Home / بابه‌ته‌كان / نامەی کارل مارکس بۆ پاڤێڵ ئانینکۆڤ

نامەی کارل مارکس بۆ پاڤێڵ ئانینکۆڤ

وەرگێڕانی: ناوەندی کۆمۆن

                                                                                         

PDF.Marx to Pavel V.Annenkov

بڕۆکسل ٢٨ـی دیسەمبەر ساڵی ١٨٤٦

ئازیزم ئانینکۆڤ

پێویست بوو وەڵامی ئەو نامەیەت بەدەست بگات، کە لە ١ـی نۆڤەمبەر ناردبووت، بەڵام ئەو کتێب فرۆشەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم تەنیا کتێبی فەلسەفەی هەژاری نووسینی پرۆدۆنی Proudhon بۆ ناردم. لە ماوەی دوو ڕۆژدا خوێندمەوە بۆ ئەوەی بتوانم ڕای خۆم سەبارەت بەو کتێبە بەخێرایی بە بەڕێزتان ڕابگەیەنم. بەهۆی خێراییکردن لە خوێندنەوەیدا ناتوانم بەشێوەیەکی ورد ڕاڤەی کتێبەکە بکەم، بەڵام دەتوانم ئەو بۆ چوونانەت پێڕابگەیەنم کە پێی گەیشتووم. ئەگەر بەڕێزتان مەبەستتانە ڕاڤەی وردەکارییەکانی بکەم، لە نامەیەکی دیکەدا دەتوانم ئەو کارە ئەنجام بدەم.

پێویستە دان بەوەدابنێم بەشێوەیەکی گشتی پەرتوکێکی خراپە، بەڵکو زۆریش خراپە. تۆ لە نامەکەتدا پێکەنینت دێت بە بایەخی فەلسەفەی ئەڵمانی کە پرۆدۆن لە کتێبێکیدا خستویەتییە ڕوو و وێنەی نییە. بەڵام لەو باوەڕەدای کە ژەهری فەلسەفی کاریگەری نابێت لەسەر توێژینەوەی ئابووری، هەروەها بەندەش هەڵەکانی توێژینەوە ئابوورییەکەی فەلسەفەی پرۆدۆن دووبارە دەکەمەوە. پرۆدۆن ڕەخنەیەکی بەتاڵمان دەربارەی ئابووریی سیاسی پێشکەش ناکات، چونکە خاوەنی تیۆرییەکی فەلسەفی بێنرخە لەبەرئەوەی شکست دەهێنیت لە تێگەیشتنی بۆ ڕێبازی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا، پرۆدۆن هەروەک خۆی و تەنانەت بە زنجیرەکانییەوە، ئەو وتەیەی لە فۆریێ وەرگرتووە.  بۆ پرۆدۆن دەربارەی خودا و هەقیقەتی ڕەها و هەقیقەتی مرۆڤایەتی نەک تاکە کەسی دەدوێت، هەرگیز هەڵە ناکات کە بەردەوام یەکسان بووە لەگەڵ خودی خۆیدا لە هەموو سەردەمەکاندا. بێگومان هەر مرۆڤێک پێویستی بە ویژدانێکی زیندووە بۆ ئەوەی لە ڕاستییەکان تێبگات. کەواتە بۆچی دەگەڕێتەوە بۆ تیۆرییە لاوازەکەی هیگڵ لەپێناو خستنە ڕووی بیرۆکەیەک دەربارەی خۆی کە بیرمەندێکی دلاوەرە؟

پرۆدۆن بەرەو کلیلی نهێنییەکانی دەچێت ئەو لە مێژوودا کۆمەڵێک گەشەی کۆمەڵایەتی دەبینێت، ئەوەی دۆزیوەتەوە کە پێشکەوتن لە مێژوودا بەدی دێت، لە کۆتاییدا ئەوە بەدەست دەهێنێت کە خەڵک وەک تاکە کەس نەیان دەزانی چی دەکەن، چونکە بە هەڵە لە بزاوتەکەیان تێگەیشتبوون. بەو واتایەی کە گەشەکردنی کۆمەڵایەتییان لە سەرەتادا بە جۆرێک دەردەکەوێت کە جیاواز و بێلایەنە لە گەشەکردنی تاکە کەسی. لە توانایدا نییە ئەو ڕاستییانە ڕاڤە بکات. بەم شێوەیەش سەپاندنێک بەرهەم دەهێنیت، کە ڕاستەقینەی ڕەها لەخۆدەگرێت و هەر ئەوەش خودی دەخاتە ڕوو، هیچ شتێک هێندەی بەرهەم هێنانی هۆکارە خەیاڵییەکان سانا نییە، واتا بەرهەمهێنانی ئەو دەستەواژانەی بێمانا و پوچن. بەڵام پرۆدۆن پەسەندی دەکات، ئەوە بەو واتایەیە سەبارەت بە گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی تێنەگەیشتووە، واتا پەسەندی کردووە وشە بریقەدارەکانی وەک ڕاستەقینەی ڕەها، خودا و هتد… بەکاربهێنێت و ئامادە نییە دان بەوەدا بنێت کە لە توانای دانییە لە گەشەی ئابووری تێبگات.

شێوازەکە هەر جۆرێک بێت کۆمەڵگە چییە؟ بەرهەمی کاری هاوشێوەی کۆمەڵانی خەڵکە. ئایا مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی شێوەیەکی دیاریکراو لە کۆمەڵگە بۆ خۆیان؟ گومانی تێدا نییە وێنای حاڵەتێکی تایبەتی گەشەی لە هێزی شاراوەی مرۆڤدا کردووە، کە دەبێتە شێوەیەکی تایبەت بۆ بازرگانی و بەکاربردن. وێناکردنی پلە تایبەتەکان بۆ گەشەکردنی بەرهەمهێنان و بازرگانی و بەکاربردن لە ئاکامدا شێوازێکی کۆمەڵایەتی هاوشێوە هاوکات ڕێکخراوێکی هاوشیوەی خێزان و سیستەمی چینایەتی بەدەست دەهێنێت، بە یەک وتە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوشێوە بەدەست دەهێنیت.

