Home / بابه‌ته‌كان / هونەری سۆشیاڵیستی

هونەری سۆشیاڵیستی

نووسینی: ناجی ئەفراسیاو

لە بنەڕەتدا سەرجەم فۆرم و چەشنە کولتووری و رۆشنبیرییەکانی وەک ئەدەب و شانۆ و سینەما و هونەر، گوزارشت لە بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەکەن، بەشێوەیەک هەر چینێک دەیەوێت ئایدیا و پرۆژە و ئامانجی خۆی لەڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە بخاتەڕوو. لەم روانگەوە؛ هونەرمەندێکی چەپ[1] پێیوایە کە کولتوور و ئەدەب و هونەر یەکێکن لە رووکارەکانی ململانێی چینایەتی. وەک لینین وتی توخمەکانی کولتووری سۆشیاڵیستی و بۆرژوازی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەیە. جەماوەری چەوساوە و رەنجدەر لەڕێگەی هونەرەکەیانەوە گوزارشت لە بارودۆخی ژیانی خۆیان دەکەن، بەڵام هونەری بۆرژوازەکان لە شێوەی کولتووری باڵادەستدایە. ریالیزمی سۆشیاڵیستی یان واقیعییەتی کۆمەڵایەتی، بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی (ماکسیم گورگی ومایاکۆفسکی و جۆرج لۆکاچ) کۆتایی بە هەیمەنەی کولتووری بۆرژوازی دەهێنێت و فۆرمی خۆی وەردەگرێت.

 واقیعییەتی سۆشیاڵیستی، بابەت و دۆسییەکانی واقیعی ژیان بە سەرجەم پارادۆکس و ململانێکانییەوە دەوروژێنێت، هەر بۆیە لە هونەر و ئەدەبی سۆشیاڵیستیدا چیتر هونەرمەند بێلایەن نییە، هەروەها ئازادیی تێگەیشتن بۆ بینەر جێناهێڵێت، وەکئەوەی کە لە سایەی هونەری سەرمایەداریدا هونەر بۆتە کاڵا و بینەریش وەک بەرخۆر تەماشا دەکرێت. ریاڵیزمی سۆشیاڵیستی تەنها واقیعمان بۆ کۆپی ناکات، بەڵکو دەیەوێت ببێتە رێبەرێک بۆ جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگا، تاکو شتە شاراوەکانی واقیع کەشف بکات، و ئاگایی جەماوەر لە تێبینیی ڕووکەشییەوە بەرزبکاتەوە بۆ شیکاری و لێکدانەوە و تێگەیشتن، دواجاریش بیرکردنەوە لە رێگەچارە و ئەڵتەرناتیڤ.

واقیع لە هونەری سۆشیاڵیستیدا لە دۆخی چەقبەستوودا نییە، هەروەها دەردەسەرییەکانی واقیع وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن نابینێت، بەڵکو هیوای بەوە هەیە دۆخەکە وەرچەرخان بکات بەرەو باشتر، نەوەک لەبەردەم دوو رێگاچارەکەی ریالیزمی رەخنەییدا بێت؛ یان ملکەچبوون یان هەڵهاتن. بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕیالیزمی سۆشیاڵیستی بەردەوام جەخت لە جوڵە و گۆڕانی واقیع دەکاتەوە، لەم ڕووەوە چیرۆکی “دایک”ی ماکسیم گورگی نموونەیەکی درەوشاوەیە، کە باس لە چەوسانەوەی کرێکاران و رەنجبەران لە کۆمەڵگای چینایەتیدا دەکات، و پرسی هۆشیاریی سۆشیاڵیستی لەنێو چینی چەوساوەکاندا دەوروژێنێت، و تۆوی حەماسەتی شۆڕشگێڕی لە ناخیاندا دەچێنێت.

 [1] ) برهان القاسمي.
بۆ خۆێندنەوە یان دابەزاندنی بە PDF کلیکی ناونیشانی خوارەوە بکە


Socialist_art