Home / بابه‌ته‌كان / کاری کرێگرتەو سەرمایە

کاری کرێگرتەو سەرمایە

کارل مارکس

                                                   
وەرگێڕانی لە ئینگڵییەوە: ئەنوەر نەجمەدین

                                          

پێشەکی فرێدریک ئینگڵس

ئەم نامیلکەیە بۆ یەکەمجار، لە ٤ ی ئەپریلی ساڵی ١٨٤٩ دا، وەک زنجیرەیەک سەرووتاری ڕۆژنامەی “Neue Rheinische Zeitung” دەرکەوت. تێکستەکانیش لەو وانەبێژیانە پێکدێن کە مارکس لە ساڵی ١٨٤٧ دا، لە برۆکسل، لە یانەی کرێکارانی ئەڵمانیادا خوێندویەتیەوە. بەڵام ئەم زنجیرەیە تەواو نەکراوە. هەربۆیە ئەو پەیمانەی کە دراوە بە دەربڕینی “ماویەتی” لە کۆتایی ئەو ووتارەی لە ژمارەی ٢٦٩ دا چاپ کراوە لە ڕۆژنامەکەدا، وەدی نەهاتووە، ئەمەیش بەهۆی ڕووداوە خێراکانی ئەو سەردەمەوە –داگیرکرنی هەنگاریا لە لایەن ڕوسیاوە[1]، ڕاپەڕینەکانی شارەکانی دریسدن [Dresden]، ئیزرلۆن [Iserlohn]، ئیڵبرفیڵد [Elberfeld] لە هەردوو ناوچەی پالاتینا [Palatinate] و بادن [Baden]، کە بووە مایەی بێدەنگ کردنی ئەو ڕۆژنامەیە لە ١٩/٥/١٨٤٩ دا. وە دوای نەمانی مارکسیش، هیچ دەستنووسێکمان نەدۆزیەوە وەک پاشماوەی ئەم ووتارانە لە نێو نووسراوەکانی مارکسدا.

“کاری کرێگرتەو سەرمایە”، چەند جارێک، وەک نامیلکەیەکی سەربەخۆ لە چاپ دراوەتەوە، وە بۆ دواینجار لە ساڵی ١٨٨٤ دا، لە هۆتینگین-زیوریخ [Hottingen-Zurich] لە سویسرا، لە “چاپخانەی کۆمەڵەی هەرەوەزکاری سویسرا” چاپ کراوەتەوە. وە هەتا ئەمڕۆ لە هەموو چاپەکانی پێشوودا، ووتارە ئەسڵیەکە بە ووردی وەک خۆی لە چاپ دراوەتەوە. وە لە کاتێکا ئەم چاپەی ئێستا، بریتیە لە، لای کەم ١٠٠٠٠ وێنە کە  بۆ پرۆپاگەندە دەساودەس دەکات، ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێت بەسەر مندا، ئەوەیە کە ئایا مارکس خۆی، لە بارودۆخێکی وەک ئێستادا، ڕازی دەبوو بە بەرهەمهێنانەوەی ئەم نامیلکەیە بەبێ هیچ دەستکاریەکی ئەسڵیەکەی.

لە چلەکاندا، مارکس هێشتا لە ڕەخنەکانی نەبووبووەوە لەسەر ئابووری سیاسی. ئەو کارەیش بە ئەنجام نەگەیشت هەتا کۆتایی پەنجاکان. بۆیە کتێبەکانی مارکس، بەر لە تەواو کردنی نامیلکەی “ڕەخنەی ئابووری سیاسی – Critique of Political Economy“، لە چەند خاڵێکیدا، جیاوازە لەوانەی لە دوای ساڵی ١٨٥٩ نووسیوویەتی، وە دەربڕین و ڕستەی تێدایە جیاوازە لە تێڕوانینی نووسینەکانی دواتری کە وەک هەڵەو نادروست دەردەکەوێت. ئێستایش مەبەستەکە ئەوەیە، لە چاپە ئەسڵیەکەدا، کە بە شێوەیەکی گشتی، ئاراستەی جەماوەر کراوە، ئەم تێڕوانینەی ڕابووردووی نووسەر، کە ئاستێکە لە پێشکەوتنی فیکریی دانەر، لە جێی خۆی بێت؛ وە ئەوەیش هیچ ڕاوێژێک قبوڵ ناکات کە ئەوە مافی هەردوو دانەرو خوێنەریشە، کتێبەکانی ڕابووردوو، بەبێ هیچ دەستکاریەک لە چاپ بدرێنەوە. هەر لەبەر ئەمە، هەرگیز بە بیرمدا تینەپەڕیوە، ووشەیەکیشی لێ بگۆڕم.

بەڵام پرسەکە جیاوازە، کاتێک بەتایبەت، مەبەستی ئەم چاپە پرۆپاگەندەیە. وە بەدڵنیاییەوە، لە حاڵێکی لەم چەشنەدا، مارکس خۆیشی، ئەو کارەی ڕابووردووی، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٩، لەگەڵ تێڕوانینە نوێکانی گونجاندەوە. دووبارە بەدڵنیاییەوە ئەو هەستەم هەیە کە من بە ڕۆحی ئەوەوە کار دەکەم کاتێک چەند گۆڕانکاری و زیاد کردنێک دەبەمە ناو ئەم چاپەوە کە پێویستن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە هەموو خاڵە سەرەکیەکاندا[2].

بۆیە هەر لە پێشدا بە خوێنەر دەڵێم: ئەمە نامیلکەکەیە، بەڵام وەک ئەوە نا کە مارکس لە ١٨٤٩ دا نووسیوویەتی، بەڵکو وەک ئەوەی کە ڕەنگ بوو مارکس بەمجۆرەی بنووسیایە لە ١٨٩١ دا. زیاتر لەوەیش، تێکستە ئەسڵیەکە خۆی، ژمارەیەکی زۆری لەبەر دەستدایە کە ئەوانە بەسن، هەتا من لە ئایندەدا، سەرلەنوێ لە چاپی دەدەمەوە لە ناو دانراوەکانی مارکس خۆیدا بەبێ دەستکاری.

سەنتەری گۆڕانکاریەکەی من دەربارەی یەک خاڵە. بەپێی وێنە ئەسڵیەکە، کرێکار کارەکەی دەفرۆشێت بە کرێی کار، ئەو کرێیەش لە سەرمایەدار وەردەگرێت؛ بەپێی ئەم تێکستەی ئێستا، ئەوە هێزی کارەکەیەتی[3] ئەو دەیفرۆشێت. پێویستیشە هۆکاری ئەو دەستکاریە ڕوون بکەمەوە بۆ کرێکاران، هەتا تێبگەن ئەمە شتێکی بچووک نیە، بەڵکو لێرەدا لە خاڵێکی گرنگی نێو هەموو ئابووری سیاسی دەدوێین؛ وە هەتا برجوازیەکانیش ببینن ئەو کرێکارانەی کە هیچ خوێنەواریەکیان نیە، زۆر ئاسان، لە قورسترین شیکردنەوەی ئابووری تێدەگەن، ئەوان زۆر لە “ڕۆشنبیرە” لووتبەرزەکان باشترن کە لە لایان، ئەم جۆرە پرسە ئاڵۆزانە، بە درێژایی تەمەنیان، بێ چارەسەر دەمێننەوە.

ئابووری سیاسی کلاسیکی[4]، ئەم تێبینیەی لە پراکتیزە کردنی پیشەسازیەوە وەرگرتووە کە خاوەن پیشەسازی، کاری کرێکار دەکڕێت و کرێکەی دەدات. ئەم ئایدیایە زۆر بەسوود بوو بۆ مەبەستە بازرگانیەکانی پیشەسازی، بۆ ژمێریاری و ئەژمار کردنی نرخ. بەڵام زۆر ساویلکانە هاتۆتە نێو ئابووری سیاسیەوە، وە بەڕاستی هەڵەیەکی سەرسووڕهێنەرو شێوانشێکی زۆری بەرهەمهێناوە.

ئابووری سیاسی وا دەبینێت ئەوە ڕاستیەکی نەگۆڕە کە نرخی هەموو کاڵاکان، وە نرخی ئەو کاڵایەیشی ناودەبرێت بە “کار”، بەردەوام دەگۆڕدرێن؛ وە بە هۆکاری بارودۆخی ئێجگار هەمەچەشنە، بەرزدەبنەوەو نزم دەبنەوە، وە زۆر جار هیچ پەیوەندیەکی نیە بە بەرهەمهێنانی خودی کاڵاکە خۆیەوە، بەجۆرێک وا دەردەکەوێت، نرخ، وەک بنکەیەکی گشتی، به ڕێکەوتێکی ڕووت دەستنیشان بکرێت. لەبەر ئەوە، کاتێک ئابووری سیاسی وەک زانست خۆی نیشاندا، ئەوکاتە ئیتر یەکەمین ئەرکی، بووە ئەوەی ئەو یاسایە بدۆزێتەوە کە دەکەوێتە پشت ئەم ڕێکەوتەوە، ئەو یاسایەی بەڕوونی نرخی کاڵاکان دەستنیشان دەکات، وە بە ڕاستی کۆنترۆڵی ئەم ڕێکەوتە دەکات. وە لەنێو هەڵبەزودابەزو یاریکردنی نرخی کاڵاکاندا کە جارێک بەرز دەبێتەوەو جارێکی تر نزم، خاڵی سەرەکی نەگۆڕ، ئەو هەڵبەزودابەزو یاریانەیە کە ئەم باسە لە دەوری دەخولێتەوە. بە کورتی، ئابووری سیاسی لە نرخی کاڵاکانەوە دەست پێدەکات و لەوێوە دەکەوێتە گەڕان لەدوی بەهای کاڵا بەو واتایەی یاسایەکی ڕێکخەرە، دەتوانرێت بەهۆیەوە هەموو هەڵبەزودابەزەکانی نرخ شیبکرێتەوە، ئەو هەڵبەزودابەزانەی دواجار نرخی هەموو کاڵاکان دێنێتەوە خوارەوە.

بە هەرحاڵ، ئابووری سیاسی کلاسیکی، ئەوەی دۆزیوەتەوە کە بەهای کاڵا بەو کارە پێویستەی تیایا بەرجەستەبووە بۆ بەرهەمهێنانی، دەستنیشان دەکریت، وە ئیتر ئابووری سیاسی ڕازی دەبێت بەم شیکردنەوەیە. دەبا ئێمەیش لێرەدا، هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم خاڵە بکەین. بەڵام بۆ ئەوەی خۆمان لە هەموو تێگەیشتنێکی هەڵە بەدوور بگرین، دەبێت خوێنەر ئاگادار بکەم لەوەی ئەو شیکردنەوەیە لەم ڕۆژگارەماندا، بە تەواوی نەگونجاوە.

مارکس یەکەم کەس بوو کە بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر توانای کار کردووە لە دروست کردنی بەهادا، وە ئەوەی دۆزیەوە کە هەموو کارێکی پێویست بۆ  بەرهەمهینانی کاڵایەکی دیاری کراو، لە هەموو حاڵێکدا، چەندایەتیەک لە بەها ناخاتە سەر ئەو کاڵایە کە بگونجێت لەگەڵ ئەو کارەی تیایا بەکارهێنراوە. لەبەر ئەوە، ئەگەر ئەمڕۆ بەکورتی، لەگەڵ ئابووریزانەکانی وەک ڕیکاردۆدا گووتمان، بەهای کاڵایەکی دیاریکراو بە کاری پێویست بۆ بەرهەمهینانی دەستنیشان دەکرێت، بەوە هەمیشە مەبەستمان دەستنیشان کردن و سنووردار کردنەکانی مارکسە. ئەمە بەسە بۆ ئەم مەبەستەی ئێستامان. زانیاریەکانی تریش لە کتێبەکەی مارکسدا دەدۆزینەوە “ڕەخنەی ئابووری سیاسی: (١٨٥٩)”، وە هەروەها “بەرگی یەکەمی سەرمایە”.