وێنای کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دیاریکراوی کردووە کە بارودۆخی سیاسی فەرمی بەدەست دەهێنیت، ئەو دەستەواژانەی دەربڕین لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. پرۆدۆن لەم بابەتە تێنەگەیشتووە، چونکە هەست دەکات کارێکی مەزن ئەنجام دەدات بە گۆڕینی دەوڵەت بۆ کۆمەڵگە. زۆر بێمانایە ئەگەر بڵێین خەڵک ئازاد نین لە هەڵبژاردنی هێزی بەرهەمهێنانیان، کە بنەمای سەرجەم مێژوویانە، چونکە هەر هێزێکی بەرهەم هێنان هێزی داواکراوە و دەرئەنجامی چالاکییەکی پێشووترە.

هێزە بەرهەمهێنەرەکان دەرئەنجامی چالاکی ڕاستی مرۆڤەکانە، بەڵام ئەم چالاکییە پەیوەندە بەو بارودۆخەی کە خەڵک خۆیانی تێدا دەدۆزنەوە و گرێدراون بەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی بەدەستیان هێناوە و بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی کە بوونی هەیە و ملکەچی دەبن، ئەویش بەرهەمی نەوەکانی پێشووە. بەهۆی ئەم ڕاستییە سانایە دەبینین کە هەر نەوەیەکی داهاتوو خۆی بە خاوەنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان دەبینێت، کە نەوەکانی پێشووتر بەدەستیان هێناوە و خزمەتێکیان پێگەیەنێت وەک کەرەستەی کار بۆ بەرهەمهێنانێکی نوێ. هەربۆیە پەیوەستبوونێک لە مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، کە شێوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەگرێت. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵانی خەڵک هیچ نییە جگە لە گەشەی تاک، پەیوەندییە ئابوورییەکانی خەڵک بنەمای سەرجەم پەیوەندییەکانیانە. ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەش شێوازە گرنگەکانن کە چالاکی تاک تیایدا بەدیدێت.

پرۆدۆن هزر و بابەتەکانی دیکەی تێکەڵکردووە، کۆمەڵانی خەڵک ئەوەی بەدەستیان هێناوە وەریناگرن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ڕادەستی ئەو شێوازە کۆمەڵایەتییە دەبن، کە هیزێکی بەرهەمهێنانی دیاریکراویان تێدا بەدەست هێنا. بەپێچەوانەوە بۆ ئەوەی بێبەش نەکرێن لەو ئەنجامەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها بۆ ئەوەی بەرهەمی شار بەفیڕۆ نەدەن ناچارن لەو ساتەوەی کە شێوەی بازرگانییەکەیان لەگەڵ هێزی بەرهەمهێنانیان یەکسان نابێت، سەرجەم شێوازە کۆمەڵایەتییەکانیان بگۆڕن.

من لێرەدا وشەی بازرگانی بە مانا فراوانەکەی بەکاردێنم، هەروەک ئەوەی لە زمانی ئەڵمانیدا وشەیەک بەکاردەهێنن. بۆ نموونە؛ تازیارییەکان و پێکهێنانی سەندیکا پیشەییەکان vordehr ئەو سیستەمە دامەزراوەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەبوون سەرجەمیان پەیوەندی کۆمەڵایەتی بوون و یەکسان بوون لەگەڵ هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا، هەر لەوێشەوە دامودەزگاکان بونیادنران. لە سیستەمی پاراستنی هاوکاری  سەندیکا پیشەییەکاندا سەرمایە کۆدەبووەوە و بازرگانی دەریایی گەشەی کرد و کۆلۆنیالەکان دامەزران. بەڵام بەروبوومی ئەو پیاوانە ڕووبەرووی کۆسپ و ئاستەنگ دەبووەوە، ئەگەر هەوڵیان بدایە دەست بگرن بەسەر یاخود دواخستنی ئەو شێوازانە بدەن، کە ئەو بەروبوومانەی تیادا هاتووەتە بەرهەم.

بەم شێوەیە دوو شۆڕش هەڵگیرسان، شۆڕشی ساڵی ١٦٤٠ و شۆڕشی ساڵی ١٦٨٨. دەبینین سەرجەم شێوازەکانی ئابووری کۆن و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی یەکسانی بوون و پەیوەندییە سیاسییەکان سەرجەمیان دەربڕینی فەرمی بوون بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کۆن، هەموو شێوازەکان لە ئینگلتەرا لەناوچوون. بەم جۆرە ئەو شێوازە ئابووریانەی مرۆڤەکان بەرهەمی دەهێنن و بەکرادەبرێت، لە سایەیدا گۆڕانکاری بەسەر دێت شێوازی گواستنەوە و مێژووین. بەدۆزینەوەی فاکتەری دیکەی بەرهەمهێنان خەڵک جۆری بەرهەمەکەیان دەگۆڕن و بەشێوە و جۆری ئەم بەرهەمە هەموو پەیوەندییە ئابورییەکانیان دەگۆڕێن، کە پەیوەندی تاکە کەسییە بۆ ئەم جۆرە تایبەتەی بەرهەمهێنان، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە پرۆدۆن لێی تێنەگەیشتووە و شرۆڤەی نەکردووە.

