Neue Zeit

[12]  Red Rosa