بەڵام هەر ئەوەندەی ئابووریزانەکان گەیشتنە ئاستی دیاری کردنی بەها بە کار، ئەمەیش بەو کاڵایەی ناودەبرێت بە “کار”، ئیتر لە ناکۆکیەکەوە کەوتنە نێو ناکۆکیەکی ترەوە.

چۆن بەهای “کار” دەستنیشان دەکرێت؟ بە کاری پێویستی بەرجەستە بوو تێیدا. بەڵام چەندێک کار لە کاری کرێکاردا بەرجەستە دەبێت لە ڕۆژێکدا، لە هەفتەیەکدا، لە مانگێکدا، لە ساڵێکدا؟ ئەگەر کار پێوەری هەموو بەهاکان بێت، ئەوا تەنها لە کاردا دەتوانین، دەربڕینێک لە بارەی “بەهای کار” ەوە بکەین. بەڵام ئێمە هیچ نازانین لەبارەی بەهای کاژێرێکەوە لە کار، ئەگەر هەر تەنها ئەوە بزانین کە هاوسانە بە کاژێرێک لە کار. بۆیە بەمە ئەوەندەی تاڵە موویەک لە ئامانجەکەمان نزیک نابینەوە؛ بەڵکو هەر لە بازنەیەکدا دەسووڕێینەوە.

لەبەر ئەوە، ئابووری سیاسی هەوڵیداوە، ڕێگایەکی تر بەکاربهێنێت. ئەو دەڵێت: بەهای کاڵایەکی دیاریکراو بەرابەری تێچوونی بەرهەمهێنانەکەیەتی. بەڵام ئایا تێچوونی بەرهەمهێنانی “کار” چیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، ئابووریزانەکان ناچار بوون بەوەی کەمێک لۆژیک ڕاکێشن. وە لەبری ئەوەی پشکنینێک بۆ تێچوونی بەرهەمهێنان بکەن لە خودی کار خۆیدا،  کە بەداخەوە، ئەمە لەلای ئەوان ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت، ئەوا ئەوان دەکەونە پشکنینی  تێچوونی بەرهەمهێنانی کرێکار. ئەمەی دوایی دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت. ئەمەیش بەپێی کارو بارودۆخ دەگۆڕدرێت، بەڵام لە بارودۆخێکی دیاریکراوی کۆمەڵگادا، لە شوێنێکی دیاریکراودا، وە لە لقێکی دیاریکراوی  بەرهەمهێناندا، لای کەم لەنێو سنووری بەرتەسکی خۆیدا. ئێمە لەمڕۆژگارەدا لە سایەی ڕژێمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا دەژین، کە بەردەوام لە سایەیدا، چینێکی گەورە لە دانیشتوان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەکات و زیاد دەکات، وە ئەو چینە ناتوانێت بژی تەنها بە کار کردن نەبێت بۆ خاوەنی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان –خاوەنی ئامرازو ئامێرو ماتریالە خاوەکان و کەرەسەکانی بژێوی. وە لەسەر بنەمای ئەم شێوازی بەرهەمهینانە، تێچوونی بەرهەمهێنانی کرێکار، کۆی کەرەسەکانی بژێوی دەگرێتەخۆ (تەواوی نرخەکەی بە پارە) کە بە شێوەیەکی مامناوەندی پێویستە بۆ ئەوەی توانای کار کردنی بداتێ، بۆ پارێزگاری کردنی ئەو توانایە بۆ کار کردن، وە بۆ ئەوەیشی لە کاتی نەمانیدا، کرێکارێکی تر بخرێتە جێگای، ئیتر بەهۆی تەمەنەوە بێت یان نەخۆشی یان مردن – ئەم بژێویەیش، وەک دەڵێن، بۆ زاووزێی چینی کرێکارە بە ژمارەیەکی پێویست.

گریمان نرخی نەختینەیی کەرەسەکانی بژێوی بەشێوەیەکی مامناوەندی، بریتیە لە ٣ شیلینگ لە ڕۆژێکدا. واتە کرێکارەکەمان لە ڕۆژێکدا، ٣ شیلینگ لە خاوەن کارەکەی وەردەگرێت. بۆ ئەمەیش سەرمایەدارەکە، ١٢ کاژێر لە ڕۆژێکدا کاری پێدەکات،  زیاتر لەوەیش، کاپیتالیستەکە، لەسەر ئەم تەرزە، ژمێرەکانی دەکات: با وایدابنێین کرێکارەکەمان (ئامێر بەکارهێنەکە)، لەسەریەتی پارچە ئامێرێک دروست بکات و لە ڕۆژێکدا تەواوی بکات. وە گریمان ماتریالە خاوەکان –ئاسن و مس، وەک پێویست ئامادەن- وە ٢٠ شیلینگیان تێدەچێت؛ وە بەکاربردنی خەڵوز لە ئامێرێکی هەڵمیداو بەکاربردنی ئامێرەکەیش خۆی، وە هەر ئامرازێکی تریش کە لە کرێکارەکەوە بەکاردەهێنرێت، لە ڕۆژێکدا، بەو جۆرەی ١ کرێکار بەکاری دەهێنێت، بەهاکەی ١ شیلینگە. لە گریمانەکەماندا، کرێی کار بۆ یەک ڕۆژ ٣ شیلینگە. هەر بەوجۆرە، کۆی تێچوونی پارچە ئامێرێک ٢٤ شیلینگە.

بەڵام سەرمایەدارەکە وای ئەژمار دەکات، نرخێکی مامناوەندیی، بە بڕی ٢٧ شیلینگ، لە کڕیارەکانی دەست دەکەوێت. واتە ٣ شیلینگ لە سەروو خەرجیەکانیەوە.

ئەم ٣ شیلینگەی سەرمایەدارەکە دەیخاتە گیرفانی، لە کوێوە هات؟ بەپێی ئابووری سیاسی کلاسیکی، کاڵا بە بەهای مامناوەندی دەفرۆشرێتەوە، واتە بە نرخێک کە دەگونجیت لەگەڵ چەندایەتیەکی پێویستدا لە کار کە لەو کاڵایانەدا بەرجەستە دەبێت. واتە نرخە مامناوەندیەکەی پارچە ئامێرەکەمان -٢٧ شیلینگ- یەکسان دەبێت بە بەهاکەی، یەکسان دەبێت بەو کارەی بەرجەستە بووە تیایا. بەڵام ٢١ شیلینگ لەو ٢٧ شیلینگە، بەهایەک بوو هەبوو بەر لەوەی بەکارهێنەری ئامێرەکە دەست بکات بە کار؛ ٢٠ شیلینگیان بۆ ماتریالی خاو بوو، ١ شیلینگ بۆ ئەو خەڵوزەی لە کار کردندا بەکار دەبرێت، لەگەڵ ئامێرو ئامرازەکانی نێو ئەو پرۆسێسە کە توانایان بەرامبەر بەو چەندایەتیە لە بەها دادەبەزێت. ٦ شیلینگ دەمێنێتەوە کە دەچێتە سەر بەهای ماتریالە خاوەکان. بەڵام بەپێی گریمانەی ئابووریزانەکانمان، ئەو ٦ شیلینگە، تەنها بە کاری کرێکارەکە زیادی کردووە کە چۆتە سەر بەهای ماتریالە خاوەکان. بەم پێیە، ١٢ کاژێر کارەکەی، بەهایەکی نوێی دروست کردووە بڕەکەی ٦ شیلینگە. لەبەر ئەوە، بەهای ١٢ کاژێرەکەی، بەرابەری ٦ شیلینگە. ئا بەم چەشنە، لە کۆتاییدا “بەهای کار” مان دۆزیەوە.

“نا، نا، بوستە!” –ئامێر بەکارهێنەکە هاوار دەکات. ٦ شیلینگ؟ بەڵام من تەنها ٣ شیلینگم دەستکەوتووە! سەرمایەدارەکە سوێند دەخوات بەهای ١٢ کاژێر لە کارەکەی من، ٣ شیلینگ زیاتر ناهێنێت، وە ئەگەر داوای ٦ شیلینگ بکەم، دەستدەکات بە پێکەنین پێم و دەڵێت ئەمە چیە ئەم حیکایەتە؟”.

ئەگەر بەر لەمە لەگەڵ بەهای کارەکەماندا، گەیشتبێتینە بازنەیەکی خاڵی، ئەوا ئێستا، بەدڵنیاییەوە، ڕاستەوخۆ ڕاکێشراوینەتە نێو  ناکۆکیەکەوە کە چارەسەری نیە. ئێمە لە دوای بەهای کار گەڕاین، وە زیاتر لەوەیشمان دۆزیەوە کە دەتوانین بەکاری بهێنین. سەبارەت بە کرێکارەکە، بەهای ١٢ کاژێر لە کار  ٣ شیلینگە؛ سەربارەت بە سەرمایەدارەکە ٦ شیلینگە، ٣ شیلینگ وەک کرێی کار، دەداتە کرێکارەکەو ئەو ٣ شیلینگەیشی دەمێنێتەوە دەیخاتە گیرفانی خۆی. هەر بەم پێیە، کار یەک بەهای نیە، بەڵکو دوو بەهای هەیە، بەڵکو تەنانەت، دوو بەهای تەواو جیاواز !

ئەم ناکۆکیە هەر زیاتر دەبێت، ئەگەر ئەو بەهایەی بە نەخت دەردەبڕدرێت، نەگێڕدرێتەوە بۆ کاتی کار. لە ١٢ کاژێر کاردا، بەهایەکی ٦ شیلینگی نوێ دروستکراوە. بۆیە لەو ٦ کاژێرەدا، ئەو بەها نوێیەی دروستکراوە، یەکسانە بە  ٣ شیلینگ –واتە ئەو بڕەی کرێکارەکە لە بری ١٢ کاژێر کار وەری دەگرێت. کرێکارەکە لە ١٢ کاژێر کاردا، بەرهەمێکی هاوسان بە ٦ کاژێر کار وەردەگرێت. کەواتە، ئێستا ناچارین بە وەرگرتنی یەکێک لەم دوو دەرئەنجامە: یان کار دوو بەهای هەیە،  یەکێکیان دووجار لەوی تریان زیاترە، وە یان ١٢ یەکسانە بە ٦. لە هەردوو حاڵەکەیدا، دەگەینە دەرئەنجامێکی بێگەردی هیچ و پووچ. هەرچەندیش فێڵباز بین، هەرگیز لەم ناکۆکیە دەرناچین، ئەمە ئەگەر هاتوو هەر لە کڕین و فرۆشتنی “کار” و “بەهای کار” دواین. وە هەر ئەمەیشە تووشی ئابووریزانەکانمان هاتووە. دواین لقی ئابووری سیاسی کلاسیکی –واتە قوتابخانەکەی ڕیکاردۆ- تا ئاستێکی گەورە، لەم ناکۆکیەدا شکستی خوارد. ئابووری سیاسی کلاسیکی کەوتە ڕێگایەکی داخراوەوە. ئەو کەسەی ڕێگای دەرچوونی ئەو ڕێگا داخراوەی دۆزیەوە، ئەوە کارل مارکس بوو.

ئەوەی ئابووریزانەکان دایدەنێن بە تێچوونی بەرهەمهێنانی “کار”، ئەوە تێچوونی کار نیە، بەڵکو تێچوونی بەرهەمهێنانی کرێکارە زیندووەکە خۆیەتی. وە ئەوەی کرێکارەکە دەیفرۆشێت بە سەرمایەدارەکە ئەوە کارەکەی نیە.

مارکس دەڵێت: “کرێکار هەر ئەوەندەی دەستی کرد بە کار، ئیتر کارەکەی موڵکی خۆی نیە، بۆیە ئیتر لە کرێکارەکەوە نافرۆشرێت”.

