Home / بیروڕای جیاواز / لینین و ‌حیزبی شۆڕشگێڕی

لینین و ‌حیزبی شۆڕشگێڕی

لینین و ‌حیزبی شۆڕشگێڕی 
تونی کڵیف

وەرگێڕانی بۆ کوردی: سایە بەهادین                 

بۆ ئەوەی شۆڕشی سۆسیالیزم بەرپاکەین، بێگومان پێویستمان بە حیزبێکی شۆڕشگێڕی هەیە، چونکە جیاوازی لە ئاستی هوشیاری نێوان کەرتە جۆراوجۆرەکانی نێو چینی کرێکاردا هەیە. گەر چینی کرێکار لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە یەکانگیر بێت، پێویست بە رابەرایەتیکردن ناکات. بەڵام شۆڕش چاوەڕێ ناکات هەتا گشت کرێکاران دەگەنە ئاستێکی هوشیاریی شۆڕشگێڕانەی چوونیەک، تەنها حیزبی شۆڕشگێڕی دەتوانێت ساتەوەختی شۆڕش بخەمڵێنێت و جوڵەی خێرا بەئەنجام بگەیەنێت، تاوەکوو چینی کرێکار بەرامبەر بە ئەرکە شۆڕشگێڕیەکانی ئاگاداربکاتەوە. بەڵام جیاوازی لە ئاستی هوشیاریدا شتێکی جێگیر نییە، چونکە هەندێجار دواکەوتووترین چینی کرێکار بەخێراییەکی زۆرەوە بەرەو پێش دەڕوات. گروپە جۆراجۆرەکانی چینی کرێکار، بەرێژەی جیاواز، بە ئایدیاو کاریگەری چینەکانی دیکە کاریگەر دەبن، ئەندامانی حیزبی شۆڕشگێڕییش لەم کاریگەربوونە بێبەش نین. بەڵام سەرکردایەتی حیزبیی چینی کرێکار بەرئەنجامی خەباتی دژ بەو کاریگەریە هەمەجۆرانەیە. لەنێو خودی حیزبیشدا، سەرکردایەتی شۆڕش خۆی بە خەبات و بەرخودان دەپارێزێت لەپێناو ئاراستەدانی سیاسەتی دروست. دەبێت حیزبی پێشەوای کرێکاری بەهەمان لۆژیکەوە دەستپێشخەری و سەربەخۆیی جەماوەری کرێکاریی هانبدات، لەرێگەی سەنتراڵیزمی دیموکراتییەوە دەستپێشخەری و سەربەخۆیی خودی ئەندامانی حیزبیش وەپێشبخات. بەگشتی ئەمەبوو دیدگای لینین دەربارەی حیزبی شۆڕشگێڕی و پەیوەندی حیزب بە چینی کرێکارەوەو شێوەی ئۆرگانیانەی حیزب بەپێی ئەم پەیوەندییە. بەڵام وێنەی گشتیی ئۆرگانی حیزب، لەشێوە نموونەییەکەیدا، هەمیشە لە واقیعدا پێکنایەت. چونکە لە وێنە نموونەییەکەیدا دەبێ ناوەندی حیزب -کە باشترین ئەندامەکانی حیزب لەخۆدەگرێت- لە دەستە خۆجێیەکان و لیژنە فەرعیەکانی حیزب پێشکەوتووتر بێت. فۆرمەکانی دیکەی رێکخستنیش دەبێت خاوەن کاریگەری و کاریگەر بن بە سەرکردایەتی ناوەندیی حیزب. بەڵام لە پراکتیکدا، هەندێجار شتەکان بە تەواوی بەجۆرێکی دیکەن. چونکە رەنگە سەرکردایەتی ناوەندیی حیزب بتوانێت لەرێگەی پەیڕەوکردنی رۆتینێکی جێگیرەوە لە فۆرمەکانی دیکەی رێکخستنی خۆجێی و فەرعی حیزب پێشکەوتووتر بێت، بەڵام رەنگە خودی ئەو رۆتینە ببێتە مایەی لەدایکبوونی خواستی موحافیزکارانە لەلای سەرکردایەتی حیزب، کاتێکیش گۆڕانکاریی سیاسی توند دروست دەبێت ئەرکی نوێ لە ململانێی چینایەتیدا دێتەپێش، رەنگە سەرکردایەتی