Home / بابه‌ته‌كان / مافی دەنگدانی ژنان و خەباتی چینایەتی

مافی دەنگدانی ژنان و خەباتی چینایەتی

ڕۆزا لۆکسمبێرگ

                                                                                                                      

مافی دەنگدانی ژنان و خەباتی چینایەتی
١٩١٢            

                                                                          

ئێما ئیرەر Emma Ihrer یەکێک لە دمەزرێنەرانی بزووتنەوەی پرۆلیتاریای ژنانی ئەڵمانیا بەم پرسیارانە وتارەکەی ساڵی ١٨٩٨ی بەناونیشانی ژنانی کرێکار لە خەباتی چینایەتی دەست پێدەکات ”بۆچی هیچ ڕێکخراوێک بۆ ژنانی کرێکار لە ئەڵمانیادا نییە؟ بۆچی ئێمە زۆر کەم لەبارەی بزووتنەوەی ژنانی کرێکار دەبیستین؟”. چواردە ساڵ بەسەر ئەو وتارەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام فراوانبوونێکی گەورەی بزووتنەوەی ژنانی کرێکار دەبینرێت. زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار ژن لەنێو یەکێتییەکاندا خۆیان ڕێکخستووە و ئەوان چالاکترین توێژی ناو خەباتی ئابووریی پرۆلیتاریان. چەند هەزار ژنیش بەشێوەیەکی سیاسی لە دەوری سۆسیال دیمۆکرات کۆبوونەتەوە و خۆیان ڕێکخستووە: ڕۆژنامەی سۆسیال دیمۆکراتی ژنان [کە سەرنووسەرەکەی کلارا زێتکین بوو] زیاتر لە سەد هەزار ئابوونە ئیشتراک ـی هەبوو؛ مافی دەنگدانی ژنان یەکێک لە کێشە جەوهەرییەکان بوو لەنێو پلاتفۆڕمی سۆسیال دیمۆکراتیدا.

ڕەنگە ئەو فاکتانە وەها لە تۆ بکەن کە گرنگی شەڕکردن بۆ مافی دەنگدانی ژنان کەم بنرخێنی. ڕەنگە تۆ بیربکەیەوە: تەنانەت بەبێ مافی سیاسی یەکسان بۆ ژنان ئێمە پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە لە پەروەردەکردن و ڕێکخستنی ژناندا. بۆیە مافی دەنگدانی ژنان پێویستییەکی هەنووکەیی نییە. ئەگەر تۆ وەها بیر بکەیەوە، تۆ فریودراویت. هۆشیارکردنەوەی سیاسی و سەندیکایی ئاپۆرەی ژنانی پرۆلیتاریا لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابوردوودا زۆر باش بووە. بەڵام ئەمە تەنیا بەهۆی ئەوەوە بەدیهاتووە کە ژنانی کرێکار بەشدارییەکی کارایان لە بەرژەوەندی سیاسی و خەباتی پەرلەمانی چینەکەی خۆیاندا هەبووە هەرچەندە مافەکانیشیان پێشێلکراون. تاکو ئێستا، ژنانی پرۆلیتاریا بەڕێی مافی دەنگدانی پیاوانەوە بەردەوام بووە، کە ئەوان لە ڕاستیدا بەشدارییان تێدا کردووە، هەرچەندە تەنیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووە. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوانی چینی کرێکار پێشوەختە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنیان بە دۆزێکی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا داناوە. لە هەموو کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سۆسیال دیموکرات، ژنان بەشێکی گەورەیان پێکهێناوە یان هەندێ جار زۆرینەیان پێکهێناوە. ژنان هەمیشە حەزیان لێی بووە و بەپەرۆشییەوە بەشدارییان تێدا کردووە. لە هەر ناوچەیەک ڕێکخراوی دامەزراوی سۆسیال دیموکراتی هەبووبێت، ژنان پشتیوانی کەمپەینەکەیان کردووە. هەروەها ئەوە ژنان بوونە کە ئیشی بێبەهای وەک دابەشکردنی نامیلکە و پۆستەریان کردووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنگر بۆ ڕاگەیاندنی سۆسیال دیموکرات، کە ئەمە گرنگترین چەکە لە کەمپەینەکەدا.