لانی زۆر، ئەو دەتوانێت کارەکەی ئایندەی بفرۆشێت، واتە گریمان لە سەریەتی بەشێک لە کارێکی دیاریکراو ئەنجام دەدات لە ماوەیەکی دیاریکراودا. بەڵام ئەو ئا بەم شێوەیە، کار نافرۆشێت (ئەو کارەی کە دەبێت ئەنجامی بدات)، بەڵکو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (ئەمە لە حاڵی کرێی کاری ڕۆژانەدا)، یان بە ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو (ئەمە لە حاڵی کرێی کاردا بە پارچە) هێزی کاری خۆی دەخاتە ژێر دەستی سەرمایەدارەکەوە بەرامبەر بە کرێیەکی کاری دیاریکراو؛ بەواتا، ئەو هێزی کارەکەی دەدات بەکرێ یان دەیفرۆشێت. بەڵام ئەم هێزی کارەی بەستراوە بەخۆیەوەو ناتوانرێت لێی جیا بکرێتەوە. بۆیە تێچوونی بەرهەمهێنانی، هاوسانە بە تێچوونی بەرهەمهێنانی خۆی؛ وە ئەوەی ئابووریزانەکان ناوی دەبەن بە تێچوونی بەرهەمهینانی کار، ئەوە هەر بە تەواوی، تێچوونی بەرهەمهینانی کرێکارە، وە لەوەیشەوە، تێچوونی بەرهەمهێنانی هێزی کارە. وە دەتوانین هەر لێرەیشەوە، لە تێچوونی بەرهەمهێنانی هێزی کارەوە، بگەڕێینەوە بۆ بەهای هێزی کار، وە بریاری ئەو چەندایەتیە لە کاری کۆمەڵایەتی بدەین کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کار لە چەندایەتیەکی دیاریکراودا، هەروەک مارکس ئەمەی کردووە لە بەشی “کڕین و فرۆشتنی هێزی کاردا” لە (سەرمایە، بەرگی ١ دا).

ئێستا، چی ڕوودەدات کاتێک کرێکار هێزی کارەکەی دەفرۆشێت، واتە دوای ئەوەی هێزی کارەکەی دەخاتە ژێر دەستی سەرمایەدارەکە، بەرامبەر بەو کرێی کارەی ڕێکدەکەون لەسەری –ئیتر ئەگەر ئەمە کرێی کار بێت بە ڕۆژانە یان کرێی کار بێت بە پارچە؟ سەرمایەدار کرێکار دەباتە نێو فابریکەکەی یان کارگەکەی کە پێشوەخت هەموو ماتریالێکی پێویستی کاری تێدایە –کەرەسەی خاو، ماتریالە لاوەکیەکان وەک (خەڵووزی بەردین، بۆیە، هتد)، وە ئامرازو ئامێر. وە ئیتر لێرە کارگەرەکە دەستدەکات بە کار کردن. کرێی کارەکەیشی، وەک پێشتر گووتمان، ٣ شیلینگە، وە هیچ جیاوازیەکیشی نیە ئەگەر ئەمە بە ڕۆژانە پەیدا بکات یان بە پارچە. دووبارە گریمان کارگەرەکە، لە ١٢ کاژێردا، بە کارەکەی بەهایەکی نوێ بە بڕی ٦ شیلینگ، دەخاتە سەر ئەو ماتریالە خاوانەی بەکاردەبرێن، ئەو بەها نوێیە، دوای تەواو بوونی پارچەکەو فرۆشتنی، دەست سەرمایەدارەکە دەکەوێت. لەم بەها نوێیە، ٣ شیلینگ دەداتە کرێکارەکەو ٣ شیلینگەکەی تر هەڵدەگرێت بۆ خۆی. جا  ئەگەر کرێکارەکە لە ١٢ کاژێردا، بەهایەکی ٦ شیلینگی دروست بکات، ئەوا ئەو لە ٦ کاژێردا بەهایەک دروست دەکات بڕی ٣ شیلینگە. دەرئەنجام دوای ٦ کاژێر کار بۆ سەرمایەدارەکە، ٣ شیلینگی دەست دەکەوێت وەک کرێی کار. دوای ٦ کاژێر کار، ئیتر هەریەکە ئازادە لەوی ترو هیچی تریشیان ناکەوێتە ئەستۆ بەرامبەر بە یەکتر.

“نا، نا، بوەستە!” ئەمجارە سەرمایەدارەکە هاوار دەکات: “من کرێکارەکەم بۆ ڕۆژێکی تەواو بەکرێ گرتووە، بۆ ١٢ کاژێر. بەڵام ٦ کاژێر هەر تەنها نیوەی ڕۆژەکەیە. کەواتە دەبێت کارەکە بە چالاکیەکی زیندوو تەواو بکرێت تا ٦ کاژێرەکەی تریش تەواو دەبێت –وە تەنها ئەوکاتە، ئیتر هیچمان بەسەر یەکترەوە نامێنێت”. وە لە ڕاستیدا، لەسەر کرێکارەکەیە خۆی ببەستێت بەو ڕێکەوتنەوە کە “هەر بە ئیرادەی خۆی” ڕازی بووە پێی و پەیمانی داوە ١٢ کاژێری تەواو کار بکات بەرامبەر بە بەرهەمی کارێک کە تەنها ٦ کاژێر کاری  تێدەچێت.

ئەمە لە کاری بە پارچەیشدا هەروایە. گریمان کرێکارەکەمان لە ١٢ کاژێردا ١٢ پارچە لە کاڵا دروست دەکات. وە هەموو پارچەیەک ٢ شیلینگی تێدەچێت بۆ ماتریالی خاوو بەکاربردنی ئامێرو دەیفرۆشێت بە دوو شیلینگ و نیو. لە گریمانەکەی پێشووماندا، سەرمایەدارەکە ٢٥ پێنس دەداتە کرێکارەکە بۆ هەر پارچەیەک، کە تێکڕا دەکاتە ٣ شیلینگ بۆ ١٢ پارچە. بۆ ئەمە دەبێت  کرێکارەکە ١٢ کاژێر کار بکات. سەرمایەدارەکە ٣٠ شیلینگی لەو ١٢ پارچەیە دەستدەکەوێت، دوای دەرکردنی ٢٤ شیلینگ لەو بڕە بۆ ماتریالی خاوو بەکاربردنی ئامێر، ٦ شیلینگ دەمێنێتەوە کە سەرمایەدارەکە ٣ ی دەدات بە کرێی کارداو ٣ ی تری، هەروەک جاری پێشوو، دەخاتە باخەڵی خۆی. وە هەروەها لێرەدا، کرێکارەکەیش ٦ کاژێر کار دەکات بۆ خۆی -واتە لە بری کرێی کارەکەی (هەر نیو کاژێر لە ١٢ کاژێرەکە)، وە ٦ کاژێریش بۆ سەرمایەدارەکە.

ئەو ناڕەحەتیەی هەوڵەکانی چاکترین ئابووریناسی تێکشکاندووە، ئەوەیە کە ئەوان لە بەهای کارەوە دەستیان پێکردووە، بەڵام ئێمە لە بەهای هێزی کارەوە دەست پێدەکەین. هێزی کار لەم کۆمەڵگا سەرمایەداریەی ئێستاماندا، کاڵایە وەک هەموو کاڵایەکی تر، هێزی کار، یەکەی هێزی دروستکاری بەهایە، سەرچاوەی بەهایە، زیاتر لەوەیش، سەرچاوەی بەهایەکی زیاترە لەو بەهایەی خۆیی پێ بەرهەم دەهێنێتەوە. لە حاڵی ئێستای بەرهەمهێنانیشدا، هێزی کاری مرۆیی، لە ڕۆژێکدا، هەر تەنها بەهایەکی گەورە تر لەو بەهایە بەرهەم ناهێنێت کە تێچوونی بەرهەمهێنانەوەی خۆیەتی؛ بەڵکو لە هەموو دۆزینەوەیەکی زانستیانەی نوێدا، لە هەر داهێنانێکی تەکنیکی نوێدا، زێدەی بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی بەرزتر دەبێتەوە بە بەراوورد لەگەڵ تێچوونی ڕۆژانەی، ئەمە لە کاتێکا کە هەروەک دەرئەنجامی ئەم حاڵەتە، ئەو بەشە لە ڕۆژی کار کەمدەکاتەوە کە کرێکار تێیدا، بەرابەری کرێی کارەکەی بەرهەم دەهێنێت، لە لایەکی ترەوە، ئەو بەشە لە ڕۆژی کار زیاد دەکات کە کرێکار ناچارە تێیدا، کارێک بە خۆڕایی پێشکەش بکات بە سەرمایەدارەکە.

ئا ئەمە یاسای ئابووری ئەم کۆمەڵگا مۆدێرنەمانە: چینی کارگەر بە تەنها خۆی، هەموو بەهاکان بەرهەمدەهێنێت. بەها هیچ نیە دەربڕینێکی تری کار نەبێت، واتە دەربڕی دەستنیشان کردنی ئەو چەندایەتیە لە کاری کۆمەڵایەتی بەرجەستە بوو، لە کاڵایەکی دیاریکراوی کۆمەڵگای سەرمایەداری ئەم ڕۆژگارەماندا. بەڵام ئەو بەهایانەی کرێکاران بەرهەمیان دەهێنن، ناگەڕێنەوە بۆ کرێکاران خۆیان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی ماتریالە خاوەکان و ئامێرو ئامرازو پارەکانیان، توانای کڕینی هێزی کاری چینی کارگەریان دەداتێ. هەر بەوجۆرە، لە هەموو ئەو شتانەی کرێکاران بەرهەمی دەهێنن، هیچیان بۆ ناگەڕێتەوە، تەنها بەشێک نەبێت. وەک بینیشمان، بەشەکەی تر کە بۆ چینی سەرمایەدار دەمێنێتەوە، لەگەڵ چینی خاوەن زەویوزاردا دابەشی دەکەن[5]، کە ئەمەیش، بە هەموو دۆزینەوەو داهێنانێکی نوێ، زیاتر دەکات، ئەمە لەکاتێکا ئەو بەشەی بۆ چینی کرێکار دەگەڕێتەوە (بۆ هەر تاکێک)، کەمیشەو زۆر لەسەرخۆیش زیاد دەکات، وە یان هەر هیچ زیاد ناکات، لە هەندێ مەرجی دیاریکراویشدا، دەشێت تەنانەت کەم ببێتەوە.

بەڵام ئەم دۆزینەوەو داهێنانەی بە خێراییەکی زۆر دەکەونە پشت یەکتریەوە، وە ئەو زیادبوونە بەردەوامە خێرایەیشی کاری مرۆیی برەو پێدەدات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش زیاد دەکات و هەرگیز نموونەیشی نەبیستراوە، لە دواجاردا، لای کەم، ململانێیەک دروست دەکات، کە ئەم ئابووریەی ئێستای سەرمایەداری، دادەڕووخێنێت. لە لایەکەوە، سامانێکی لەبن نەهاتوو، وە زێدەیەک لە بەرهەمهێنان کە کڕیارەکان توانایان نابێت بیکڕن، لە لایەکی تریشەوە، بەشە

زۆرەکەی کۆمەڵگا کە بە پرۆلێتێر کراون، کراونەتە کرێگرتەو بێتوانا ماون لە دەستکەوتنی ئەو زێدەیەدا لە بەرهەمهێنراوەکان. وە دابەش بوونی کۆمەڵگایش بە چینێکی بچووک کە سنووری نیە لە دەوڵەمەندیدا، وە چینێکی گەورە لەو کرێکارە کرێگرتانەی لە هەموو خاوەندارێتیەک داماڵراون، ئەمەیش یانی ئەوەی ئەم کۆمەڵگایە لە بەرهەمە لێشاوەکانیدا خنکاوە، کەچی  زۆرینەی ئەندامەکانی بە دەگمەن یان بە هیچ جۆرێک لە هەژاریەکی بێسنوور ناپارێزرێن. ئەم مەرجەیش هەموو ڕۆژێک بێهودەتر دەبێت و هیچ پێویستیەکی نامێنێت، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی بۆتە پێویستیەک و توانایش هەیە هەڵبوەشێنرێتەوە. توانای وەدی هێنانی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە، کە ئەم جیاوازیە چینایەتیەی ئەم ڕۆژگارەی تێدا وون ببێت -لەوانەیە دوای تێپەڕبوونێکی کورت، لەگەڵ هەموو کەم و کوڕیەکدا لە هەندێ ڕووەوە، لە هەموو حاڵێکدا، سوودێکی ئەخلاقی گەورەی هەبێت[6]– لەوێدا کەرەسەکانی ژیان دەست دەکەون و لەزەت لە ژیان دەبینرێت، پێشکەوتن و چالاکی جەستەیی و توانای عەقڵی هەموو کەس،  بەهۆی بەکارهێنانێکی سیستماتیکی و گەشەی بەردەوامی هێزە زەبەلاحەکەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگاوە، ئەو هێزەی کە هەر لەگەڵمانا دێت، ئەمە لەگەڵ هاوبەشی کردنی هەمواندا لە کار کردندا بە  یەکسانی. خۆگری کارگەرانیش تادێت زیاتر دەکات بۆ وەدی هێنانی ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیە نوێیە لە هەردوو بەری ئۆقیانووسەوە، لە ڕۆژی هەڵاتنی یەکی ئایارو ڕۆژی یەک شەممەدا، ٣ ئایار[7].