حیزب -لەو دۆخانەدا کە دوورە لە خەباتەکانی سەنتەر- پێگەیەکی دواکەوتوو بەخۆی بدات و رۆڵێکی کەمبایەختر بەخۆی بسپێرێت. لەکاتێکدا هەندێجار هەندێ کەرتی دیاریکراوی نێو حیزب دەتوانن بەخێرایی لەگەڵ ئەو ئەرکانەدا کارلێک بکەن کە گۆڕانکاریە نوێکانی نێو ململانێکە دروستیان کردوە. بۆیە هەتا پەیکەرەی حیزب سڕو بەستوو بێت کارلێککردنی لەگەڵ ئەرکە نوێکانی ململانێی چینایەتیدا خاوتر دەبێت. لێرەدا دەتوانین دیدو پراکتیکی لینین لە چەند رەگەزێکی سەرەکیدا پوخت بکەینەوە:
١راستی و ناراستی هەر تیۆرێک لە پراکتیکدا تاقیدەبێتەو.
٢تیۆر تەنها لە پراکتیککردنیدا لەسەر زەمینی خەباتی چینایەتی پێشدەکەوێت.
٣پێشکەوتنی ئاڕاستە جیاوازەکانی خەبات وادەکات گەڕان بەدوای بەستەرو پێوەندی ئەو ئاڕاستانە بە واقیعی پراکتیکییەوە زەرور بێت. ٤ریکخراوی شۆڕشگێڕی لە ڕووی مێژووییەوە دیاریکراوە، نەک تەنها بەپێی تیوری گشتی، بەڵکو دەبێت هێندە نەرمی تیابێت کە بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکاریە گەورەکانی ململانێی چینایەتیدا وەڵامدانەوەی هەبێت. ٥ئەو پایە سەرەکیەی کە حیزبی شۆڕشگێڕی لە پراکتیکدا پشتی پێدەبەستێت سەنتراڵیزمی دیمواکراسییە، بەڵام هەندێجار شکاندنی رێساکان لەپێناو خودی شۆڕشدا کارێکی زەرورە. ٦بنکەکانی حیزب ئامرازێکن کە لە رێگەیانەوە دەتوانرێت خواستە ئەناشیستیەکانی هەندێ لە ئەندامان و گروپە بچوکەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت (کە ئەمانە زۆرجار لە چینی مامناوەندن)، بەڵام ئەم بنکانە نابێ ببنە کۆسپ لەبەردەم نەرمینواندنی تاکتیکیانەی حیزب. لەو ساتانەشدا کە لە ململانێی چینایەتیدا پێکدادان هەیە، ئەرکە لەسەر ئەندامە هەرە دڵسۆزەکانی حیزب پابەندبوون بەو رێسایانە بشکێنن. ٧خۆپاراستن لە ئەزموونگەریی و هەلپەرستیی، بەبێ کەوتنە داوای پابەندبوون بە رێساکان بەچەشنێکی دۆگم و کوێرانە. بەشداریی راستەقینەی لینین لە چۆنیەتی بەکارخستن و پراکتیزەکردنی حیزبی شۆڕشگێڕیدا، لە مێژووی چالاک و پڕ لە ئەکتی شۆڕشگێڕیانەیدا دەبینرێتەوە، نەک بەتەنها لە تیوری پەتیدا. ئەم وتارەش هەندێ نموونەی لەخۆگرتووە کە ئاسانتر ئەم خاڵانە رووندەکاتەوە. جیالەوەش ئەم وتارە دەست بۆ پرسێکی زۆر گرنگ دەبات کە بریتییە لە: ڕێساو دیسپلینی حیزبیی. گەرچی دەست بردن بۆ وەها بابەتێکی سنووردار بەرەو گۆشەنیگایەکی بەرتەسکمان دەبات، بەڵام ناتوانین لە کاری نێوخۆیی حیزبی شۆڕشگێڕی تێبگەین بێ ئەوەی چاو بخشێنین بە پەیوەندی ئەم حیزبە بە خەباتی چینی کرێکارەوە.

بۆ خوێندنەوە یان دابەزاندنی بە PDF  ناونیشانی خوارەوە  کلیک بکەن

لینین و حیزبی شۆڕشگێڕی