دەوڵەتی سەرمایەدار نەیتوانیوە ژنان لە بەشداریکردن لەو ئەرک و خەباتانەی ژیانی سیاسی بوەستێنێت. هەنگاو بە هەنگاو، لە ڕاستیدا دەوڵەت ناچاربووە گەرەنتییان بکات و لە ڕێگەی مۆڵەتپێدانیانەوە مافی یەکێتی و ئەنجوومەنەکانیان مسۆگەر بکات. تەنیا دوا مافی سیاسی: مافی دەنگدانی ژنان ڕەتکراوەتەوە، کە ڕاستەوخۆ بڕیاربدەن لەسەر نوێنەری خەڵک لەناو پەرلەمان و حکومەتدا، هەروەها ببەن بە ئەندام لەم شوێنانە. بەڵام لێرەدا، وەک هەموو ڕووبەرەکانی دیکەی کۆمەڵگە، دروشمەکە ئەوەیە: ”ڕێگە مەدە هەنگاوی یەکەم بنرێت!” بەڵام شتەکان دەستپێدەکەن و یەکەم هەنگاو دەنرێت. حکومەتی ئێستا ڕازی بوو کە ژنانی پرۆلیتاریا ئەنجومەنی گشتی و کۆمەڵە و ڕێکخراوی سیاسی پێکبهێنن. دەوڵەت ئەمەوە ئارەزوومەندانە نەکردووە، بەڵکو وەک پێویستی و لەژێر فشاری سەرهەڵدانی چینی کرێکاردا ئەمەی کردووە.

ئەمە کەم نییە بەرەوپێشچوونی ژنانی پرۆلیتاریا خۆیان فشاریان خستۆتە سەر دەوڵەتی پۆلیسی پرۆسۆ-ئەڵمانی کە واز لە ”کەرتی ژنان”[1]ی بەناوبانگ بهێنی لە کۆبوونەوە و ناڕەزاییەکانیان بۆ کۆمەڵە سیاسییەکان و کردنەوەی دەرگا بەڕووی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ژنان. لە ڕاستیدا ئەمە بوو بە دەستپێکێکی باش. گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی بەردەوامی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا وەهای کرد کە ژنانی کرێکار بەخێرایی بێنە ناو ژیانی سیاسییەوە. لە ڕێگەی بەکارهێنانی مافی یەکێتی و ئەنجوومەنەکان، ژنانی کرێکار بەشدارییەکی کارایان لە ژیانی پەرلەمانی و کەمپەینەکانی هەڵبژاردندا کرد. ئەمە دەرەنجامێکی حەتمی بوو و تاکە ئەنجامی لۆژیکی بزووتنەوەکە بوو کە ئەمڕۆ ملیۆنان ژنی پرۆلیتاریا بەتەواوی و بەباوەڕ بەخۆبوونەوە بانگەواز بکەن و بڵێن: لێگەڕێن با ئێمەش مافی دەنگدانمان هەبێت!  

ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە سەردەمی جوانی ئەبسلوتیزمی پێش ١٨٤٨، دەوترا سەرجەم چینی کرێکار هێشتا ”تەواو پێنەگەیشتووە” بۆ ئەوەی ئەزموونی مافە سیاسییەکان بکات. ناتوانرێ ئەوە لەبارەی ژنانی پرۆلیتاریای ئەمڕۆ بوترێ، چونکە ئەوان پێگەیشتنی سیاسی خۆیان ئاشکرا کردووە. هەموو کەسێک دەزانێ کە بەبێ ئەوان، بەبێ پشتیوانی بەپەرۆشانەی ژنانی پرۆلیتاریا، حیزبی سۆسیال دیموکرات نەیدەتوانی سەرکەوتنە گەورەکەی ١٢ ژانوییەری ١٩١٢ بەدەستبهێنێت و نەیدەتوانی چوار ملیۆن و چارەگێک دەنگ بەدەستبهێنێت. بەڕوونی، چینی کرێکار هەمیشە پێویست بووە پێگەیشتوویی خۆی بۆ ئازادی سیاسی بسەلمێنێت لە ڕێگەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی سەرکوتووی جەماوەرەوە. تەنیا کاتێک مافی ئاسمانی پاشا و باشترین و بەڕێزترین پیاوانی نەتەوە بەڕاستی هەستیان بە مستی دەستی زبری پرۆلیتاریا کردووە لەسەر چاویان و چۆکی پڕۆلیتاریا لەسەر سنگیان کردووە، تەنیا ئەوکاتە هەستیان بە باوەڕبەخۆبوون لەناو ”پێگەیشتوویی” سیاسی خەڵک کردووە و بە خێرایی ڕووناکی هەستیان پێکردووە. ئەمڕۆ، نۆرەی ژنانی پڕۆلیتاریایە کە دەوڵەتی سەرمایەدار لە پێگەیشتوویی خۆیان بەئاگا بهێننەوە. ئەمە لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەهێز و بەردەوامەوە کراوە، کە دەبوایە هەموو ئامرازەکانی خەبات و فشاری پڕۆلیتاری بەکاربهێنن.