فرێدریک ئینگڵس

لەندەن، ٣٠ ئەپریل ١٨٩١

کاری کرێگرتە و سەرمایە

کارل مارکس 

سەرەتا

لەملاولای جیاوازەوە لۆمە کراوین لەسەر ئەوەی وەسفی ئەو هەلومەرجە ئابووریانەمان نەکردووە کە پێکهێنەری بناغەی ماتریالیستیی خەباتی چینایەتی و نەتەوەکانی هاوچەرخن.

 ئێمە تا ئێستا، بە هەندێ هۆکار، تەنها لەوکاتانەدا، ئەو بارودۆخەمان تاووتوێ کردووە، کە وەک پێویست، لەسەر ئاستی ململانێ سیاسیەکان، خۆیان نیشان داوە.

وە پێویستیش بوو، سەرباری هەموو شتێکی تر، شوێن گەشەی خەباتی چینایەتی بکەوین لە مێژووی ئەم ڕۆژگارەی خۆماندا، وە ئەمەیش تاقیگەییانە بسەلمێنین، بەو ماتریالە مێژووییە بەکردەوانەی ڕۆژانە سەرهەڵدەدەن، وە شکستی چینی کرێکار، ئەو چینەی دینەمۆی جووڵینەری ڕۆژەکانی فێبروەری و مارس[8] بوون، ١٨٤٨، لە هەمانکاتدا شکستی دوژمنەکانی ئەو چینەیش بوو –لە فەرەنسا برجوازیە کۆمارییەکان، لە تەواوی کیشوەری ئەوروپادا چینە برجوازی و جووتیاریەکان –کە لە تێکۆشاندا بوون دژی دەسەڵاتی ڕەهای دەرەبەگایەتی؛ وە سەرکەوتنی “کۆمارە خۆپارێزەکە” لە فەرەنسادا، لە هەمانکاتدا شکستی ئەو نەتەوانە بوو کە وەڵامی شۆڕشی شوباتیان بە جەنگی پاڵەوانانە دایەوە لە پێناوی سەربەخۆییدا؛ دواجاریش ئەوروپا، بە سەرکەوتنی بەسەر کارگەرە شۆڕشگێرەکاندا، گەڕایەوە نێو کۆیلایەتیە کۆنە دوو لایەنیەکەی خۆی، کۆیلایەتی ئەنگلۆ-ڕووسی. ململانێکانی حوزەیران لە پاریسدا، ڕووخانی ڤییەنا، تراژیدیە-کۆمیدیەکەی بەرلین لە نۆڤامبری ساڵی ١٨٤٨ دا، هەوڵە بێ ئومێدەکانی پۆلۆنیاو ئیتالیاو هەنگاریا، وە برسی کردنی ئیرلەندە تا ئاستی خۆبەدەستەودان –ئەمانە ئەو ڕووداوە سەرەکیەکانە بوون کە خەباتی چینایەتی نێوان برجوازیەت و چینی کرێکاری ئەوروپی تێیدا ڕەنگی دەدایەوە، وە هەر بەو هۆیەیشەوە ئەوەمان بۆ سەلمێنرا، هەموو ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێری، کە ئامانجەکەی دوور لە خەباتی چینایەتی دەربکەوتایە، هەردەبوایە وەک پێویست، تووشی شکست بهاتایە تا ئەوکاتەی چینی کرێکاری شۆڕشگێر، سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا؛ -وە هەموو ڕێفۆرمێکی کۆمەڵایەتییش، هەر تەنها یۆتۆپیایەک دەبوو هەتا پرۆلیتاریای شۆڕشگێرو شۆڕشی بەراوەژووی دەرەبەگایەتی ڕووبەڕووی یەکتر وەستانەوە لە جەنگێکی فراوانی جیهانیدا. وە لە لێکۆڵینەوەکەماندا، هەروەک لە واقیعیشدا، بەلجیکاو سویسرا، وێنەیەکی تراژیدی-کۆمیدی کاریکاتێری بوون لە تابلۆیەکی مێژوویی مەزندا، یەکێکیان مۆدێلێکی دەوڵەتی برجوازی پادشایەتی بوو، ئەوی دی مۆدێلیکی دەوڵەتی برجوازیی کۆماری؛ هەردووکیشیان ئەو دەوڵەتانەن خۆیان وا دەردەخەن وەک ئەوەی سەربەخۆ بن لە خەباتی چینایەتی و شۆڕشی ئەوروپییش.

وە ئیتر ئێستا، دوای ئەوەی خوێنەرانمان بینیان، خەباتی چینایەتی لە ساڵی ١٨٤٨ ەوە، لە گەشەیدا، لایەنی سیاسی هەمەجۆرەی  گرتۆتەخۆ، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە زیاتر لە نزیکەوە، بکەوینە پشکنینی خودی ئەو مەرجە ئابووریانەی بوونی چینی سەرمایەداری و سەروەرێتی چینەکەی و کۆیلایەتی کرێکارانیشی لەسەر وەستاوە. ئەم بابەتەیش لە سێ بەشی گەورەدا دەناسێنین:

١-پەیوەندی نێوان کاری کرێگرتەو سەرمایە، کۆیلایەتی کرێکار، سەروەرێتی سەرمایە؛

٢- لەناو چوونی حەتمی چینە برجوازیە ناونجیەکان و ئەوانەی ناودەبرێن بە جووتیاران، لە سایەی ئەم سیستمەدا؛

٣- ملکەچ پێکردنی بازرگانی و چەوساندنەوەی چینە برجوازیەکانی نەتەوە ئەوروپیە جیاوازەکان لە یەک تاکە سەروەری بازاڕی جیهانیەوە -ئینگلترە.

 هەوڵیش دەدەین تا بتوانین ئاسان و میللییانە ئەمە پێشکەش بکەین، وە وایدادەنێین خوێنەر هیچ مەعریفەیەکی پێشوەختی نیە تەنانەت بە سادەترین کۆنسێپتی ئابووری سیاسی. دەمانەوێت کارگەران تێمان بگەن. جگە لەوەیش، جەهلێکی سەرسووڕهێنەرو تێکەڵ کردنی ئایدیاکان دەربارەی ئاسانترینی پەیوەندیە ئابووریەکان، لە هەموو شوێنێکی ئەڵمانیادا سەروەرە، ئیتر ئەمە هەر لەو کەسانەوە کە خاوەنی داهێنانن لە لایەنگیری ئەم بارودۆخەی ئێستادا، تا دەگاتە ئەوانەیشی کە دروستکاری موعجیزەی سۆشیالیستیین لەگەڵ سیاسیە عەبقەریە دان پێدا نەنراوەکانیشدا، ئەمەیش لەو ئەڵمانیا دابەش کراوەدا کە تەنانەت لە ووڵاتی باووباپیرانیان دەوڵەمەند ترە. 

با ئێستا بڕوانینە کێشەی یەکەم.

کرێی کار چیە؟

ئەگەر پرسیار لە ژمارەیەک کرێکار بکەین دەربارەی کرێی کارەکەیان، یەکێکیان وەڵام دەداتەوە: “من لە ڕۆژێکدا یەک شیلینگ لە خاوەن کارەکەم وەردەگرم”، دووهەم وەڵام دەداتەوە: “من دوو شیلینگ وەردەگرم”، وە هەر بەو چەشنە. وە بەپێی ئەو لقە جیاوازانەی پیشەسازی کە کاریان تێدا دەکەن، هەریەکەیان بڕێکی جیاواز دەڵێن لەو پارەیەی لە سەرمایەدارەکەی وەردەگرن بەرامبەر بە کارێکی دیاری کراو، بۆ نموونە بەرامبەر بە چنینی مەترێک قوماش یان ڕێکخستنی کاغەز لە چاپخانەیەکدا. وە سەرباری جیاوازییان لە وەڵامەکانیاندا، ئەوان هەموویان کۆکن لەسەر یەک خاڵ: کرێی کار بڕێک پارەیە کە سەرمایەدارەکە دەیدات، لەبری کاتێکی دیاری کراوی کار، یان لەبری ئەنجامدانی کارێک.

کەواتە سەرمایەدارەکە کاری کرێکارەکان بە پارە دەکڕێت. ئەوانیش لەبری پارە، کارەکەیانی پێ دەفرۆشن. بەڵام ئەمە هەر خەیاڵە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەوان دەیفرۆشن بە سەرمایەدارەکە بەرامبەر بە پارە، ئەوە هێزی کارەکەیانە. سەرمایەدارەکە ئەم هێزی کارە دەکڕێت، ئیتر بۆ ڕۆژێک، هەفتەیەک، مانگێک، وە هەر بەوجۆرە. دوای کڕینی، دەکەوێتە بەکارهێنانی، ئەمەیش بە بەکارهێنانی کارگەرەکە لەو ماوەیەی پێکەوە بریاریان لەسەرداوە. وە هەر بەو بڕە پارەیەی کە سەرمایەدارەکە هێزی کاری کرێکارەکەی کڕیوە، بۆ نموونە بە ٢ شیلینگ، کرێکارەکە دەتوانێت ٢ کیلۆگرام شەکر یان چەندایەتیەکی دیاری کراو لە هەر کاڵایەکی تر بکڕێت. بەو ٢ شیلینگە ٢ کیلۆ شەکر دەکڕێت، واتە ئەوە نرخی ٢ کیلۆ شەکرە. ئەو ٢ شیلینگەی ١٢ کاژێر، بەکارهێنانی هێزی کاری پێکڕدراوە، ئەوە نرخی ١٢ کاژێر کار کردنە. کەواتە هێزی کارەکە، بەبێ زیادو کەم، کاڵایەکە وەک شەکرەکە. یەکەمیان بە کاتژمێر پێوانە دەکرێت، دووهەمیان بە تەرازوو.

کرێکارەکان کاڵاکەی خۆیان، هێزی کارەکەیان، ئاڵوگۆڕ دەکەن لەگەڵ کاڵای سەرمایەدارەکە، لەگەڵ  پارە. زیاتر لەوەیش، ئەم ئاڵوگۆڕە، بە ڕێژەیەکی دیاری کراو ڕوودەدات. ئەوەندە لە پارە بۆ بەکارهێنانی ئەوەندە لە هێزی کار. ٢ شیلینگ بۆ ١٢ کاژێر لە چنین. وە ئایا ئەو ٢ شیلینگەیش، بەرامبەر ناکرێن بە هەر کاڵایەکی تر کە دەتوانم بە ٢ شیلینگ بیانکڕم؟ هەر بەوجۆرە، کارگەرەکە کاڵاکەی خۆی -هێزی کار- گۆڕیوەتەوە بە جۆری جیاواز لە هەموو کاڵاکان، ئەمەیش بە ڕێژەیەکی دیاری کراو. واتە کاتێک سەرمایەدارەکە ٢ شیلینگ دەداتە کرێکارەکە، ئەو چەندایەتیەک لە گۆشت، لە جل و بەرگ، لە گەنم، لە ڕووناکی یان شتی تر دەداتە کارگەرەکە، ئەمەیش لە ئاڵوگۆڕ کردندا بەرامبەر بە ڕۆژی کارەکەی. کەواتە ئەو ٢ شیلینگە دەربڕی پەیوەندیەکە هێزی کاری تێدا ئاڵوگۆڕ کراوە لەگەڵ کاڵای تر، کە ئەوە بەهای ئاڵوگۆڕی هێزی کارە.

بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵایەکی دیاری کراو بە پارە، پێی دەگووترێت نرخی کاڵاکە. کەواتە کرێی کار هەر تەنها ناوێکی تایبەتە بە نرخی هێزی کار کە ناودەبرێت بە نرخی کارەکە، نرخی ئەو کاڵا تایبەتیەی کە تەنها لە گۆشت و خوێنی مرۆڤدا خەزن کراوە.

با یەکێک لە کارگەران وەربگرین، ئیتر هەر جۆرە کارگەرێک بێت، بۆ نموونە چنەرێک. سەرمایەدارەکە دەرزی و دەزووی دەخاتە بەردەست. چنەرەکە دەست دەکات بە کارو دەزووەکە دەکاتە قوماش. سەرمایەدارەکە قوماشەکە دەبات و دەیفرۆشێت، بۆ نموونە بە ٢٠ شیلینگ. ئایا ئەوکاتە کرێی چنەرەکە، بەشێکە لە جلەکان، لەو ٢٠ شیلینگە، لە بەرهەمی ئەو کارە؟ نەخێر، هەرگیز. چنەرەکە بە ماوەیەکی درێژ بەر لە فرۆشتنی جلەکان، تەنانەت بە ماوەیەکی درێژ بە ر لە چنینی قوماشەکە، کرێی کاری خۆیی وەرگرتووە. کەواتە سەرمایەدارەکە ئەو کرێیە لەو پارەیە نادات کە لە قوماشەکە دەستی دەکەوێت، بەڵکو لە پارەیەک دەیدات لەوەوبەر لە دەستیدایە. وە هەروەک چۆن دەرزی و دەزووەکە بەرهەمی چنەرەکە نین -کە سەرمایەدارەکە داوێتیە دەستی- هەر بەو جۆرەیش ئەو کاڵایانەی بە ئاڵوگۆڕ لەگەڵ کاڵاکەی خۆی، لەگەڵ هێزی کارەکەی، دەستی کەوتوون، بەرهەمی ئەو نین. لەوانەیە سەرمایەدارەکە هەرگیز کڕیاری دەست نەکەوێت بۆ جل و بەرگەکان. وە یان تەنانەت ئەو بڕەیشی لە فروشتنی جلەکان دەست نەکەوێتەوە کە داوێتی بە کرێی کاردا. وە لەوانەیشە بە قازانجێکی زۆر بەرزتر لە ڕێژەی کرێی کاری چنەرەکە بیفرۆشێتەوە. بەڵام ئەمانە هیچیان بایەخێکیان نیە لەلای چنەرەکە.

سەرمایەدارەکە بە بەشێک لەو سامانەی هەیەتی، بە بەشێک لە سەرمایەکەی، هێزی کاری چنەرەکە دەکڕێت، بەهەمان شێوە کە بە بەشێکی تر لە سامانەکەی کەرەسەی خاویشی کڕیوە – وەک دەزووەکە، وە ئامرازەکانی کاریشی کڕیوە –وەک دەرزیەکە. دوای کڕینی ئەم شتانە، لە ناویشیاندا هێزی کاری پێویستی کڕیوە بۆ بەرهەمهێنانی قوماشەکە، ئیتر ئەو هەر تەنها بەو کەرەسەی خاوو ئامرازی کارانەی کە بۆتە موڵکی خۆی، دەست دەکات بە بەرهەمهێنان. بێگومان لەنێو ئەو ئامرازانەیشدا، چنەرە باشەکەیشمان یەکێکە لەو ئامرازانەی کار، کە هەر ئەوەندەی دەرزیەکە، بەشی هەیە لە بەرهەمەکەدا (لە جلەکاندا)، واتە لە نرخی بەرهەمەکەدا.

کەواتە کرێی کار بەشی کرێکار نیە لەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت. کرێی کار بەشێکە لەو کاڵایانەی لە پێشدا هەن و سەرمایەدارەکە چەندایەتیەکی دیاری کراوی لە هێزی کاری بەرهەمهێن پێ دەکڕێت.

دەرئەنجام: هێزی کار کاڵایەکە، خاوەنەکەی، واتە کارگەری کرێگرتە، دەیفرۆشێت بە سەرمایەدار. بۆچی دەیفرۆشێت؟ بۆ ئەوەی بژی.

بەڵام بەکارهێنانی هێزی کار لە کاردا، ئەوە دەگەیەنێت، کار دەربڕی زیندووی خودی ژیانی کارگەر خۆیەتی. ئەو ئەم چالاکیەی ژیانی دەفرۆشێت بە کەسێکی تر، ئەمەیش بۆ دابین کردنی ئامرازە گرنگەکانی بژێوی خۆیەتی. وە هەر بەوجۆرە، چالاکیەکەی ژیانی، سەبارەت بە خۆی، هیچ نیە ئامرازێک نەبێت بۆ ئەوەی پێی بژی. ئەو کار دەکات بۆ ئەوەی بژی. کاریش سەبارەت بەو، بەشێک نیە لە ژیانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە قوربانیدانە بە ژیانی. ئەوە کاڵایەکەو ئەو بە مەزادی عەلەنی[9] دەیفرۆشێت بە کەسێکی تر. بۆیە بەرهەمی چالاکیەکەی ئەو، مەبەستی چالاکیەکەی ئەو نیە. ئەوەی ئەو بۆ خۆیی بەرهەم دەهێنێت، ئەوە کرێی کارە، ئەوە ئەو ئاوریشمە نیە ئەو دەیچنێت، ئەو ئاڵتوونە نیە لە کانی ئاڵتوون دەریدەهێنێت، وە ئەو کۆشکەیش نیە بینای دەکات. ئاوریشمەکەو ئاڵتوونەکەو کۆشکەکە سەبارەت بەو، هەر تەنها چەندایەتیەکی دیاری کراوە لە ئامرازەکانی بژێوی، کە لەوانەیە ببێتە چاکەتێک لە لۆکە، یان ووردە پارەیەک لە مس، وە یان ژوورێک لە ژێر زەمینێکدا، وە ئەو کارگەرەی بەدرێژایی ١٢ کاژێر خەریکی ڕێسان، یان چنین، یان کون کردن، یان چاڵ هەڵکەندن، یان بەرد شکاندن، یان شت هەڵگرتن، یان شتێکی تر دەبێت، ئایا ئەو ١٢ کاژێرە لە ڕێسان، یان چنین، یان کون کردن، یان چاڵ هەڵکەندن، یان بەرد شکاندن، دەربڕی ژیانێتی، وەک ژیان؟ نەخێر، ئەمە بە تەواوی بە پێچەوانەوەیە. ژیان سەبارەت بەو، ئەوکاتە دەست پێدەکات کە لەو چالاکیە دەبێتەوە، لەسەر نان خواردنەکەی، لە شوێنی خواردنەوە، لەسەر جێگای خەو. بەڵام ئەو ١٢ کاژێرە، هەرگیز بۆ ئەو، واتای ڕێسان و چنین و کون کردن و شتی لەو جۆرە نیە، بەڵکو مانای دەسکەوتێکە کە بواری دەدات بخوات، بچێتە یانەیەک، بخەوێت. ئەگەر کرمی ئاوریشم خەریکی چنین بوایە بۆ مسۆگەر کردنی ژیانی خۆی وەک کرم، ئەوا دەبووە کرێکارێکی کرێگرتەی نموونەیی.

هێزی کار هەمیشە کاڵا نەبووە. کار هەمیشە کاری کرێگرتە نەبووە، واتە کاری ئازاد نەبووە. کۆیلە هێزی کاری خۆی نەفرۆشتووە بە خاوەن کۆیلەکە، هەروەک چۆن گایەک کارەکەی نافرۆشێت بە جووتیارێک. کۆیلەو هێزی کارەکەی، یەکجارو بۆ هەمیشە فرۆشراون بە خاوەن کۆیلەکان. ئەو کاڵایەکە کە دەتوانرێت لە دەستی ئەم خاوەن کۆیلەوە بچێت بۆ دەستی ئەوی تریان. ئەو خۆی کاڵایە، بەڵام هێزی کارەکەی کاڵای خۆی نیە. کۆیلەی زەویش هەر تەنها بەشێکی هێزی کارەکەی دەفرۆشێت، ئەوە ئەو نیە کرێی کار لە خاوەن زەویەکە وەردەگرێت؛ بەڵکو، ڕاستتر، دەبێت ئەو موڵکانە بداتە خاوەن زەویەکە. کۆیلەی زەوی بەستراوە بە زەویەوەو بەروبومی زەویەکەیش دەداتە سەروەرەکەی. بەڵام کرێکاری ئازاد خۆی، خۆی دەفرۆشێت، بەڵام بەش بەش. ئەو، ئەمڕۆ وەک سبەینێ، هەر بە مەزادی عەلەنی، ٨، ١٠، ١٢، ١٥ کاژێر لە ژیانی، دەداتە هەر کەسێک کە بەرزترین نرخی دەداتێ، دەیداتە خاوەنی کەرەسەی خاوو ئامرازی کارو کەرەسەکانی بژێوی، دەیداتە سەرمایەدارەکە. کرێکار موڵکی خاوەنکار نیەو نەبەستراوە بە زەویەوە، بەڵام ٨، ١٠، ١٢، ١٥ کاژێر لە ژیانی ڕۆژانەی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکەسەی دەیکڕێت. کارگەریش هەرکات ویستی، ئەو سەرمایەدارە جێدەهێڵێت کە خۆیی پێداوە بە کرێ، سەرمایەدارەکەیش هەرکات بۆ خۆی باش بوو، یان کە ئیتر کارگەرەکە بۆ بەکارهێنان دەستی نەدا، یان ئیتر سوودی لێوەرناگرێت، وازی لێدەهێنێت. بەڵام ئەو کرێکارەی تەنها سەرچاوەی دەستکەوتی، هەر فرۆشتنی هێزی کارەکەیەتی، ناتوانێت واز لە هەموو چینی کڕیار، واتە چینی سەرمایەدار بهێنێ، ئەمە ئەگەر واز لە بوونی خۆی نەهێنێت. ئەو نەبەستراوەتەوە بەم یان ئەو سەرمایەدارەوە، بەڵکو بەستراوە بە هەموو چینی سەرمایەداریەوە؛ وە دەبێت ئەو خۆی بگەڕێ تا یەکێک بدۆزێتەوە، واتە کڕیارێک لەو چینە سەرمایەداریەدا بدۆزێتەوە.

وە بەر لەوەی نزیکتر ببینەوە لە پەیوەندی نێوان سەرمایەو کاری کرێگرتە، بە کورتی ئەو بارودۆخە گشتیە لەبەرچاو دەگرین کە کرێی کاری پێ دەستنیشان دەکرێت.

وەک بینیمان کرێی کار، نرخی کاڵایەکی دیاری کراوە، نرخی هێزی کارە. کەواتە کرێی کار، هەر بە هەمان ئەو یاسایانە دەستنیشان دەکرێت کە نرخی هەر کاڵایەکی تری پێ دەستنیشان دەکرێت. بۆیە ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە: چۆن نرخی کاڵا دەستنیشان دەکرێت؟

نرخی کاڵا بە چی دەستنیشان دەکرێت؟

نرخی کاڵا بەهۆی ڕکابەری نێوان کڕیارو فرۆشیارەوە، بە پەیوەندی  نێوان خستنەڕوو داخوازی، بە پێداویستی و پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیە، دەستنیشان دەکرێت. ڕکابەرییش کە نرخی کاڵا دەستنیشان دەکات، سێ لایەنەیە.

