Home / بابه‌ته‌كان / کام یەکی ئایار

کام یەکی ئایار

نووسینی: ئەرسەلان ئەفراسیاو

پرسیاری “کام یەکی ئایار؟” یەکێکە لەو پرسیارانەی کە وروژاندنیان بۆ ئەمڕۆی چەپ گرنگ و پێویستە؛ لە دۆخێکی قەیراناویی وەک دۆخی ئێستای جیهاندا، لە سەردەمێکدا کە سەرمایەداری زۆربەی شتەکانی لە خۆیدا تواندۆتەوە، هەموو شتێکی کردۆتە ڕووکەش و ناوەڕۆکی لێ داماڵیووە. پرسیاری “کام یەکی ئایار؟” لە چەشنی ئەو پرسیارانەیە کە بۆ چوونەوە بە زۆربەی چەمک و تێگە و ڕێگاکانی خەباتدا، دەبێ سۆسیالیستەکان لەم قۆناغە تەمومژاوییەدا لەخۆیانی بکەن و وەڵامی دروستی بۆ بدۆزنەوە؛ لە چەشنی ئەو پرسیارانەیە کە زۆربەیان وەک پرسیارەکەی مارکس کە لەبارەی ئازادیی بۆرژوازییەوە پرسی “کام ئازادی؟”، بە کام دەستپێدەکەن، بەڵام ڕەنگە زۆربەیان بەپێچەوانەی پرسیارەکەی مارکسەوە ڕووی دەمیان لەخودی سۆسیالیستەکان بێت نەک بۆرژوازی: “کام سۆسیالیزم؟”، “کام ڕێگای خەبات؟”، “کام ڕێکخستن؟”. لەوەش زیاتر، بەرامبەر بە داگیرکردن و خەساندنی سەرجەم کایەکان لەلایەن سیستەمەوە، دەبێ بڵێین: “کام سیاسەت؟”، “کام پەروەردە؟”، ” کام ئەدەب و کام هونەر؟”، “کام کۆمەڵە و کام سەندیکا؟”.

پرسیاری “کام یەکی ئایار؟” بەدوای ئەوەوەیە بزانێت ئایا یادکردنەوەی یەکی ئایار یادکردنەوەی ڕۆژێکە کە بۆرژوازی بۆ خۆخاڵیکردنەوەی کرێکار و چینی ژێردەستە دایناوە، چ بە ڕێگەی سازکردنی ئاهەنگ و فیستیڤاڵ بێت یان بە ڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی دروشم و چوونە سەرشەقام؟ دەیەوێت بزانێت یادکردنەوەی یەکی ئایار دیسپلینکردن و دەستەمۆکردنی خەبات نییە، کورتکردنەوەی خەبات نییە لە یەک ڕۆژدا، داماڵینی نییە لە خەباتێکی درێژخایەنی هەمەڕۆژە؟ پرسیارەکە بەدوای ئەوەوەیە بزانێت یەکی ئایار نەبۆتە کڵێشەیەکی ڕووکەش، بە چەشنی وێنەی گیڤارا نەبۆتە ئایکۆنێک بۆ بەرەنگارییەکی نابەرەنگارانە؟ یان وەک قاوەی بێ کافایین و کۆلای بێ شەکر و بیرەی بێ کحول، نەبۆتە ئایارێکی بێ خەبات؟ ئایار ناوێکە بۆ خەبات و لەناوماندا دەژی، یان ڕەمزێکە و بۆ ئەمڕۆ هیچی پێ نەماوە؟ ئیرادەیەکە بۆ هاوپشتی و خەباتی دەستەجەمعی، یان سیحرێکە و لەگەڵ هاتنی تاکگەرایی و بەرخۆریدا بەتاڵ بۆتەوە؟