مافی دەنگدانی ژنان ئامانجە. بەڵام بەهێزکردنی بزووتنەوەی جەماوەری تەنیا ئیشی ژنان نییە، بەڵکو خەباتێکی هاوبەشی چینایەتییە بۆ ژنان و پیاوانی پڕۆلیتاریا. نەبوونی مافی ژنان لە ئێستای ئەڵمانیادا تەنیا یەک ئەڵقەیە لە زنجیرەی کاردانەوەکان کە ژیانی خەڵکی کۆتوبەند کردووە. هەروەها لە نزیکەوە پەیوەستە بە جەمسەرەکانی تری کاردانەوەکە: پاشایەتی (مۆنارکی).

لە ئەڵمانیای سەدەی بیستی سەرمایەداریی پێشکەوتوو و بەپیشەسازیکراودا، لە سەردەمی کارەبا و فڕۆکەخانەکاندا، نەبوونی مافە سیاسییەکانی ژنان زیاتر کاردانەوەیەکی بچووکی ”ڕابوردووی مردووە وەک سەردەمی مافی ئاسمانی پاشا”. هەردوو دیاردەکە –ئامرازی بەهەشت وەک دەسەڵاتی سیاسی سەرەکی و ژنی شەرمن لە پەنا ئاگردانەکە، لەگەڵ باهۆزەکانی ژیانی گشتی، لەگەڵ سیاسەت و خەباتی چینایەتی بە گرنگ نەدەزانران- هەردوو دیاردەکە ڕەگوڕیشەیان لەناو دۆخە خراپەکانی ڕابوردوودا هەیە، لە سەردەمی ڕەنجدەری لە گوند و بازرگانەکان لە شار. لەو سەردەمانەدا، ئەوانە پێویست و ڕەوایەتی پێدراو بوون. بەڵام هەردوو پاشایەتی و نەبوونی مافی ژنان لە ڕەگەوە هەڵکێشران لە ڕێگەی گەشەکردنی سەرمایەداریی مۆدێرنەوە، بووە بە کاریکاتێرێکی پێکەنیناوی. ئەوان هەبوونیان لەناو کۆمەڵگەی مۆدێرنماندا بەردەوامە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی خەڵک بیریان چۆتەوە کۆتاییان پێبهێنن، نە تەنیا لەبەر دۆخە بەردەوام و سستەکانیش. نەخێر، ئەوان هێشتاش بوونیان هەیە، چونکە بە هەمان شێوە پاشایەتی و ژنان بەبێ ماف دەبن بە ئامرازێکی بەهێزی بەرژەوەندییە زیانبەخشەکانی خەڵک. خراپترین و دڕندەترین پشتیوانی بۆ چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی پڕۆلیتاریا لە پشتی تەختی پاشایەتی و کڵێساوە ڕەگوڕیشەی داکوتاوە هەروەک چۆن لە پشتی سیاسەتی بەکۆیلەکردنی ژنانیشەوەیە. پاشایەتی و بێمافیی ژنان بوون بە گرنگترین ئامرازی دەستی چینی سەرمایەداری فەرمانڕەوا.   لە ڕاستیدا، وڵاتەکەمان بەرژەوەندی لەوەدایە مافی دەنگدان تەنیا بە ژنانی کرێکار نەدات. چونکە دەترسێت ئەوان ببنە هەڕەشە لەسەر دامەزراوە نەریتییەکانی حکومڕانی چینایەتی، بۆ نموونە سەربازی کە بیرناکاتەوە ژنانی کرێکار دەکرێ یارمەتی بوون بە دوژمنێکی مردوو بدەن و پاشایەتی، دزییەکی سیستەماتیکی ئەرکەکان و باجەکان لەسەر سەوزەفرۆشەکان، هتد.