هەمان کاڵا، لە فرۆشیاری جیاوازجیاوازەوە پێشکەش دەکرێت. ئەو کەسەی کاڵایەک دەفرۆشێت لە هەمان جۆری ئەوانی تر، بەڵام هەرزانتر لەوان، ئەوا، بەدڵنیاییەوە، ئەوانی تر لە مەیدانەکە دەکاتە دەرەوەو بازاڕێکی گەورەتر بۆ خۆی مسۆگەر دەکات. ئا بەمجۆرە، فرۆشیارەکان لەسەر فرۆشتن، لەسەر بازاڕ، لە تێکۆشاندان دژی یەکتر. هەریەکە لەوان ئارەزووی فرۆشتن دەکات، وە دەیەوێت تا دەتوانێت بفرۆشێت، ئەگەر بۆیشی بلوێت؛ دەیەوێت خۆی تەنها فرۆشیار بێت و هیچ فرۆشیارێکی تر بوونی نەبێت. هەر بۆیە ئەم فرۆشیار لەوی تریان هەرزانترە. هەر بەوجۆرە، ڕکابەریەک لە نێوان فرۆشیارەکاندایە کە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی ئەو کاڵایانەی پێشکەش دەکرێن.

بەڵام لە هەمانکاتدا ڕکابەری لە نێوان کڕیارەکانیشدا هەیە؛ ئەمەیش لەلای خۆیەوە، نرخی ئەو کاڵایانە بەرزدەکاتەوە کە دەخرێنەڕوو.

دواجار ڕکابەری نێوان کڕیارو فرۆشیار ئەوەیە: ئەمیان دەیەوێت هەرزانترین نرخی دەست بکەوێت، ئەویان دەیەوێت بە گرانترین نرخ شت بفرۆشێت. بەڵام دەرئەنجامی ئەم ڕکابەریە لە نێوان کڕیارو فرۆشیاردا، لەسەر پەیوەندی نێوان ئەو دوو ئۆردوگایە وەستاوە کە یادمان خستنەوە، لەسەر ئەوە وەستاوە ئایا ڕکابەری لە سوپای فرۆشیاراندا بەهێز ترە. پیشەسازی، ئەو دوو سوپا گەورەیە بەکێش دەکاتە مەیدانێکەوە دژی یەکتر، هەموو ئەمانەیش، بە شەڕی ناوخۆیی هێزەکانی خۆشیانەوە خەریکن لەنێو ڕیزەکانی خۆیاندا. ئەو سوپایەیشی لە ڕیزەکانی خۆیدا ناکۆکیەکانی کەمترە، بەسەر سوپای دژدا سەردەکەوێت.

گریمان ١٠٠ فەردە لۆکە لە بازاڕدایە، هەر لەوکاتەدا کڕیارەکان، پێویستیان بە ١٠٠٠ فەردە لۆکەیە. ئا لەم حاڵەدا، داخوازی دە جار لە خستنەڕوو زیاترە. بۆیە ڕکابەری لە نێوان کڕیارەکاندا زۆر بەهێزە؛ هەریەکەیان دەیەوێت فەردەیەک، یان ئەگەر بتوانێت، هەر ١٠٠ فەردە لۆکەکەی دەست بکەوێت. ئەمەیش  گریمانەیەک نیە هەروا لەخۆوە هاتبێت. لە مێژووی بازرگانیدا سەردەمی وامان بینیوە بە دەگمەن لۆکەی تێدا دەستکەوتووە، وە سەرمایەدارە هاوپەیمانەکان هەوڵیان داوە؛ نەک هەر ١٠٠ فەردە، بەڵکو هەموو گەنجینەکانی لۆکە بکڕن لە هەموو جیهاندا. لە حاڵێکی ئاوادا، ئەم کڕیار دەیەوێت ئەو کڕیار لە مەیدانەکە بکاتە دەرەوە، ئەمەیش بەوەی نرخێکی ڕێژەیی بەرزتر بدات بە کڕینی لۆکەکە. کاتێک فرۆشیارانی لۆکەکەیش هێزەکانی دوژمن دەبینن لەم ناکۆکیەدا لەنێوان خۆیاندا، وە دڵنیا دەبن لەوەی هەر ١٠٠ فەردەکەیان بۆ دەفرۆشرێت، ئەوجا بەووریاییەوە گوێی یەکتر ڕادەکێشن[10] لەسەر ئەوەی ئا لەو چرکەساتە گرنگەدا کە دژەکانیان پێشبڕکێ دەکەن لەسەر بەرزترین نرخ، نرخی لۆکەکە دانەبەزێنن. واتە هەر لە ناکاوێکدا ئاشتی باڵ بەسەر سوپای فرۆشیارەکاندا دەکێشێت. هەموویان وەک یەک کەس ڕووبەڕووی کڕیارەکان دەبنەوە، وە هەروەک فەیلەسووفەکان شان دەنێن بە شانی یەکەوەو داخوازیەکانیشیان هیچ سنوورێکی نامێنێت، مادام کڕیارەکان سنوورێکی دیاری کراویان لە بەردەمدا نەماوەتەوە.

هەر بەوجۆرە، ئەگەر خستنەڕووی کاڵایەک کەمتر بێت لە داخوازی لەسەری، ئەوکاتە یان ڕکابەریەکی لاواز،  وە یان هیچ ڕکابەریەک لەناو فرۆشیارەکاندا ڕوونادات. بە هەمان ڕێژەی دابەزینی ئەو ڕکابەریە، ڕکابەری نێوان کڕیارەکان بەرز دەبێتەوە. دەرئەنجام: بەرزبوونەوەیەکی کەم یان زۆر لە نرخی کاڵاکاندا.

وەک ئاشکرایشە، گەلێ جار، حاڵەتی پێچەوانەیش دووبارە دەبێتەوە لەگەڵ دەرئەنجامێکی پێچەوانە. زێدەیەکی زۆر لە خستنەڕوو بە پەیوەندی لەگەڵ داخوازی: ڕکابەریەکی توند لە نێوان فرۆشیارەکاندا. کەمی کڕیار: فرۆشتنی کاڵاکان بە نرخێکی ئێجگار هەرزان[11].

بەڵام ئایا بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی نرخ مانای چیە، نرخی بەرزو نرخی نزم چیە؟ دەنکە لم گەورە دەنوێنێت ئەگەر لە مایکرۆسکۆبێکەوە سەیری بکەیت، بورجێکیش بە بەراوورد لەگەڵ شاخێکدا بچووک دەنوێنێت. بەڵام ئەگەر نرخ بە ڕێژەی نێوان خستنەڕوو داخوازی دەستنیشان بکرێت، ئەی ڕێژەی نێوان خستنەڕوو داخوازی بە چی دیاری دەکرێت؟ 

با خۆمان بگەیەنینە یەکەمین سەرمایەدار کە تووشمان دەبێت. ئەو چرکەساتێکیش دوو دڵ نابێت، بەڵام، هەروەک ئەلێکساندەری گەورە[12]، ئەو گرفتە میتافیزیکیە ئاڵۆزە بە خشتەی لێکدان کەم دەکاتەوە. پێمان دەڵێت: “ئەگەر بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایەی دەیفرۆشم ١٠٠ شیلینگ کەوتبێ لەسەرم، لە ماوەی ساڵێکدا ١١٠ شیلینگم دەست دەکەوێت –وەک دەبینیت- ئەمەیش قازانجێکی دروست و گونجاوە. بەڵام ئەگەر لە ئاڵوگۆڕدا ١٢٠ یان ١٣٠ شیلینگم دەستکەوت، ئەمە قازانجێکی بەرزترە؛ خۆ ئەگەر ٢٠٠ شیلینگم دەست بکەوێت، ئەوا ئەمە قازانجێکی نائاسایی زۆر بەرزە. کەواتە ئەم هاوڵاتیە [سەرمایەدارەکە] چ پێوەرێک بەکاردەهێنێت بۆ قازانجەکەی؟ خەرجی بەرهەمهێنانی کاڵاکەی. ئەگەر ئەو بە ئاڵوگۆڕی ئەو کاڵایانە چەندایەتیەکی لە کاڵا دەستکەوت کە تێچوونەکەی کەمتر بێت، ئەوا زیانی پێگەیشتووە. وە ئەگەر ئەو بە ئاڵوگۆڕی ئەو کاڵایانە، چەندایەتیەکی لە کاڵا دەستکەوت کە تێچوونەکەی زیاتر بێت، ئەوا بەمە قازانجی کردووە. وە سەرمایەدارەکە، ئەو دابەزین یان بەرزبوونەوەی قازانجە، بەو ئاستانە کێشانە دەکات کە بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵاکانی لەسەر وەستاوە، واتە ئایا لەسەر یان خوار سفرەوەیە –ئەگەر سفر بە تێچوونی بەرهەمهینانەکە دابنێین.

بینیمان چۆن گۆڕانی هەڵبەزودابەزی خستنەڕوو داخوازی، جارێک نرخی کاڵا زیاد دەکات، جارێک کەم؛ جارێک بەرز جارێک نزم. ئەگەر نرخی کاڵایەک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە بەهۆی شکستی خستنەڕوو، یان بەهۆی داخوازیەکی زۆر ناهاوتاوە لەسەری، ئەوا دەبێت ڕێژەی نرخی چەند کاڵایەکی تر بێتە خوارەوە؛ چونکە بێگومان نرخی کاڵایەک بە پارە هەر بەو ڕێژەیە دەردەبڕدرێت کە کاڵاکانی تریشی پێ دەستنیشان کراوە لە ئاڵوگۆڕدا بەرامبەر بەو کاڵایە، ئەگەر بۆ نموونە نرخی مەترێک قوماشی ئاوریشمین لە ٢ شیلینگەوە بەرزببێتەوە بۆ ٣ شیلینگ، ئەوکاتە نرخی زیو سەبارەت بە ئاوریشم دادەبەزێت، ئەمە هەروەک چۆن نرخی هەموو کاڵاکانی تریش کە لە ئاستی نرخی ڕابووردوویاندا ماونەتەوە، ئەوانیش سەبارەت بە ئاوریشم دادەبەزن. واتە بۆ دەستکەوتنی هەمان چەندایەتی لە ئاوریشم، پێویستە چەندایەتیەکی زیاتر لە کاڵا بدرێت لە بەرامبەریدا. ئینجا ئێستا، دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵایەکی تایبەتی چی دەبێت؟ بڕێکی گەورە لە سەرمایە فڕێ دەدرێتە ناو لقە گەشاوەکانی پیشەسازیەوە، ئەم کۆچ کردنەی سەرمایەیش بۆ نێو ناوچە سەرکەوتووەکانی پیشەسازی، هەر بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی قازانجی ئاسایی فڕێ دەدات، وە هەتا نرخی ئەو کاڵایە بەهۆی زێدەی بەرهەمهێنانەوە دادەبەزێت بۆ خوار تێچوونەکانی بەرهەمهێنان.

بەپێچەوانەیشەوە: ئەگەر نرخی کاڵایەک دابەزی بۆ خوار تێچوونەکانی بەرهەمهێنان، ئەوکاتە سەرمایە لە بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە دەکێشرێتەوە. وە جگە لەو حاڵەتەی کە لقێکی پیشەسازی دیاریکراو تیایا، توانای پڕکردنەوەی داخوازیەکانی ئەو سەردەمەی نامێنێت، وە هیچ لەبەردەمیدا نامێنێت لەناوچوون نەبێت، ئیتر بەرهەمهێنان یان خستنەڕووی ئەو کاڵایە، دادەبەزێت، ئەمەیش بەهۆی گواستنەوەی سەرمایەوە لەو لقەوە، ئەمە تا ئەوکاتەی لەگەڵ داخوازی دەگونجێتەوەو سەرلەنوێ نرخەکەی بەرزتردەبێتەوە بۆ سەروو تێچوونەکانی بەرهەمهێنانی. نرخی هەر کاڵایەک، هەمیشە دەکەوێتە سەرووی یان خوارووی  تێچوونی بەرهەمهێنانیەوە. 