پرۆدۆن لە توانایدا نییە بەدواداچوون بۆ جوڵەی ڕاستەقینەی مێژوو بکات، خەیاڵ بەرهەم دەهێنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دیالێکتیکە. هەست ناکات کە پێویستە باس لە هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدە بکات، چونکە مێژووەکەی لە خەیاڵدا تەواوکاری بۆ کردووە و بەرزبوەتەوە بەسەر کات و بەتاڵیدا. بەکورتی ئەمە مێژوو نییە، بەڵکو ئەمە هیگڵی کۆنە و مێژووی نابووتکراو نییە. مێژووی مرۆڤ مێژووی پیرۆزە، مێژووی هزرەکان. لەم ڕوانینەوە مرۆڤ دەبێتە ئامرازێک کە بیرۆکەی ڕاستەقینەی هەتا هەتایی بەکار دەهێنێت، تا ئەوکاتەی خودی خۆی دەردەخات. بەو شێوەیە لە گەشەکردنەکان تێدەگەیت کە پرۆدۆن باسی دەکات، وەک ئەوەی کەشەکردنەکان کامڵ نابن ئەگەر لە ناواخنی هزرێکی ڕەهادا نەبن.

ئەگەر پەردە لەسەر ئەم خەسڵەتە سۆفییە لابدەیت ئەوا پرۆدۆن بەدی دەکەیت، کە خودی ئەو سیستەمە ئابوورییەی لە مێشکیدایە پێشکەشت دەکات. داوای هەوڵدانێکی زۆرت لێناکەم بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە سیستەمی مێشکێکی ئەنارشیزمە. پرۆدۆن لە کتێبەکەیدا بە ڕاڤەکردنی بەها دەستی پێکردووە، کە ئەوەش بابەتە بچووکەکەیەتی، لە ئەمڕۆدا دەربارەی ئەو بیرۆکەیە نادوێم. کۆمەڵەی گەشەکردنە ئابوورییەکان بۆ ڕاستەقینەی ڕەها بەدابەشکردنی کار دەست پێدەکات، دابەشکردنی کار سەبارەت بە پرۆدۆن بابەتێکی سانایە.

ئایا سیستەمی مەزهەبەکان دابەشکردنێکی تایبەت نەبوو بۆ کار؟ ئایا سیستەمی هاوکارییەکان دابەشکردنێکی دیکەی کار نەبوو؟ ئەی دابەشکردنی کار لە سیستەمی پیشەسازی کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە لە ئینگلتەرا دەستی پێکرد و لە کۆتایی سەدەی هەژدە کۆتایی پێهات، کە جیاوازییەکی گشتی هەیە لەگەڵ دابەشکردنی کار لە پیشەسازی نوێ و خودان بەرهەمی زەبەلاح؟

پرۆدۆن دوورە لە ڕەوا، بەڵکو کاتێک ئابووریناسە نابووتەکان هەوڵی دەرخستنی ئەو ڕەوایەتییە دەدەن، پرۆدۆن فەرامۆشی دەکات کە باس لە دابەشکردنی کاریش دەکات، هەست بەوە ناکات کە پێویستە ئاماژە بە بازاڕی جیهانی بکات. ئایا پێویست نییە دابەشکردنی کار لە سەدەکانی چواردە و پازدە، هێشتا داگیرکاری لە ئارادا نەبوو. سەبارەت بە پرۆدۆن ئەمەریکاش بوونی نەبوو، ئاسیای خۆرهەڵات بە هۆی قوستەنتینیەوە بوونی هەبوو. جیاوازبێت لەوەی لە سەدەی حەڤدە کە داگیرکاری بەرپا بوو؟ ئەمەش هەموو شتێک نییە ئایا سەرجەم ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی نەتەوەکان، هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەربڕین نییە لە داڕشتنی دەستەواژەیەکی تایبەت بۆ دابەشکردنی کار؟ پرۆدۆن شتێک دەربارەی پرسی کار تێگەیشتووە، تەنانەت ئاماژەی بە جیاوازی نێوان شار و گوند نەکردووە. بۆ نموونە ئەو پێناسەیەی کە لە ئەڵمانیادا لە سەدەی نۆ تاکو سەدەی دوازدە هەبوو. بەم جۆرە سەبارەت بە پرۆدۆن ئەو جیاوازییە یاسایەکی هەتاهەتاییە، هەرچەندە لە ئەسڵ و گەشەی ئەو پرسە تێنەگەیشتووە لە کتێبەکەیدا بە شێوەیەک لێی دەدوێت وەک ئەوەی بونیادنەری جۆرێکی تایبەت بێت لە بەرهەمهێنان و بەردەوام دەبێت تا کۆتایی کات.

هەموو ئەوانەی پرۆدۆن دەربارەی دابەشکردنی کار باسی دەکات، بریتییە لە کورتکراوەیەکی بێمانا و هیچ پەیوەندییەکی بە ئادەم سمیس و کەسانی دیکەوە نییە. گەشەی دووەم ئامێرە پەیوەندی نیوان دابەشکردنی کار و ئامێر سەبارەت بە پرۆدۆن پەیوەندییەکی سۆفیگەراییە، هەر جۆرێک لە شێوازەکانی دابەشکردنی کار بۆ بەرهەمهێنانی ئامرازی تایبەتی هەیە.

