Home / بابه‌ته‌كان / یوجین ڤ. دێبس

یوجین ڤ. دێبس

یوجین ڤ. دێبس             

وەرگێڕانی بۆ کوردی: سارا دلاوەر تاهیر      
                         

یوجین ڤیکتۆر دێبس (١٨٥٥- ١٩٢٦) یەکێك بووە لە مەزنترین و ڕەوانبێژترین داکۆکیکاران لە هێزی کرێکاران لە جیهاندا. لە ساڵانی سەرەتای بزوتنەوەی کرێکاران لە ویلایەتە یەکگرتوەکاندا، یوجین بیروباوەڕەکانی زۆر لە پێش سەردەمی خۆیدا بووە، برەوی داوە بە پێكهێنانی یەکێتی شەمەندەفەری ئەمریکی (ARU) لەگەڵ حیزبی سۆسیالیستی ئەمریکیدا.

یوجین لە تێرێ هۆت لە ویلایەتی ئیندیانا لە دایكبووە لە ٥/تشرینی دووەم/١٨٥٥. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا مالی باوکی بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی لە هێلی شەمەندەفەردا کاربکات و هەر زوو سەرەنجی بەرەو چالاکیی کرێکاریی چووە. وەکو سەرۆکی یەکێتی شەمەندەفەری ئەمریکی، مانگرتنێکی سەرکەوتنی ئەنجامدا لە دژی شەمەندەفەری مەزنی باکور لە ساڵی ١٨٩٤ دا. دوو مانگ دواتر ئەم کەسە بەند کرا بەهۆی ڕۆڵیەوە لە مانگترنەکەی دژی کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی شیکاگۆ پوڵمان. لە کاتێکدا لە بەندیخانە بووە، ڤیکتۆر بەرگەر کە سۆسیالیستی و ئەندامی کۆنگرێس بووە لە داهاتوودا، قسەی لەگەڵ یوجین کردووە و بیرۆکەکانی مارکس و سۆشیالیزمی پێ ناساندووە. کاتێك یوجین لە بەندیخانە بەردەبێت وەکو کەسێکی سۆشیالیستیی خۆی ناساندووە.

 هەر زوو بە زوو حیزبی سۆشیاڵیست دیموکراتی دامەزراند، کە لە دواتردا بوو بە حیزبی سۆشیاڵیست لە ساڵی ١٩٠١ دا. پاشان بووە پاڵێوراوی هەمیشەیی بۆ سەرۆکایەتی حیزبەکە. ئەو لە ساڵانی  ١٩٠٤، ١٩٠٨،  و ١٩١٢  وەکو سۆشیاڵیستیەك  لەسەر لیستی حیزبەکەی کاری کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا وە لە ساڵی ١٩٢٠ کاتێک کە لە بەندیخانەدا بوو بەرزترین ڕێژەی دەنگی بەدەست هێناوە (٩١٥،٠٠٠) دەنگ کە دەکاتە %٦. ئەو جارێکی تر بەندکرایەوە بەتۆمەتی برەودان بە یاخیبوون چونکە دژی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو. زۆرینەی سۆشیاڵیستیەکان لەم ماوەیەدا بەند کران چونکە باوەڕیان وابوو جەنگ لەبەر خاتری قازانجی دەوڵەمەندەکان دەکرێت بە بەکارهێنانی خوێنی هەژاران. خۆشبەختانە دێبس لە ساڵی ١٩٢١ دا لە بەندیخانە بەردرا.

یوجین لە ئەلمورست لە ویلایەتی ئێلینۆی لە بەرواری ٢٠/تشرینی یەکەم/١٩٢٦ دا مرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆکەش لەلایەن چەندان چالاکوانی کرێکارانەوە یاد دەکرێتەوە لە سەرتاپای کایەی سیاسیدا. دامەزراوەی یوجین ڤ. دێبس کار دەکات بۆ بەردەوامیدان بە میرات و کاری ئەم کەسە لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا.

بۆ ئاشنا بوون بە تەواوی ژیانی یوجین، پەڕتووکی (ژیاننامەی یوجین ڤ. دێبس) بخوێنەوە کە لەلایەن ستیفن ماریۆن ڕینۆڵدس دانراوە.

 وەرگێڕانی: سارا دلاوەر طاهر

https://www.marxists.org/archive/debs/index.htm

بۆخوێندنەوەی بە PDF کلیکی ناونیشانی خوارەوە بکە 

یوجین ڤ دێبس