وەک دەبینین، سەرمایە بە بەردەوامی لەم ناوچەیەی پیشەسازیەوە، کۆچ دەکات بۆ ئەو ناوچەی پیشەسازی. نرخی بەرز هۆکاری بەهێزی چوونەژوورەوەیەو نرخی نزمیش هۆکاری بەهێزی چوونە دەرەوەیە.

لە دیدێکی تریشەوە، دەتوانین ئەوە نیشان بدەین، تێچوونەکانی بەرهەمهێنان، نەک هەر تەنها خستنەڕوو، بەڵکو لە هەمانکاتدا داخوازییش دەستنیشان دەکات. بەڵام ئەمەیان ئێجگار دوورمان دەخاتەوە لە باسەکەمان.

بینیشمان هەڵبەزودابەزی خستنەڕوو داخوازی، هەمیشە، سەرلەنوێ، نرخی کاڵا دەگێڕێتەوە بۆ ئاستی تێچوونەکانی بەرهەمهێنان. نرخی بەکردەوەی کاڵایەک، هەمیشە لەسەروو یان خوارووی تێچوونی بەرهەمهێنانەوەیە، بەڵام بەرزبوونەوەو نزم بوونەوە، بەشێوەیەکی ئاڵوگۆڕ، یەکتری پارسەنگ دەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر، لە سەردەمێکی دیاریکراودا، دەرئەنجامی هەڵکشان و داکشانی پیشەسازیمان وەرگرت، بۆمان دەردەکەوێت کاڵاکان، بەپێی تێچوونی بەرهەمهێنانەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، واتە نرخەکانیان بە تێچوونی بەرهەمهێنانیان دەستنیشان دەکرێت.

لەدیدی ئابووریزانە برجوازیەکانەوە توانای دەستنیشان کردنی نرخ نیە بە تێچوونی بەرهەمهێنان. ئابووریزانەکان دەڵێن، نرخی مامناوەندی کاڵاکان، یەکسانە بە تێچوونەکانی بەرهەمهێنانیان: ئەمە یاسایە. ئەوان وایدادەنێن ئەم بزووتنەوە پڕ ئاژاوەیە هەر ڕێکەوتە کە بەرزبوونەوە دەخاتە بری نزم بوونەوەو نزم بوونەوەیش دەخاتە بری بەرزبوونەوە. ئێمەیش دەتوانین، هەروەک چۆن ئابووریزانانی تریش هەروایان کردووە، وایدابنێین هەڵبەزودابەزی نرخ یاسایە، وە دەستنیشان کردنی نرخیش بە تێچوونی بەرهەمهێنان، هەر تەنها ڕێکەوتە –هەروەک چۆن، لە واقیعدا، هەندێکی تر لە ئابووریزانەکان وایان کردووە. بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ووردکردنەوەدا، ئەم هەڵبەزودابەزەی لە نزیکەوە سەرنجێکمان لێدا، مەترسیدارترین وێرانکاری لە قافڵەکەیدا هەڵگرتووە، وە هەروەک بوومەلەرزە، کۆمەڵگای سەرمایەداری هەتا سەر بناغەکەی دەلەرزێنێتەوە- ئەوە ئا ئەم هەڵبەزودابەزەیە، لە ڕێڕەوەکەیدا، نرخ ناچار دەکات لەگەڵ تێچوونی بەرهەمهێناندا بگونجێتەوە. وە ئێمە، لە تەواوی ئەم بزووتنەوە ناڕێکوپێکەدا، ڕێکخستنەکەی ئەم هەڵبەزودابەزە دەدۆزینەوە. لەنێو تەواوی ئەم ئاژاوە دەوریەی پیشەسازیدا، لەم بزووتنە بازنەییەدا، ڕکابەری، بە لادانێک لادانێکی تر پارسەنگ دەکاتەوە.  

هەر بەوجۆرە دەبینین، لە ڕاستیدا، نرخی کاڵا بە تێچوونی بەرهەمهێنان دەستنیشان دەکرێت، بەڵام سەردەمی وایش هەیە، نرخی ئەو کاڵایانە، دەچێتەوە سەروو تێچوونی بەرهەمهێنانەوەو سەردەمی وایش هەیە دەچێتەوە خوار تێچوونی بەرهەمهێنان، وە بە پێچەوانەیشەوە. بێگومان ئەمە بۆ تاکە بەرهەمێکی دیاریکراوی نێو یەک پیشەسازی دروست نیە، بەڵکو بۆ تەواوی لقێکی پیشەسازی دیاریکراو دروستە. واتە ئەمە بۆ یەک تاکە کارگە  دروست دەرناچیت، بەڵکو بۆ هەموو چینە خاوەن پیشەسازیەکان دروستە.

دەستنیشان کردنی نرخ بە تێچوونی بەرهەمهێنان، هاوسانە بە دەستنیشان کردنی نرخ بە کاتی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا، چونکە تێچوونی بەرهەمهێنان، لە کەرەسەی خاوو بەکاربردنی ئامرازەکان پێکدێت، واتە لەو  بەرهەمە پیشەسازیانەی کە بەرهەمهێنانیان ژمارەیەکی دیاریکراو، ڕۆژی کاری تێچووە، لەبەرئەوە ئەمە چەندایەتیەکی دیاریکراو لە کاتی کار نیشان دەدات، دووهەمیش لە کاری ڕاستەوخۆ، کە بە وەخت پێوانە دەکرێت.

کرێی کار بە چی دەستنیشان دەکرێت؟

هەمان ئەو یاسا گشتیانەی نرخی کاڵا ڕێک دەخەن بە گشتی، هەر ئەوانیشن بەشێوەیەکی سروشتی، کرێی کار، واتە نرخی هێزی کار ڕێک دەخەن. کرێی کاریش، جارجارە بەرز دەبێتەوەو ناوبەناویش دادەبەزێت، ئەمەیش بە پەیوەندی نێوان خستنەڕوو داخوازی، بەپێی ئەوەی ڕکابەری چ فۆرمێکی وەرگرتووە لە نێوان کڕیارانی هێزی کاردا، لە نێوان سەرمایەداران و فرۆشیارانی هێزی کاردا، واتە کارگەران. هەڵبەزودابەزی کرێی کار، بەگشتی وەک هەڵبەزودابەزی نرخی کاڵاکانە. بەڵام لەنێو سنوورەکانی ئەو هەڵبەزودابەزەدا، نرخی هێزی کار، بە تێچوونی بەرهەمهێنان دەستنیشان دەکرێت، بە کاتی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە: هێزی کار.

کەواتە، تێچوونی بەرهەمهێنانی هێزی کار چیە؟

ئەمە بە خەرجیی پێویست بۆ مانەوەی کرێکار وەک کرێکار، وە بۆ خوێندن و ڕاهێنانیشی وەک کرێکار، دەستنیشان دەکرێت.

بۆیە هەتا کاتی پێویست کورتتر بێت بۆ ڕاهێنانی لەسەر کارێکی تایبەتی، تێچوونی بەرهەمهێنانی کارگەریش کەمتر دەبێتەوە، نرخی هێزی کارەکەی، واتە کرێی کارەکەی کەمتر دەبێتەوە. وە لەو لقە پیشەسازیانەدا کە هیچ ڕاهێنانێکی پیشەیی پێویست نیە، وە هەر تەنها بوونی کەرگەرەکە خۆی بەسە لەوێدا، تێچوونی بەرهەمهێنانی کەرگەرەکە سنووردار دەبێت بەو کاڵا پێویستانەی کە کارگەر لە مەرجەکانی کار کردندا دەهێڵێتەوە. بۆیە ئەمە بە نرخی پێداویستیە گرنگەکانی بژێوی دەستنیشان دەکرێت.

ئا لێرەدا، تێڕوانینێکی تر دێتە ناوەوە. ئەو خاوەن پیشەسازیەی تێچوونی بەرهەمەکەی و بەپێی ئەوەیش؛ نرخی بەرهەمەکەی ئەژمار دەکات، هەر بەوجۆرەیش بەکاربردنی ئامرازەکانی کاریش ئەژمار دەکات. ئەگەر بۆ نموونە ئامێرێک ١٠٠٠ شیلینگ بکەوێت لەسەری، وە ئەو ئامێرە لە ١٠ ساڵدا بەکارببرێت، ئەوکاتە ئەو، بۆ هەر ساڵێک، ١٠٠ شیلینگ دەخاتە سەر نرخی کاڵاکە هەتا بتوانێت دوای ١٠ ساڵ، ئامێرە بەسەرچووەکە بگۆڕێت بە ئامێرێکی نوێ. بە هەمان شێواز، دەبێت تێچوونی بەرهەمهێنانی هێزی کارێکی سادە، تێچوونی وەچە خستنەوەیش بگرێتەوە، کە بەهۆیەوە، ڕەگەزی کارگەر زاووزێ دەکات و زیاد دەبێت، وە بەمجۆرە، کارگەرە نوێکان بخاتە جێگای کارگەرە بەسەرچووەکان. هەر بۆیە، کارگەرە بەکاربراوەکان، بە هەمان شێوازی ئامێرە بەکاربراوەکان، ئەژمار دەکرێن.

هەر بەوجۆرە، تێچوونی بەرهەمهێنانی هێزێکی کاری سادە، تێچوونی بژێوی و وەچە خستنەوەی کارگەریش دەگرێتەوە. واتە نرخی تێچوونی بژێوی و زاووزێ، کرێی کار پێکدەهێنێت. هەر بۆیە، دەستنیشان کردنی کرێی کار، ناو دەبرێت بە لانی کەمی کرێی کار. لانی کەمی کرێی کاریش، هەروەک نرخی هەموو کاڵایەک، بە گشتی، بە تێچوونی بەرهەمهێنان دەستنیشان دەکرێت، وە ئەمە هەر تەنها بۆ یەک کەس دروست نیە، بەڵکو ئەمە هەموو ڕەگەزی کارگەر دەگرێتەوە. کارگەر هەیە، بەڵکو لە ڕاستیدا ملیۆنان کارگەر هەن، ئەوەندە بژێویان دەست ناکەوێت، بەشی  مانەوەیان و وەچە خستنەوەیان بکات؛ بەڵام کرێی کاری هەموو چینی کرێکار، لەنێو سنووری هەڵبەزودابەزەکاندا، خۆیان لەگەڵ ئا ئەم لانی کەمی کرێی کارەدا دەگونجێنن.

ئێستا، کاتێک لە زۆربەی ئەو یاسا گشتیانە تێگەیشتین کە حوکم دەکەنە سەر کرێی کارو نرخی هەر کاڵایەکی تریش، ئینجا دەتوانین، بەتایبەت، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بابەتەکەمان بکەین.

سروشتی سەرمایە و گەشەکردنی

سەرمایە پێکدێت لە کەرەسەی خاو، ئامرازی کار، کەرەسەکانی بژێوی بە هەموو جۆرەکانیەوە، ئەمانەیش بەکار دەهێنرێن بۆ بەرهەمهێنانی کەرەسەی خاوی نوێ، ئامرازی نوێی کار، وە کەرەسەی نوێی بژێوی. هەموو ئەم بەشە پێکهێنەرانەی سەرمایەیش، بە کار دروست کراون، بەرهەمی کارن، کاری کەڵەکە بوو، ئەو کارە کەڵەکە بووەیشی وەک کەرەسەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی نوێ، ئەوە سەرمایەیە.

ئابووریزانەکان وا دەڵێن.