خودی پرسیارەکە بەشێک وەڵام لەگەڵ خۆیدا دەداتەوە؛ چونکە هەر خودی پرسیارکردن دەربارەی جۆر و چییەتی یەکی ئایار و بیرکردنەوە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەسەری، یەکێکە لەو وەڵامانەی کە بەکۆ وەڵامێکی گەورەتر پێکدێنن: یەکی ئایارێک کە لەژێر پرسیاردا بێت! قایلکەرترین پاساویش بۆ ئەم وەڵامە ڕەنگە ئەمە بێت: بۆئەوەی نەکەوینە داوای سیستەمەوە و لە ئارەزووی دەسەڵاتەوە نەگلێین، دەبێ خەبات لە یەک ڕۆژدا کورتنەکەینەوە، ڕۆژێک کە سیستەم وەک خەڵاتێک بەرامبەر بە گوێڕایەڵیمان پێشکەشمانی دەکات و بانگێشتمان دەکات بە فیستیڤاڵ و ڕێپێوان و هوتافکێشان خۆمانی تیا خاڵی بکەینەوە، کە ئەمەش وایلێدەکات بێزیانترین ڕۆژی ساڵ بێت بۆ سیستەم، واتە بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، لەبری ئەوەی ڕۆژێک بێت بۆ تۆقاندنی سیستەم، دەبێتە ڕۆژێک کە سیستەم بێخەیاڵ پاڵی لێدەداتەوە و هیچ ترسی نییە، چونکە خۆی بازنەیەکی بۆ دیاریکردویت و داوای لێکردویت ئەسپی خۆتی تیا تاودەیت. وەڵامی “یەکی ئایارێک کە لە ژێر پرسیاردا بێت”، ڕادیکاڵکردنەوە و دابەشکردنی یەکی ئایار دەخوازێت، ڕادیکاڵکردنەوە بە مانای سەندنەوەی یەکی ئایار لە دەستی سیستەم و چوونەوەیەکی تەواوەتی بە چییەتیی ئەو ڕۆژە و قوتارکردن و گواستنەوەی لە کڵێشەیەکی نەریتیی بێزیانەوە بۆ ماتەوزەیەکی سیاسیی بێوێنە کە دەشێ ببێتە بزوێنەری خەبات و وەستانەوە بە ڕووی سیستەمدا لە ڕۆژانی تر؛ دابەشکردنیش بەو مانایەی یەکی ئایار وەک ڕەمز و وزەیەکی بەرەنگاری و خەبات بەسەر هەموو ڕۆژەکانی تردا دابەش ببێت و لە یەک ڕۆژدا قەتیس نەکرێت، ببێتە ئەنگیزەیەکی خز و نەگیراو، ببێتە پاڵنەرێکی چاوەڕواننەکراو کە دەشێ لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سیستەم دروستبکات. لەوەش زیاتر، وەڵامی “یەکی ئایارێک کە لە ژێر پرسیاردا بێت”، بەوەوە ناوەسێت بە یەکی ئایاردا بچێتەوە و دووبارەی بکاتەوە، بگرە ڕووداوی نوێ دەخولقێنێت. ئەمە ڕێک ئەوەیە کە دەبێت کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانی ئەمرۆ هەوڵی بۆ بدەن: دەرکێشانی کایە مرۆییەکان لەبندەستی سیستەم و خولقاندنی ڕووداوی نوێ. ئەمڕۆ ئیتر کاتی ئەوەیە سەرجەم کایە مرۆییەکانی وەک ئەدەب و هونەر و سینەما و وەرزش و هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی داهێنەر جیادەکەنەوە، لە بندەستی سیستەم دەربهێنرێن و دەلالەتی ڕاستەقینەی خۆیان پێبدرێتەوە، لەوەش زیاتر بەسیاسیبکرێنەوە، سیاسەت وەک فەزیلەت و چاکەی گشتی و کرداری مامەڵەکردنی مرۆییانەی مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا، نەک بەحیزبیکردن. هەموو ئەو خەبات و ئۆرگانانانەش کە لەقاڵبدراون و لە ناوەڕۆک داماڵراون و کراونەتە دارەدەستی سیستەم و دەزگای ڕامکردنی خەڵک، لە نموونەی ئۆرگانە فیمینیستی و خوێندکاری و کرێکارییەکان و سەندیکا و کۆمەڵەکان، ئەرکی لەپێشینەی سۆسیالیستەکانە لە سیستەمی بسێننەوە و ناوەڕۆکیان بۆ بگێڕنەوە؛ ئەرکی سۆسیالیستەکانە ڕێگای نوێی خەبات بدۆزنەوە و ڕووداو دروستبکەن. بۆیە لەپاش ژێرپرسیارخستنەوەی یەکی ئایار، خێراترین وەڵامی بۆ پرسیاری “کام یەکی ئایار؟” دەبێ ئەمە بێت: ئایارێکی سیاسی و ڕادیکاڵ کە لە یەک ڕۆژدا قەتیس نەکرێت!

خویندنەوەی بە PDF

Which first of the month