مافی دەنگدانی ژنان ترسناک و کیناوییە بۆ دەوڵەتی ئێستای سەرمایەداری چونکە ملیۆنان ژن لە پشتییەوە وەستاون کە دەتوانن دوژمن لە ناوەوە بەهێز بکەن: سۆشیال دیموکراسیی شۆڕشگێڕانە. ئەگەر کێشەکە دەنگدانی ژنانی بۆرژوازی بێت، دەوڵەتی سەرمایەداری چاوەڕێی هیچی تر ناکات جگە لە یارمەتییەکی کاریگەر بۆ کاردانەوەکە. زۆرینەی ئەو ژنە بۆرژوایانەی کە وەکو شێر کردار دەنوێن لە خەبات دژ بەو ”مافانەی [تەنیا بۆ] پیاوانن” ڕەنگە وەک بووکەڵە ڕا بکەن لەناو کامپی  کۆنزەرڤەتیڤ و کاردانەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئەگەر ژنان مافی دەنگدانیان هەبێت. لە ڕاستیدا، ئەوان ڕەنگە بەدڵنیاییەوە ببنە هۆی کاردانەوەیەکی باشتر لە پیاوەکانی چینەکەی خۆیان. جگەلە کەمێک لەو ژنانەی ئیشیان هەبوو یان پیشەمەند بوون، ژنانی بۆرژوا بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا نەدەکرد. ئەوان هیچی تر نەبوون، جگەلە هاو-بەکارهێنەرانی زێدە بەها کە پیاوەکانیان لە پرۆلیتاریایان دەستاند. ئەوان مشەخۆریی مشەخۆری جەستەی کۆمەڵگە بوون. بۆیە بەکارهێنەران بەگشتی زۆر ستەمکارتر و توندڕەوتر بوون لە بەرگریکردن لە مافەکانیان لەسەر ژیانی مشەخۆری زیاتر لە بکەرانی ڕاستەوخۆی چەوساندنەوە و حکومکردنی چینایەتی. مێژووی هەموو خەباتە شۆڕشگێڕییە گەورەکان ئەوە دەسەلمێنن بە ڕێگەیەکی ترسناک. بۆ نموونە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا. دوای شکستی جاکۆبینیەکان Jacobins، کاتێک ڕۆبسپێر بە زنجیر بەسترا بووە و دەهێنرا بۆ شوێنی سەرپەڕاندن. سۆزانییە ڕووتە سەرکەوتووە-سەرخۆشە بۆرژواکان لە شەقامەکاندا سەمایان دەکرد، سەمایەکی بێشەرمانەی پڕ لە جۆش و خرۆشیان دەکرد لە دەوری پاڵەوانی کەوتووی شۆڕش. لە ساڵی ١٨٧١ لە پاریس، کاتێک کۆمۆنەی کرێکارانی پەڵەوانئاسا بە چەک شکستییان پێهێنرا، ژنە بۆرژوا بێئەقڵەکان زیاتر لە پیاوە دڕندەکانیان دژی پڕۆلیتاریا بوون و تۆڵەیان لە پڕۆلیتاریای چەوساوە دەکردەوە. ژنانی چینی خاوەن موڵک هەمیشە بەشێوەیەکی توندڕەوانە بەرگرییان لە چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی خەڵکی کرێکار کردووە کە بەم هۆیە ناڕاستەوخۆ ئامرازی هەبوونە کۆمەڵایەتییە بێکەڵکەکەیان دابین کردووە.