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە و ناوەڕاستی سەدەی هەژدە خەڵک هەموو کارەکانیان بەدەست ئەنجام نەداوە، چەندین ئامێری جۆراوجۆر لە ئارادابوون کە زۆر ئاڵۆزبوون، بەم شێوەیە زۆر بێمانایە بڵێین بیرۆکەی ئامێر دەرئەنجامی دابەشکردنی کارە. هەروەها دەتوانم تێبینی ئەوە بکەم وەک چۆن پرۆدۆن لە بنەڕەتی دروستبوونی ئامێر تێنەگەیشتووە، بە هەمان شێوە لە گەشەکردنیشی تێناگات. هەموو کەسێک دەتوانێت بڵێت تا ساڵی ١٨٢٥ ئەو ساڵەی کە ساڵی قەیرانە مەزنەکە بوو، داواکارییەکانی بەکاربردن زۆر زیادیان کردبوو بە جۆرێک کە لە ئاستی زیادکردنی بەرهەمهێنان خێراتر بوو. هەربۆیە گەشەکردنی ئامێرەکان گرنگ بوو، ئەمەش لە ئەنجامی پێداویستی بازاڕ. 

لە ساڵی ١٨٢٥ و ساڵانی دواتر ئەوە بەدی دەکرێت کە دۆزینەوە و کارپێکردنی ئامێر لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە بوو، کە لە نێوان کرێکاران و بەکاربەرانی ئامێرەکان ڕوویدا. بەڵام ئەم بابەتانە تەنها بۆ ئینگلتەرا بەڕاست هەژمار دەکرێت. ئەوەی پەیوەستە بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا تەنیا لەبەر ئەوە ئامێریان بەکارهێنا چونکە ململانێیەکی ئینگلیزی ڕووبەڕوویان ببوەوە لە بازاڕەکانی ناوخۆ و جیهانیدا.

 لە کۆتاییدا بەکارهێنانی ئامێر لە ئەمریکای باکور دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ لەگەڵ وڵاتانی تردا، هاوکات پەیوەندی بە کەمی ژمارەی کرێکار هەبوو واتا نەبوونی هاوڕێژەیی لە نێوان نیشتەجێبوانی ئەمریکای باکور و پێداویستییە ئابوورییەکانیان.

لەم ڕاستییانەوە دەتوانێت ئەوە بەدی بکەیت کە پرۆدۆن چ جۆرە حیکمەتێکی هێناوەتە کایەوە. کاتێک کە باسی سوڵتانی ململانێ دەکات و بە گەشەی سێیەم ناوزەدی دەکات. واتا بیرۆکەی ئامێری دژوار. زۆر بێمانایە ئەگەر ئامێر بکەین بە دیباجەیەکی ئابووری و هاوشانی دابەشکردنی کار و ململانێ و باڵانسی ئابووری و هتد…

بەکارهێنانی ئامێر دیباجەیەکی ئابووری زیاتر نییە لەوەی دۆنمێک کە بە گاسن دەکێڵرێت بکرێت بە دیباجەیەکی ئابووری. بەکارهێنانی ئامێر لە ئێستادا یەکێک لە پەیوەندەییەکانی ڕێبازی ئابووری ئێستا پێکدەهێنێت، بەڵام ئەو شێوازەی ئامێرەکەی پێ بەکاردەهێنرێت جیاوازییەکی تەواوی لەگەڵ خودی ئامێرەکەدا هەیە، بارووت هەروەک خۆی دەمێنێتەوە ئەگەر بەکارهێنرا بۆ بریندارکردنی مرۆڤێک یاخود بۆ تیمارکردنی زامەکانی مرۆڤە بریندارەکە بەکاربهێنرێت.

پرۆدۆن بەسەر خۆیدا سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر ڕێگە بدات بە ململانێ و قۆرخکردن و باج و باڵانسی بازرگانی و ڕەسیدی نەقدی و موڵکداری گەشە بکەن لە مێشکیدا بەو شێوازەی کە باسم کردووە. بەر لە دۆزینەوەی ئامێر و لە سەرەتای سەدەی هەژدە نزیکەی هەموو دەزگا بانکییەکان گەشەیان کرد و لە پەرەسەندندابوون. ڕەسیدی نەقدی گشتی شێوازێکی نوێ بوو بە مەبەستی زیادکردنی باج و تێرکردنی داواکارییە نوێیەکان کە بۆرژواکان لەکاتی وەرگرتنی دەسەڵات دەیان خوڵقاند. دوایین دیباجە بەشێوازی پرۆدۆن موڵکداری پێکی دەهێنێت، دابەشکردنی کار و سەرجەم دیباجەکانی پرۆدۆن لە جیهانی واقعیدا سەرجەمیان ئەوە پێکدەهێنن کە لە ئەمڕۆدا بە موڵکداری ناوزەد کراوە. موڵکداری بۆرژوا لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییانە هیچ پێک ناهێنێت جگە لە خەیاڵێکی مێتافیزیکی.

موڵکداری لە کاتە جیاوازەکاندا، موڵکداری دەرەبەگایەتی لە کۆمەڵێک پەیوەندی جیاواز گەشە دەکات و پرۆدۆن موڵکداری کردووە بە پەیوەندییەکی بێلایەن. لە هەڵە زیاتر ئەنجام دەدات بۆ سەلماندن، دیارە هەستی بەو ئاستە نەکردووە کە هەموو جۆرەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوا کۆ دەکاتەوە، هەروەها لە خەسڵەتی مێژوویی و گواستنەوەی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەکاتێکی دیاریکراودا پێنەگەیشتووە. پرۆدۆن وەک دەرئەنجامێکی مێژوویی تەماشای دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانمان ناکات، لە توانایدا نییە لە بنەمای سەرهەڵدان و گەشەکردنی تێبگات. بەڵکو لە توانایدایە ڕەخنەیەکی مەزهەبی لە دژی بەرهەمبهێنێ. پرۆدۆن ناچارە بە ئەفسانە خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی ڕاڤەی گەشە و تەواوکاری بکات.

