لەگەڵ: ژاک زیا
بەیان: جارێکی تر دۆزی ژن بە ڕەهەندە جیاوازەکانیەوە کۆمەڵگای جوڵاندوە، لە تێپەڕاندنی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەتا دواین ڕووداو لە دواکەوتووترین فۆرمدا “نیقاب”
ژاک زیا: ڕەنگە باشترە لەسەر خاڵیک بوەستین؛ کە ئەم ڕووداوانەی دوایی، سۆشیاڵ میدیای جوڵاندوە، کە بە پێی پێگەکانی خۆیان کەمترین بەکارهێنەری سەبارەت بە ڕێژەی کۆمەڵگا هەیە لە هەموو عێراقدا بە کوردستانیشەوە…
بەیان: سەرباری ڤیرچواڵیتی ئەوەش بۆتە بەشیکە لە واقیعی کۆمەڵگا.
ژاک زیا: بەڵی بەلام هەتا ئێستا بەشیکی کەمیەتی، … با بڕۆینەوە سەر مەسەلە گرنگەکە، “دۆزی ژن” ئەوەی کە ڕوودەدات پرۆسەیەکی خێراکراوویی بە نیولیبرالیزم کردنی کۆمەلگایە. لە بەکاڵا بوونی هەر شتێک و هەر بەهایەک، هەر لە لاشەی مرۆڤەکان و هۆشیاری هەتا دەگاتە بێهوشیاری، هەمووی “باڕکۆدی” بازاری لێدراوە لە سەردەمی هاوچەرخی ئیستای سەرمایەداریدا…
بەیان: بەڕوونی ڕەهەندی لاشەی ڕووت دەکریت بەکاڵا بوونی ببینرێت، بەلام ڕەهەندی بەرامبەر “نیقاب” چۆن دەکرێت لێکدانەوەکەی ببرێتە ناو بەنیولیبراڵیزم و مێژووی ڕەوتێکی دواکەوتوو و نەریتی و ئاینی، لە ناوچەکەدا نادیدە بگیرێت؟!
ژاک زیا: بەلاتەوە سەیر نەبێت، نەک نادیدە نەگیراوە بەڵکو بەتەواوی فۆکۆسکراوە.. کاتێک کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ڕادیکاڵ لەکۆمەڵگا لەبەرامبەر نیولیبرالیزمدا ئاڵا و پلاتفۆرم و ڕەهەندی خۆی نەکردۆتە هێزێکی کاریگەر ، بەو واتایە جوڵەیەکی دیاریکراوی ڕوون و ڕاشکاوی نییە، کە ژنان بتوانن لە کۆمەڵگادا دەستیبۆبەرن یان بزووتنەوەی ژنان بجوڵینیت؛ ئەوکاتە دژە ڕەهەندەکانی وەک ‘کالای نیقاب’ لەبەرامبەر ‘ کالای لاشەی ڕووت’ و کلتوری لۆکاڵی لەبەرامبەر جیهانی، و دوورگەی عەرەبی و چی و چی… هەموو دەکەونە بەرامبەری یەک و وەک “ژمارەی باڕکۆدەکان” هەر دەبنەوە بە ماتەری پرکردنەوەی بۆشایەکانی خواستی بازاری کۆمەڵگای سەرمایەداری …
بەیان: سیاسەت و ئازادیەکانیش؟!
ژاک زیا: بەڵی ئەوانیش بەشیکن لە ململانیە و پێکدانە چینایەتیەکانی کۆمەلگا، ئەوەی باڵادەستە سیاسەت و لیکدانەوەی بۆرژوازیە لە ئیستادا…
بەیان: بەلایەنگرانی رەهەندەکان و دژە ڕەهەندەکانیشەوە؟
ژاک زیا: بەڵی وایە، ئەوانەی کە لایەنگری لە بەکاڵا بوونی لاشەی ڕووتی “سایە” کان دەکەن لە ژێر ناوی ئازادی تاک، هیچ ڕیگایەکیان نەگرتووە تەسلیم بوون نەبێت بە جیهانی نیولیبرالیزم و هاوچەرخترین فۆرمی سەرمایەداری، و ئەوانەشی کە بە هۆکاری سکیۆلاریزم و ئاتەئیزمی دژە دینی، یان ناسیۆناڵیستی دژە کلتۆری دوورگەی عەرەبی، خەریکی ئەوەن بۆ جاری دووەم “زەینەبەکان” بکەنەوە قوربانی، ئەوانیش لە ناو هەمان ئەو کەشتیەی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری هاوچەرخدان کە خەریکە سەوڵ بۆ کەناری بینرخکردنی بەهاکانی مرۆڤ لێدەدات. ..
بەیان: دیسان وەک هەمیشە پرسیاری چارەسەر دەکەم
ژاک زیا: دەستخۆش ئەمە پرسە گەورەکەیە “چارەسەر” لێرەوەیە کە یەکەمین “قیژە”ـی خەبات لە تابلۆی کۆمەڵگادا دەکێشێت. دەبێت هەموو ژنێکی ئەم کۆمەڵگایە فڵچەکەی ئیدوارد مۆنچ و چەکی خەباتی شۆڕشگێرانەی ڕۆزا لۆکسمبۆگی بەدەستەوەبێت. هیچ ڕەهەندێک لە دەرەوەی خەباتی چینایەتی سۆسیالیستی ناتوانێت قیژەکان کۆکاتەوە بەرەو شۆرش و ئازادی تەواوی بەرێت. سۆسیالیزم تەنها چارەسەرە.
بەیان: سوپاس بۆتۆ هاورێ ژاک
ژاک زیا: سوپاس بۆتۆش