Home / بابه‌ته‌كان / کـــارل مـــارکـــس: تێزەکان لە بارەی فۆیەرباخ

کـــارل مـــارکـــس: تێزەکان لە بارەی فۆیەرباخ

وەرگێرڕانی لە ئەلمانیەوە: سەلام عەبدوڵا

                           

1

کەموکووڕیی سەرەکی ھەموو مەتریالیزمەکانی رابردوو تا ئێستا-بە مەتریالیزمی (فۆیەرباخ)یشەوە- ئەوەیە کە، شت، حەقیقەت و ھەستیاری، تەنھا لە ژێر فۆرمی بابەت یا ڕوانگەدا، تێدەگەن، بەڵام نەک وەک چالاکی مرۆیی ھەستیارو پراکسیس، نەک سوپێکتیڤ(خود). لێرەوە، ئەوە روویدا کە ئیدیالیستەکان، گەشەیان بە لایەنی بکەر دا، دژ بە مەتریالیزم، بەڵام تەنھا ئەبستراکتانە(مجرد)، چونکێ ئیدیالیزم، ھەر بە سرووشتی خۆی، چالاکی واقیعی ھەستیار ناناسێ. فۆیەرباخ شتی ھەستیاری دەوێ، بە شێوەیەکی فعلی، جیاواز بێ لە ئۆبێکتەکانی(بابەتەکانی)بیرکردنەوە، بەڵام خودی چالاکییە مرۆییەکان بە چالاکی بابەتییانە ناناسێ. بۆیە چالاکی تیئۆری لە”ناوەڕۆکی مەسیحییەت”دا، بە تاقە چالاکی مرۆیی راستەقینە دادەنێت. لە کاتێکدا پراکسیس تەنھا لە فۆرمە یەھودییە قیزەوەنەکەی، دیاریدەکات و دەیچەسپێنێ. ھەر بۆیە لە مانای چالاکی”شۆڕشگێڕانە”ی” بەکردەوەی-رەخنەگرانە” تێناگات.

2

پرسیاری داخۆ، بیرکردنەوەی مرۆیی سەر بە حەقیقەتی مادییانەیە یا نا، پرسیارێکی تیئۆری نییە، بەڵکو پرسیارێکی عەمەلییە. مرۆڤ دەبێ لە کردەوەدا ڕاستی، واتە ڕاستی و دەسەڵاتی دنیایی بیرکردنەوەکەی بسەلمێنێ. مشتومڕکردن لە بارەی ڕاستی و ناڕاستی بیرکردنەوەیەک، کە خۆی لە کردەوە دادەبڕی، زۆر پرسیارێکی تیولۆگی ڕووتە.

3

ئەو بیرە فێرکارییە مەتریالیستەی دەبێژێ، مرۆڤەکان، بەرھەمی بارودۆخ و پەروەردەن، کەواتە مرۆڤە گۆڕاوەکان بەرھەمی بارودۆخێکی ترو پەروەردەیەکی گۆڕدراون، ئەوە لەبیردەکا کە مرۆڤەکان بە خۆدی خۆیان بارودۆخەکان دەگۆڕن و دەبێ بە خودی پەروەردەکارەکە، پەروەردە بکرێ. بۆیە ئەو بیرکردنەوەیە وەک پێداویست بەو شوێنە دەگات، کۆمەڵگا بۆ دووکەرت دابەش بکات، یەکێکیان بە سەر کۆمەڵگا باڵاتر دەبێ(بۆ نموونە لە رۆبێرت ئەوین). ھاوجووتبوون لە نێوان گۆڕینی بارودۆخ و چالاکی مرۆیانە دەکرێ تەنھا وەک کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، تێڕابین و راتسیونالانە لێی تێبگەین. 