بە تێڕوانینی ئەو دابەشکردنی کار و رسید نقدی و ئامێر و هتد… سەرجەمیان دۆزراونەتەوە بۆ خزمەتکردنی بیرۆکە جێگیرەکەی، واتا بیرۆکەی ئەو سەبارەت بە یەکسانی.

ڕاڤەکردنەکەی ساکار و سانایە، ئەم شتانەی لە بەرژەوەندی یەکسانی داهێنا، بەڵام بەداخەوە دژی وەستانەوە. ئەمەش هەموو وتە و گەنگەشەکانی پێکدەهێنێت، بە واتایەکی تر دەگاتە ئەنجامێکی خۆڕایی، ئەوکات بەوپێیەی تەواوکاری و گەشەکردنی ئاسایی دژوارن لەگەڵ ئەفسانەکەیدا لە هەر خاڵێک لە خاڵەکانیدا. دەرئەنجام دەگاتە ئەوەی کە دژوارییەک هەیە: ڕاستیت لێدەشارێتەوە دژواری تەنیا لە هزرە جێگیرەکەی و جوڵەی ڕاستەقینەدا هەیە. بەم شێوەیە پرۆدۆن زانیاری زۆری نییە دەربارەی مێژوو، هەستی نەکردووە کە خەڵک گەشە بە هێزی بەرهەمهێنانیان دەدەن، واتا بەو پێیەی ژیان بەسەر دەبەن کەسەکان پەیوەندی دیاریکراو لە نێوانیاندا گەشە دەکات و پێویستە سروشتی ئەو پەیوەندییانەش گۆڕانکاری بەسەردا بێت، لەگەڵ گۆڕین و گەشەی هێزی بەرهەمهێنان. هەستی نەکردووە کە بۆردە ئابوورییەکان تەنیا زاراوەن بۆ ئەم پەیوەندییانە و وەک ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، تا ئەو پەیوەندییانە بوونیان هەبێت، دەکەوێتە هەمان هەڵە کە ئابووریناسانی بۆرژوا تێی کەوتوون، ئەوانەی ئەو بۆردە ئابوورییانە بە هەتا هەتایی دەزانن و بەو شێوەیە دەربڕینی بۆناکەن، کە تەنیا یاسای مێژووین بۆ گەشەیەکی مێژووی دیاریکراو یاخود بۆ گەشەیەکی سنووردار بۆ هێزی بەرهەمهێنان. لەبری ئەوەی دەربڕینیان بۆ بۆردە ئابوورییە سیاسییەکان بەو جۆرە بێت کە تەنیا زاراوەن بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینە و گوازەرەوە و مێژووییەکان.

ئەم داماڵینەش لە دەسپێکی جیهانەوە بنەیەکی نووستوو بوو لە دڵی خودای باوکدا. بەڵام پرۆدۆنی چاکەکار دەکەوێتە نێو چەندین قەیرانی تیژی هۆشەوە، ئەگەر هەموو ڕێسا ئابوورییەکان هەڵقوڵاوی دڵی خودابن دەبووە دەڕبڕینی ژیانی شاراوە و هەتا هەتایی مرۆڤ. چۆن لەوە دەدوێت کە شتێک هەیە بەناوی گەشە و تەواوکاری، لە کاتێکدا کە پرۆدۆن کەسێکی پارێزگار نییە؟ ڕاڤەی ئەم دژواریانە دەکات بۆ کۆمەڵێکی تەواو لە دژواری، بۆ ئەوەی تیشکێک بخەینە سەر ئەم ڕێبازە دژوارە با نموونەیەک بخەینە ڕوو:

قۆرخکردن شتێکی باشە، چونکە ڕێسایەکی ئابوورییە کەواتە هەڵقوڵاوێکی خوداییە، کەواتە ململانێ شتێکی باشترە لەبەرئەوەی ڕێسایەکی ئابوورییە. بەڵام ئەو شتەی کە چاک نییە ڕاستی قۆرخکردن و ڕاستی ململانێیە، لەویش خراپتر بارودۆخەکە ململانێ و قۆرخکردن یەکدی هەڵدەڵوشن، ئەی پێویستە چی بکەین؟ بەو پێیەی ئەم دوو بیرۆکەیە هەڵقوڵاوی خوداین و دژواری یەکترن، پێدەچێت بۆ پرۆدۆن ڕوون دەربکەوێت کە هەردووکیان خراپە و شەڕیان هەیە لە سنگی خودا. ئەنجامی قۆرخکردن یەکسانە بە بوونی ململانێ و بە پێچەوانەشەوە، لە دەرئەنجامی ململانێی نێوان هەردوو بیرۆکەدا لایەنە باشەکە دەردەکەوێت.

پێویستە لەسەر کەسەکان ئەم بیرۆکە نهێنییە لە خودا وەربگرن و لە خۆیاندا جێبەجێی بکەن، ئەوکات هەموو کەسەکان بەرەو چاکتر دەچن بنەمایەکە لە تاریکی ڕاستەقینەی مرۆڤدا خۆی حەشار دەدات، بەدەر لە ئەنجامی بیرۆکەی کەسی پێویستە خۆی دەربخات ئێستاش ساتێک بڕوانە ژیانی واقعی. لە ژیانی ئابووریدا تەنیا ململانێ و قۆرخکردن بەدیناکەین، بەڵکو دژوارییەکەشیان بەدی دەکەین، دەرئەنجام بنەما نییە بەڵکو جوڵەیە. قۆرخکردن ململانێ دەهێنێتە کایەوە و ململانێش قۆرخکردن بەدی دەهێنێت. بەڵام ئەم هاوکێشەیە زاڵ نابێت بەسەر کەند و کۆسپەکانی ئەم حاڵەتە وەستاوەدا وەک ئەوەی ئابووریناسانی بۆرژوا لێکدانەوەی بۆ دەکەن، ئەنجامەکەی زۆر زیاتر ئەستەم و ئەنارشیزم دەبێت.