ژنانی چینە چەوساوەکان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەشێکی سەربەخۆ نەبوونە لە دانیشتوان. تاکە ئەرکی کۆمەڵایەتییان ئەوە بووە کە ببن بە ئامرازی سروشتی پڕوپاگەندەی چینە فەڕمانڕەواکان. بە پێچەوانەوە، ژنانی کرێکار لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بوونە. ئەوان بە هەمان شێوەی پیاوان بۆ کۆمەڵگە بەرهەمهێن بوونە. بۆ ئەمە مەبەستم بەخێوکردنی منداڵان یان ئیشی ناو ماڵ نییە کە یارمەتی پیاوان دەدەن لە بەدەستهێنانی بژێوی خێزانەکان. ئەم جۆرە کارە لە ڕوانگەی ئابووریی سەرمایەداری ئێستاوە بەرهەمدار نییە، گرنگ نییە کە دەستکەوتەکە چەند گەورەیە و چەند وزە خەرجکراوە و چەند قوربانی دراوە. ئەمە تەنیا کاروبارێکی تایبەتی کرێکارە، بەختەوەری و سەلامەتییەکەیەتی، لەبەر ئەم هۆیە لە کۆمەڵگەی ئێستاماندا بوونی نییە. هەتاکو سەرمایەداری و سیستەمی کرێ فەرمانڕەوا بێت، تەنیا ئەو جۆرە کارە وەک بەرهەمدار سەیر دەکرێت کە زێدە بەها بەرهەم بهێنێت، کە قازانجی سەرمایە دروست دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، سەماکارێکی هۆڵی موزیک کە قاچەکانی قازانج بۆ باخەڵی خاوەنکارەکەی دەهێنێت ئەوا ئەو کرێکارێکی بەرهەمدارە، لە کاتێکدا هەموو هەوڵ و ماندووبوونی ژنان پڕۆلیتاریا و دایکان لە چوار دیواری ماڵەکانیاندا وەک بێبەرهەم سەیر دەکرێت. ئەمە وەها دەردەکەوێت کە ستەمکارانە و شێتانەیە، بەڵام لەلایەن ستەمکارێتی و شێتایەتی ئابووریی سەرمایەداری ئێستاوە هاوڕێیەتی دەکرێت. بۆیە بینینی ئەو واقیعە ستەمکارانەیە بەڕوونی ئەرکی یەکەمینی ژنانی پڕۆلیتاریایە.

بۆیە، بەتەواوی لەم ڕوانگەیەوە، بانگەشەی ژنانی پڕۆلیتاریا بۆ مافی سیاسی یەکسان بە بناغەیەکی ئابوورییەوە بەستراوەتەوە. ئەمڕۆ، ملیۆنان ژنانی پڕۆلیتاریا وەک پیاوان لە کارگەکان، وەرشەکان، کێڵگەکان، لە پیشەسازی ماڵدا، لە فەرمانگە و کۆگەکاندا، قزانجی سەرمایەداری دروست دەکەن. بۆیە ئەوان بەرهەمدارن بە تێگەیشتنێکی توندی زانستی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆماندا.  هەموو ڕۆژێک زیاتر و زیاتر ژنان لەلایەن سەرمایەدارییەوە دەچەوسێنرێنەوە. هەموو پێشکەوتنێک لە پیشەسازی یان تەکنۆلۆژیادا شوێنی نوێ بۆ ژنان دەکاتەوە لەناو مەکینەی بەرهەمهێنانی قازانجی سەرمایەداریدا. بۆیە هەموو ڕۆژێک و هەموو هەنگاوێک لە پێشکەوتنی پیشەسازی بەردێک دەخاتە سەر بناغەی مافی سیاسی یەکسانی ژنان. پەروەردە و زیرەکی ژنان بووە بە شتێکی پێویست بۆ خودی میکانیزمی ئابووری. ژن لە ”بازنەی تەسکی خێزانی” پیاوسالاردا بە هەمان شێوەی سیاسەت کەمتر وەڵامی بۆ پێداویستییەکانی پیشەسازی و بازرگانی هەیە. ئەمە ڕاستە، دەوڵەتی سەرمایەدار ئەرکی خۆی فەرامۆش کردووە و تەنانەت لەم ڕووەشەوە. هەتاکو ئێستا یەکێتییەکان و ڕێکخراوە سۆسیال دیموکراتەکان زۆر شتیان کردووە بۆ بەئاگا هێنانەوەی هۆشەکان و هەستی مۆڕاڵی ژنان. تەنانەت دەیان ساڵ لەمەوبەر، سۆسیال دیموکراتەکان وەک زۆر بە توانا و زیرەک لەناو کرێکارانی ئەڵمانی ناسراون. بە هەمان شێوە، یەکێتییەکان و سۆسیال دیموکراتی ئەمڕۆ ژنانی پڕۆلیتاریایان لە هۆشداخراوی، هەبوونێکی بەرتەسکی ژیان و ئیشی ناوماڵ هێناوەتە دەرەوە. خەباتی پڕۆلیتاریا ئاسۆکانی ئەوانی فراوان کردووە، هۆشیانی کراوەتر کردووە، بیرکردنەوەیان گەشەی کردووە، ئامانجی گەورەی پیشان داون بۆ هەوڵدانەکانیان. سۆسیالیزم بووەتە هۆی ئەوەی ژنانی پڕۆلیتاریا لە ڕووی هۆشەکییەوە لەدایک ببنەوە بۆیە بەبێ گومان وەهای لە ژنان کردووە کە بتوانن ببن بە کرێکاری بەرهەمدار بۆ سەرمایەداری.