4

فیورباخ لە حەقیقەتی لەخۆنامۆیی ئاینی، لە دووگانەگی جیھان بۆ جیھانێکی ئاینی وەھمی و جیھانێکی واقیعییەوە، دەستپێدەکات. کارەکەی لەوەدا دەبینێ، جیھانی ئاینی لە بناغەی جیھانی خۆیدا بتوێنێتەوە. ئەو نابینێ کە بە ئەنجامدانی ئەم کارە، ھێشتا کارە گرنگەکە دەبێ ئەنجام بدرێ. چێتر بڵێین، حەقیقەت ئەوەیە، بناغەی جیھان، بە خۆدی خۆی، خۆی بەرز دەکاو مەملەکەتێکی سەربەخۆ لە ناو ھەورەکان دەچەسپێنێ، ئەمە دەکرێ تەنھا لە داتڵیشانی خودو ناکۆکی ناوەوەیدا، ئەم بناغە جیھانییە روون بکرێتەوە. کەواتە دەبێ یەکەم جار ئەم خودەیە، لە ناکۆکییەکانی ناو خۆیەوە لێ تێبگەین و لەپاشاندا بە ڕێگای لابردنی ناکۆکییەکانیەوە، بە کردەوە شۆڕشگێر دەبێ. کەواتە، بۆ نموونە، پاش ئەوەی دەردەکەوێت کە خێزانی سەرزەمین، نھێنی خێزانی پیرۆزە، ئەوا دەبێ ئێستا یەکەمەکە بەخۆی تیئۆرییانە، ڕەخنە لەخۆ بگرێت ولە پراکسیسدا بگۆڕدرێت.

5

فیورباخ، لە گەڵ ھزری ئەبستراکت(مجرەد) ڕازی نییە و بانگەوازی روانگەی ھەستیانە دەکات، بەڵام جیھانی ھەستکردن وەک چالاکی عەمەلی ھەستیاری- مرۆییانە، تێناگات.

6

فیورباخ، ماھییەتی ئاینی لە ناو ماھییەتی مرۆیی دەتوێنێتەوە. بەڵام ماھییەتی مرۆ ئەبستراکتێک نییە بە ھەر تاکێکەوە بە جیا لکابێت. بەڵکو لە واقیعدا، کۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە. فیورباخ چونکە ڕەخنە لەم بوونە واقیعیە ناگرێ، بۆیە ناچار دەبێ:

ا-خۆی لە چونەپێشەوەی مێژوو، دادەرووتێنێ وڕوحی ئاینی دەچەسپێنێ و کریمانەی ئەبستراکتێکی مرۆیی تاکی-دابڕاو-دەکا.

ب: دوایی، دەکرێ لەلای ئەمدا، ماھییەتی مرۆیی تەنھا وەک((رەگەز))، وەک نیھان و ڵاڵدا، کە زۆر تاکگەلێکی سرووشتی پەتی پەیوەندییە گشتییەکاندا، لێ تێبگەین.

7

بۆیە فیورباخ نابینی، کە خودی((ڕوحی ئاینی)) بەرھەمێکی کۆمەڵایەتییە و ئەو تاکە ئەبستراکتە کە شیتەڵی دەکات،  لە ڕاستیدا سەر بە فۆرمێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوەیە.

8

ژیانی کۆمەڵایەتی لە ناوەڕۆکدا عەمەلییە. ھەموو نھێنییەکان کە تیئۆری بەرەو سۆفێتی دەبەن، چارەسەرە عەقلانییەکەی لە کرداری مرۆیی و لە تێگەیشتن لەم کردارە دەکرێ.

9

باڵاترین خاڵ کە مەتریالیزمی ھەستیاری پێگەیشت، واتە ئەو مەتریالیزمەی، کە ھەستیاری وەک چالاکی کردار تێناگات، روانگەی تاکەکانە لەناو((کۆمەڵگای مەدەنی)).

10

ھەڵویستی ھەموو مەتریالیستە کۆنەکان، ھەڵویستی کۆمەڵگای((مەدەنی))یە، بەڵام ھەڵویستی مەتریالیزمی نوێ، کۆمەڵگای مرۆییە یا مرۆڤایەتی ھاوبەش.

11

فیلسوفەکان تاکو ئەمڕۆ جیھانیان تەنھا بە شێوەی جۆراوجۆر راڤەکردووە، بەڵام دۆزە گرنگەکە ئەوەیە، بگۆڕدرێ.

بڵاوکردنەوەی لە لایەن فرێردیک ئینگڵس لە ساڵی١٨٨٨.

سەرچاوە:

Karl Marx.Friedrich Engels Werke, band3, S.533, Dietz Verlag Berlin,1973

 بۆخوێندنەوە یان دابەزاندن بە PDF   

کارل مارکس.تێزەکان لە بارەی فۆیەرباخ