ئەگەر ئەو بنەمایانە بگۆڕدرێن کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێستای لەسەر بونیادنراوە و ئەگەر جۆری بەرهەمهێنانی ئێستا لەناو ببرێت ئەوکات زاڵبوون ڕوونادات بەسەریاندا و بەسەر جوڵەکەیان، کە تێکەڵە بەسەر یەکگرتوویاندا و ئەنجامەکەیان یەکسان دەبێت لە نێوان ململانێ و قۆرخکردن. ئێستاش نموونەیەکت دەربارەی دیالێکتیکی پرۆدۆن پێشکەش دەکەم:

ئازادی و کۆیلایەتی دژوارییەک پێکدەهێنن دەربارەی هەردوو لایەنی باش و خراپ نادوێم بەڵکو پێویستم بەوەیە کە سەبارەت بە لایەنە خراپەکە بدوێم. ئێمە باس لە کۆیلایەتی ڕاستەوخۆ یاخود کۆیلایەتی پرۆلیتاریا ناکەین، بەڵکو دەربارەی کۆیلایەتی ڕاستەوخۆی ڕەگەزی واتا کۆیلایەتی ڕەشپێستەکان لە سۆرینام و بەرازیل و ویلایەتەکانی باشوور لە ئەمەریکای باکور. کۆیلایەتی ڕاستەوخۆ تەوەری پیشەسازیمانە، هەروەک باڵانسی نەختینە و هتد… بەبێ کۆیلایەتی پەموو بەرهەم ناهێنرێت. بەبێ پەموو پیشەسازی نوێ دروست نابێت، کۆیلایەتی بەهای بەخشی بە شوێنە داگیرکراوەکان، شوێنە داگیرکراوەکانیش بازرگانی نێودەوڵەتیان خوڵقاند. بازرگانی نێودەوڵەتی مەرجێکی گرنگ و پێویستە بۆ پیشەسازی ئامێرە خودان بەرهەمە زەبەلاحەکان.

بەم شێوەیە و بەر لە دەسپێکی بازرگانیکردن بە کۆیلە کۆلۆنیالەکان بەرهەمێکی زۆر کەمیان بۆ جیهانی کۆن ئامادە دەکرد، کە کاریگەرییەکی زۆری نەبوو. واتا کۆیلایەتی بۆردێکی ئابوورییە و گرنگییەکی پڕ بایەخی هەیە. ئەگەر کۆیلایەتی نەبوایە ئەمەریکای باکوور دەبووە مەزنترین دەوڵەتی پێشکەوتوو –گۆڕا بۆ خاکی بەتڕیرکی. ئەوەت لەسەر نەخشەی ئەمەریکای باکور لە نەخشەی جیهان بسڕیتەوە، دەرئەنجام دەسکەوتت ئەنارشیزم دەبێت. واتا بەدەستهێنانی داڕمانێکی گشتی بۆ بازرگانی و شاری نوێ. بەڵام بۆ لەناوبردنی کۆیلایەتی پێویستە ئەمەریکاری باکور لە نەخشەی جیهان لابەریت. بەم شێوەیە کۆیلایەتی بۆتە بۆردێکی ئابووری و لەنێو هەر نەتەوەیەکدا لە دەسپێکی دروستبوونی جیهانەوە بەدی دەکرێت. نەتەوە نوێیەکان زانیان چۆن کۆیلایەتی بشارنەوە بەڵام دەرگایان بۆ جیهانی نوێ واڵاکرد.

پاش ئەم تێبینییانە دەربارەی کۆیلایەتی پرۆدۆن چۆن بەردەوامی بە وتەکانی دەدات؟ دەگەڕێت بۆ ئەنجامی بیرۆکەی ئازادی و کۆیلایەتی، ئامرازی زێڕین بۆ یەکسانبوونی نێوان کۆیلایەتی و سەربەستی. پرۆدۆن لەوە تێگەیشت کە خەڵک جلوبەرگ و ئاوریشم و پەموو بەرهەم دەهێنن، بەختێکی باشە کە ئەو بڕە کەمەش تێگەیشتووە! بەڵام ئەوەی کە لێی تێنەگەیشتووە ئەوەیە کە خەڵک بەو توانایەی هەیانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەپێی بەرهەمی داراییان بەرهەم دەهێنن، هەروەها ڕێسای ماتڕیاڵی و هزر بەرهەم دەهێنن. واتا تیمینۆلۆجی ئۆتۆپیانیزمی داماڵراو کە دەربڕینە لە هەمان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. بەم جۆرە بۆردەکان زیاتر نین لەو پەیوەندییانەی کە دەربڕینی بۆ دەکەن. ئەوانە بەرهەمی مێژوویی و گوازراوەن.

بەڵام سەبارەت بە پرۆدۆن بەپێچەوانەوە دامڵینەکان بۆ ئەو دامەزرێنەری مێژوون، خەڵک مێژوو دروستناکەن. داماڵین و ڕێسای وەرگێراو بەو جۆرە_ جیاوازە لە خەڵک و چالاکی ماتڕیاڵییان_ نەمر و جێگیرە، بەو شێوەیە بۆ ڕاستەقینەی ڕوون کە ئامرازێکی دیکەیە بۆ وتەکەمان داماڵین بەم شێوازە بیرۆکەیەکی داماڵراوە کە وەک ڕێسا تەماشا دەکرێت. ئەوە بۆردە ئابوورییەکانە کە بەو شێوازە دەیبینێت. با بەڕێگەیەکی تر دایبنێین: پرۆدۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناڵێت ژیانی بۆرژوا ڕاستییەکی هەتاهەتایییە! مەبەستیەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بیخاتە ڕوو، ئەو بۆردانەی دەربڕینن لە پەیوەندییە ئابوورییەکان بە شێوازی بیرۆکە ڕێگەی پێدەدەن ئەو کارە بکەن. بەم شێوەیەش بەرز نابێتەوە بەسەر ئاسۆی بۆرژوا _ئەو ڕاستەقینە هەتاهەتاییەی کە پێشوو گریمانەی کردووە_  دەگەڕێت بۆ ئەنجامی یەکسانی ئەم هزرانە بە ڕای ئەو ئەم ڕێگایەی ئێستا کە تێکەڵەیە بیرۆکەیەکە دەیگەیەنێت بە هاوشێوەی و هاوکات یەکسانبوونی تاکە ڕێگەی شیاوە.