بەهەندوەرگرتنی هەموو ئەوانە، نەبوونی مافی سیاسی بۆ ژنانی پرۆلیتاریا نادادپەروەرییەکی خراپە. لە سەروو هەموو شتێکەوە، ئاپۆرەی ژنان بەشدارییەکی کارا لە ژیانی سیاسیدا دەکەن. هەرچەندە، سۆسیال دیموکراسی ئارگومێنتی ”ناداپەروەری” بەکارناهێنێت. ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە نێوان ئێمە و سۆسیالیزمی یۆتۆپی پێشووتر. ئێمە پابەند نین بە دادپەروەری چینی فەرمانڕەوا، بەڵکو تەنیا پابەندین بە هێزی شۆڕشگێڕیی ئاپۆرەی کرێکاران و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کە بناغەی ئەو هێزە دادەڕێژن و ئامادە دەکەن. بۆیە نادادپەروەری لە خۆیدا بەدڵنیاییەوە ئارگومێنتکردن نییە لەگەڵ فڕێدان و ڕووخاندنی دامەزراوە کاردانەوەییەکان. هەرچەندە ئەگەر هەستی نادادپەروەری لەناو بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەدا هەبێت فریدرێک ئەنگڵس هاو-دامەزرێنەری سۆسیالیزمی زانستی دەڵێ: ئەوە هەمیشە نیشانەی  ئەوەیە کە بناغە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە گۆڕانکاری بەرچاویان تێدا ڕوویداوە، کە دۆخی ئێستا لەگەڵ مارشی گەشەکردن ناکۆکە. بزووتنەوەی ستەمکارانەی ئێستای ملیۆنان ژنی پڕۆلیتاریا کە نەبوونی مافە سیاسییەکانیان وەک نیشانەیەکی ناهەڵە دەبینرێت، نیشانەیەک کە بناغە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی دەسەڵات هەرەس دەهێنێت و دوا ڕۆژەکانی خۆی دەژمێرێت.

سەد ساڵ لەمەوبەر، چارلس فۆریەری فەڕەنسی، یەکێک لە پەیامبەرە گەورەکانی ئایدیالەکانی سۆشیاڵیزم، ئەو وشە لە یادنەکراوانەی نووسیوە: لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، پلەی ئازادبوونی ژن پێوەرێکی سروشتییە بۆ ئازادی گشتی. ئەمە بەتەواوی بۆ کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە ڕاستە. خەباتی جەماوەری ئێستا بۆ مافە سیاسییەکانی ژنان تەنیا گۆزارشت و بەشێکە لە خەباتی گشتی پڕۆلیتاریا بۆ ئازادی. لەمەدا بەهێزی و داهاتووی خۆی هەڵگرتووە. چونکە مافی ژنانی کرێکار، گشتی، یەکسان و دەنگدانی ڕاستەوخۆی ژنان دەبێتەهۆی بەرەوپێشبردنی خەباتی چینی کرێکار بەشێوەیەکی بەرچاو. لەبەر ئەم هۆیەیە، کۆمەڵگەی بۆرژوازی ڕقی لە مافی دەنگدانی ژنانە و لێی دەترسێت. هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێت و بەدەستی دەهێنین. شەڕکردن بۆ مافی دەنگدانی ژنان، ئێمە دەبەستێتەوە بە سەعاتەکانی داهاتوو کاتێک کۆمەڵگەی ئێستا لەژێر چەکوشی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریادا دەڕووخێت.   

[1]  کەرتی ژنان لە ساڵی ١٩٠٢ لەلایەن ڤۆن هامێرستین وەزیری پروسیا دامەزرێنرا. بەگوێرەی ئەم یاسایە، بەشێکی تایبەت لە ژوورەکە بۆ ژنان دابینکراو بوو لەکاتی کۆبوونەوە سیاسییەکاندا.  

Women’s Suffrage and Class Struggle