پرۆدۆن ئەو کارە دەکات کە هەر بۆرژوایەکی چاک ئەنجامی دەدات، هەموویان دەربارەی ئەو مەبدەئە دەدوێن کە پێی وایە داماڵینی هزر و ململانێ و قۆرخکردن و هتد… ئەوانە بنەما و بنەڕەتی ژیانن، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەوانە دەکەونە بازنەی هەڵبژاردنەوە. هەمووان ململانێیان دەوێت بەبێ تێبینیکردنی شوێنەوارەکانی ململانێ، ئەوان ئەستەمیان دەوێت واتا مەرجەکانی بۆرژوایان دەوێت بەبێ گرنگی ئەو مەرجانە کەسیشیان لەوە تێناگەن کە شێوازی بۆرژوا بۆ بەرهەمهێنان مێژوویی و گوازراوەیە، هەروەک ئەوەی لە شێوازی دەرەبەگایەتی گوازراوە و مێژوویی بوو. ئەم هەڵەیە ئەوەیە کە سەبارەت بە وان پیاوی بۆرژوا تاکە بنەمای شیاوە بۆ سەرجەمی کۆمەڵگە.

کەواتە پرۆدۆن پیاوێکی مەبدەئییە و بزاوتی مێژوویی کە ئەم جیهانەی ئێستا سەرەو ژێر دەکات. لەوەدا کورت دەکاتەوە کە پرسی دۆزینەوەی یەکسانی دروستە، واتە ئەنجامی بیرۆکەیەک بۆ دوو بیرۆکەی بۆرژوا، بەم شێوەیە پرۆدۆن دەتوانێ بە بەهرەی خۆی بیرۆکەی شاراوەی خودا بدۆزێتەوە. واتا یەکگرتنی دوو بیرۆکەی ڤەدەر-خۆی ڤەدەرە چونکە پرۆدۆن ڤەدەری کردوون لە ژیانی ڕاستەقینە- لەو بەرهەمهێنانەی لە ئارادایە بە واتای یەکگرتنی ئەو ڕاستییانەی دەربڕینیان بۆ دەکات.

 لەبری بزاوتی پڕ بایەخی مێژوویی کە دەرەنجامی ناکۆکی نێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکان کە خەڵک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان ئەنجامی دەدەن و یەکسان نییە لەگەڵ ئەم هێزە بەرهەمهێنەرانە، لەبری جەنگی ترسناک کە چینە جیاجیاکان لە سەرجەم نەتەوەکان و لە نێوان هەموو نەتەوەکاندا سەرهەڵدەدات. لەبری کاری توندوتیژی کە دەبێتە هۆی ناکۆکی و دژایەتی لە نێوان کۆمەڵەکاندا. لەبری ئەم بزاوتە ئاڵۆز و درێژە پرۆدۆن بزاوتە فەنتازیاکەی مێشکی نمایش دەکات، بەم شێوەیە پیاوانی زانست مێژوو دادەڕێژن ئەو پیاوانەی کە پارێزگاری لە هزرە نهێنییەکانی خودا دەکەن.

ئەرکی هەمووانە کە سروشتی پیاوانی زانست جێبەجێ بکەن. ئێستا بەڕێزتان دەزانن کە بۆچی پرۆدۆن ڕایگەیاندووە کە دوژمنی بزاوتی سیاسییە، چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسە هەنووکەییەکان بە تێگەیشتنی ڕووداوەکان ناکرێت، بەڵکو بەو جۆرەی پرۆدۆن بیری لێدەکاتەوە، بەو پێیەی بۆردەکان بۆ ئەو هێزی پاڵنەرن، گرنگ نییە کە ژیانی ڕاستی بگۆڕێت بۆ ئەوەی ڕێساکان بگۆڕێت، بەڵکو  پێچەوانەکەی. پێویستە لەسەر مرۆڤەکان ڕێساکان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەرئەنجام ئەو کۆمەڵگەیەی هەیە بگۆڕێت.

پرۆدۆن بۆ ئەوەی دژوارەکان ئاشت بکاتەوە دەخوازێت بەرەو کاری پێویست نەچێت، واتا لەناوبردنی بنەمای دژوارییەکان، وەک ئەو سیاسییە بەبڕوایەی کە دەیەوێت پاشا و پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەشێک بن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕێساکان ئەبەدی بن. هەموو گەڕان و بەدواداچوونەکەی بریتییە لە دۆزینەوەی بنەیەکی نوێ، لەپێناو خستنە ڕووی یەکسانییەک لە نێوان ئەو هێزانەدا کە یەکسانبوونیان پەیوەستە بە بزاوتێکی ئاسایی بۆ بزاوتێک کە ئازاد و کورتکراوەبێت و جارێکی دیکە ببێتەوە بە کۆیلە.

بەو شێوەیە لە سەدەی هەژدەدا ئەقڵە گەمژەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی بنەیەکی ڕاست بوون، بۆ دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان موڵکداری کۆمەڵایەتی و سەروەرەکان و پاشا و پەرلەماندا. لە سپێدەیەکدا ئەو ئەقڵانە بە ئاگا هاتنەوە و بەدییان کرد کە سەروەر و پاشا و پەرلەمان بوونیان نەماوە. ئەم یەکسانییە ڕاستەقینەیە بۆ ئەم دژوارییە ڕووخاندنی سەرجەم ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە وەک بنەمایەک خزمەتی ئەم چەمکە دەرەبەگایەتییە دەکەن، هەر ئەوەش بکرێتە بنەمای دژوارییەکانی ئەم چەمکە دژوارە.

لەبەرئەوەی پرۆدۆن هزرە ئەبەدییەکان و ڕێسا ڕاستەقینە ڕوونەکان دەخاتە لایەک و بونەوەرە مرۆییەکان و ژیانی ڕاستی کە بۆ ئەو جێبەجێکردنی ڕێساکانە دەخاتە لایەکی ترەوە، هەربۆیە لە پرۆدۆن دا دوولایەنی لە نێوان ژیان و هزرەکان، لە نێوان ڕەوان و جەستەدا بەدی دەکرێت. ئەم دوو لایەنییەش لە چەندین شێوازدا دەرکەوتووە. ئێستا دەتوانێت ئەوە ببینێت کە ئەم دژوارییە هیچ نییە جگە لە لاوازی. پرۆدۆن لە تێگەیشتن لەوەی کە ڕەچەڵەکی گەندە و دیرۆکی ڕێسا گەندەکانە ڕێگەی بۆ ئاسان دەکەن.

نامەکەم دوور و درێژە و دەرفەت نییە سەبارەت بە حاڵی پرۆدۆن بدوێم، کە هیچ مانایەکی نییە. هەروەها باسی ئەو کارانەشی بکەم کە لە دژی کۆمۆنیزم ئەنجامی دەدات. هەرکات هاوڕابووی لەگەڵمدا، کە پیاوێک لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگە تێنەگەیشتووە، دەشێت لەو بزاوتە تێنەگەیشتبێت کە مەبەستیەتی بیسەلمێنێت ئەو بزاوتە دژیەتی، تەنانەت لەو دەستەواژە زمانەوانییانەش تێنەگەیشتووە کە باسی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی پێدەکات.

تاکە خاڵ کە هاوڕام لەگەڵ پرۆدۆن ئەوەیە کە ڕقی لە خەون و هەستی سۆشیاڵیستی درۆینەیە، بەڵام بەر لە پرۆدۆن ڕەخنەم لە سۆشیاڵیستی ئۆتۆپیانیزم گرتووە. ئایا پرۆدۆن هەست بە شەرمکردن ناکات، کە باسی بۆرژوای بچووک دەکات و دەکەوێتە دژواریەوە لەگەڵ هەستی سۆشیاڵیستی کە فۆریێ زۆر بەقووڵی باسی کردووە؟ ئاماژەیە بۆ هزرەکانی سەبارەت بە ماڵ و خۆشەویستی ئەبەدی.

پرۆدۆن هەستی بەبێهودەیی بەربەرەکانێ و بێتوانایی بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی بابەتەکان دەکات، تەنانەت لە توڕەیدا دەتەقێتەوە و تووشی هیستریا دەبێت جنێو دەدات و هاوار دەکات، لە سنگی خۆی دەدات لەبەردەم خودا و خەڵکیشدا دەڵێت خۆی گەندە ناکات بە پیسی سۆشیاڵیست! کەواتە ڕەخنە لە هەستە سۆشیاڵیستییەکان ناگرێت، بەڵکو سوکایەتیان پێدەکات. وەک پیاوێکی پیرۆز هەڵەکردن لە هەژاران حەرام دەکات و پیاهەڵدان دەکات بۆ دەستهاتووەکانی وردە بۆرژوا و وەهمەکانی بەتریرک بە چواردەوری ئاگردانەکەدا، ئەمەش ڕووداو نییە. پرۆدۆن لە سەرییەوە تا پێیەکانی فەیلەسوف و ئابووریناسی وردە بۆرژوایە، وردە بۆرژوا لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتودا لە لایەکەوە سۆشیاڵیستە و لە لایەکی دیکەوە ئابووری پەیڕەوە، واتا پەرێشانە بۆ بۆرژوای گەورە و هاوسۆزی ئازارەکانی خەڵکە. لە هەمان کاتدا بۆرژوایە و پیاوی گەلە، لە ناخی دڵییەوە خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت و پەیوەندی بە هیچ لایەکەوە نییە یەکسانی ڕاستی دۆزیوەتەوە کە جیاوازە لە وشە ڕیزکردن دەربارەی بابەتەکان.

وردە بۆرژوایەکی لەم جۆرە دژواری بایەخدار دەکات، چونکە ئەم دژوارییە بنەمای هەبوونیەتی. خودی خۆی هیچ نییە، بەڵکو خۆی دژوارییەکی کۆمەڵایەتییە و لە جوڵەیەکی بەردەوامدایە. پێویستە بەشێوەیەکی تیۆری بیانوو بێنیتەوە بۆ ڕاستییەکان، پرۆدۆن شایستەی نازناوی وەرگێڕی زانستی بۆرژوای بچووکی فەڕەنسییە –شایەنی بلیمەتییە. چونکە وردە بۆرژوا بەشێک لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییە هەڵواسراوەکان پێک دەهێنێت.

بۆخوێندنەوەی یان دابەزین بە PDF کلیکی ناونیشانی خوارەوە بکە 

PDF.Marx to Pavel V.Annenkov