کێ کۆیلەی ڕەشپێستە؟ مرۆڤێک لە ڕەگەزی ڕەشپێست. ئەم شیکردنەوەیە هەروەک شیکردنەوەکەی پێشووترە.

ڕەشپێست ڕەشپێستە. بەڵام لە بارودۆخێکی تایبەتیدا دەبێتە کۆیلە. ئامێری چنینی لۆکە ئامێری چنینی لۆکەیە. ئەویش تەنها لە بارودۆخێکی دیاریکراودا دەبێتە سەرمایە. بەدوور لەو بارودۆخەیش، سەرمایە بوونی نیە، ئەمە هەروەک چۆن ئاڵتوون لەخۆوە نابێتە نەخت، شەکر نرخی شەکر وەرناگرێت. 

لە پرۆسێسی بەرهەمهێناندا، مرۆڤ هەر کار ناکاتە سەر سروشت،  بەڵکو لە هەمانکاتدا کار دەکەنە سەر یەکترییش، ئەوان پێکەوە بە کۆمەک و لەسەر شێوازێکی دیاریکراو بەرهەمدەهێنن و چالاکیەکانیشیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. وە لە پێناوی بەرهەمهێنانیشدا، دەکەونە مەرج و پەیوەندی تایبەتیەوە لەگەڵ یەکتر، وە تەنها لە چوارچێوەی ئەو مەرج و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەدا کاریگەریان لەسەر سروشت دەبێت، واتە بەرهەمهێنان دروست دەبێت.

پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان بەرهەمهێنەران و ئەو مەرجانەیشی چالاکیەکانیانی تێدا ئاڵوگۆڕ دەکەن و هاوبەشی تەواوی بەرهەمهێنانیشی تێدا دەکەن، بە پێی خەسڵەتی جیاوازی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، جیاوازن. ئەوکاتەی ئامێری جەنگی، چەکی ئاگراوی، دۆزرایەوە، ئەو چەکە وەک پێویست بووە هۆی گۆڕینی هەموو ڕێکخستنێکی ناوخۆیی سوپا؛ وە ئەو پەیوەندیانەیشی گۆڕی کە تاکەکان سوپایەکی تێدا پێکدەهێنن، وە پەیوەندی نێوان سوپا جیاوازەکانیشی گۆڕی. 

هەر بەوجۆرە، ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەی تاکەکان تێیدا بەرهەم دەهێنن، واتە پەیوەندی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، لە گۆڕاندایە لەگەڵ گۆڕانی کەرەسە ماتریالیستیەکانی بەرهەمهێناندا، لەگەڵ گۆڕان و پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێناندا. پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانیش بە تەواوی، ئەو پەیوەندیانە پێکدەهێنێت کە ناودەبرێت بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، بە کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەک لە قۆناغێکی دیاریکراوی پێشکەوتنی مێژووییدا، کۆمەڵگایەک بە خەسڵەتە دیاریکراوە جیاوازەکانیەوە. کۆمەڵگای کۆن، کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی، وە کۆمەڵگای برجوازی، کۆمەڵێکن لە پەیوەندی بەرهەمهێنان، هەر کۆمەڵگایەک لەوانە، لە هەمانکاتدا قۆناغێکی دیاریکراوە لە قۆناغەکانی پێشکەوتنی مێژووی مرۆڤایەتی.

سەرمایەیش بۆ خۆی پەیوەندیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیە. ئەمە پەیوەندی بەرهەمهێنانی برجوازیە، پەیوەندی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای برجوازی. وە ئایا کەرەسەکانی بژێوی و ئامرازەکانی کارو کەرەسەی خاو کە سەرمایە پێکدەهێنن، ئایا ئەمانە لە مەرجێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا بەرهەم نەهاتوون و کەڵەکە نەکراون، واتە بەپێی پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو؟ ئایا ئەمانە لە مەرجە کۆمەڵایەتە دیاری کراوەکاندا، بۆ بەرهەمهێنانی نوێ بەکارناهێنرێن؟ وە ئایا هەر ئەو خەسڵەتە کۆمەڵایەتیە دیاریکراوە نیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی نوێ وەک سەرمایە؟

سەرمایە هەر تەنها کەرەسەی بژێوی و ئامرازی کارو کەرەسەی خاو نیە، هەر تەنها بەرهەمە ماتریالیستیەکان نیە؛ بەڵکو زیاتر لەوە، بەهای ئاڵوگۆڕیشە. هەموو ئەو بەرهەمانەی سەرمایەیان لێپێکهاتووە، کاڵان. دەرئەنجام سەرمایە، هەر تەنها کۆمەڵێک بەرهەمی ماتریالیستی نیە، بەڵکو کۆمەڵێکە لە کاڵا، لە بەهای ئاڵوگۆڕ، لە قەوارەیەکی  کۆمەڵایەتی. سەرمایە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە ئەگەر لۆکە لە جێی خوری، برنج لە جێی گەنم، پاپۆڕی هەڵمی لە جێی هێڵی ئاسنین دابنێین، بە مەرجێک لۆکە، برنج، پاپۆڕی هەڵمی -واتە جەستەی سەرمایە- بەهایەکی هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕ، کە پێشتر نرخێکی تێدا بەرجەستە بووبێت وەک خوری، گەنم، پاپۆڕ. دەشێت سەرمایە، بەردەوام جەستەی خۆی لە فۆرمێکەوە بگۆڕێت بۆ فۆرمێکی تر، بەڵام بەبێ ئەوەی سەرمایە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت[13].

بەڵام ئەگەرچی هەموو سەرمایەیەک بریتیە لە کۆمەڵێک کاڵا، واتە لە بەهای ئاڵوگۆڕ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەموو کۆمەڵێک لە کاڵا، لە بەهای ئاڵوگۆڕ، سەرمایە بێت.

هەموو کۆمەڵێک لە بەهای ئاڵوگۆڕ بەهای ئاڵوگۆڕن. هەموو بەهایەکی دیاریکراویش کۆمەڵێک بەهای ئاڵوگۆڕن. بۆ نموونە، خانوویەک کە یەکسانە بە ١٠٠٠  پاوەند، بەهای ئاڵوگۆڕەکەی بڕی ١٠٠٠ پاوەندە. تاکە وەرەقەیەک کە بە ١ پێنسە، کۆمەڵێکە لە بەهای ئاڵوگۆڕ کە ١/١٠٠ ی پێنسێکە. ئەو بەرهەمانەی دەتوانرێت ئاڵوگۆڕ بکرێن بە بەرهەمی تر، ئەوانە کاڵان. ئەو ڕێژە دیاریکراوەی ئاڵوگۆڕی ئەو بەرهەمانەی لەسەر دەکرێت، ئەوە بەهای ئاڵوگۆڕیانە، یان، ئەگەر بە پارە دەریان ببڕین، ئەوە نرخەکەیانە. چەندایەتیەکەی ئەو بەرهەمانە، هیچ کاریگەریەک لەسەر خەسڵەتەکانیان جێناهێڵێت وەک کاڵا، وەک دەربڕی بەهای ئاڵوگۆڕ، وەک ئەوەی کە نرخێکی دیاری کراویان هەیە. درەختێک ئەگەر گەورە بێت یان بچووک، هەر درەختە. ئەگەر ئاسن بە کیلۆ یان تەن ئاڵوگۆڕ بکەین بە هەر بەرهەمێکی تر، ئایا ئەمە هیچ لە خەسڵەتەکەی دەگۆڕێت وەک کاڵا، یان وەک بەهای ئاڵوگۆڕ؟ ئاسن چەندایەتیەکەی هەرچەند بێت، هەر کاڵایەکە، ئیتر لە بەهایەکی گەورەتر یان بچووکتردا بێت، لە نرخێکی بەرزتر یان نزمتردا بێت.

بەڵام ئایا چۆن چەندایەتیەکی دیاریکراو لە کاڵا، لە بەهای ئاڵوگۆڕ، دەبێتە سەرمایە؟

ئەمە بەو هۆکارە دەبێتە سەرمایە کە دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیە، یان دەسەڵاتێکە وەک بەشێک لە کۆمەڵگا، پارێزگاری خۆی دەکات و بەهۆی  ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆیشەوە بە هێزی کاری زیندوو، گەشە دەکات.

هەبوونی چینێک کە خاوەنی هیچ موڵکیەتێک نیە جگە لە توانای کار کردن، پێشمەرجی پێویستی سەرمایەیە.

سەرمایە هیچ نیە سوڵتانێک نەبێت لەڕابووردووەوە، کەڵەکەبوونی کار نەبێت کە بەهۆی کارێکەوە وەدی هاتووە پێداویستیە گرنگەکانی ژیانی تێدا بەرجەستە بووەو مۆری سەرمایە دەنێت بە کاری کەڵەکەبووەوە.

سەرمایە لە واقیعێک پێکنەهاتووە کە کەڵەکەبوونی کار تیایا، خزمەتی کاری زیندوو بکات وەک کەرەسەی نوێی بەرهەمهێنان. سەرمایە لە واقیعێک  پێکهاتووە کە کاری زیندوو بەکاردەهێنێت بۆ کەڵەکەبوونی کار وەک کەرەسەیەک بۆ پارێزگاری و زیاد کردنی بەهای ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا.

پەیوەندی کاری کرێگرتە بە سەرمایەوە

ئەوە چیە لە نێوان سەرمایەدارو کرێکاری کرێگرتەدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت؟

کرێکار لە بەرامبەر هێزی کارەکەیدا کەرەسەکانی بژێوی وەردەگرێت؛  سەرمایەدار لە بەرامبەر پێدانی کەرەسەکانی بژێویدا، کاری دەستدەکەوێت، واتە چالاکی بەرهەمهێنەرانەی کرێکار، ئەو هێزە دروستکارەی کە کارگەر بەهۆیەوە، نەک هەر ئەوە دەداتەوە بە سەرمایەدار کە بەکاری دەبات، بەڵکو لە هەمانکاتدا بەهایەکی گەورەتریش دەخاتە سەر ئەو کارە کەڵەکەبووەی لەوەوبەر لەژێر دەستیدا بووە. کرێکار بەشێک لەو کەرەسانە لە سەرمایەدار وەردەگرێت کە پێی دەژی. بەڵام بە چ مەبەستێک کەرەسەکانی بژێوی دەدرێتە کارگەر؟ بۆ بەکار بردنی ڕاستەوخۆ. بەڵام هەر ئەوەندەی ئەو کەرەسانەم بەکاربرد، ئیتر ئەوانە سەبارەت بەمن، گەڕانەوەیان نیە، ئەگەر سەرلەنوێ کات بەکارنەهێنمەوە بۆ پەیدا کردنەوەی ئەو پێداویستیە گرنگانەی درێژە بە ژیانم دەدەن، ئەمەیش بۆ ئەوەی بە کارەکەم بەهایەکی نوێ دروست بکەم لە بری ئەو بەهایانەی لە بەکاربردندا لەدەستم چوون. بەڵام ئەمەیش هەر تەنها بەرهەمهێنانەوەی ئەو هێزە خاوێنەیە کە کارگەر وازی لێدەهێنێت بۆ سەرمایە لە ئاڵوگۆڕدا بەرامبەر بە وەرگرتنی کەرەسەکانی بژێوی. هەر بەو هۆیەیشەوە، کارەکەی نابێتە موڵکی خۆی.

با نموونەیەک وەربگرین. کرێکارێک بە ١ شیلینگ، هەموو ڕۆژەکە لە کێڵگەیەکدا بۆ خاوەن کێڵگەیەک کار دەکات، ئەویش هەموو ڕۆژێک ٢ شیلینگی بۆ مسۆگەر دەکات. بەمە خاوەن کێڵگەکە هەر تەنها ئەوەی دەست ناکەوێتەوە کە داوێتی بە ڕۆژانەی کرێکارەکەدا، بەڵکو دەیکاتە دوو ئەوەندە. واتە ئەو بە شێوازێکی بەردارو بەرهەمهێن، ئەو ١ شیلینگەی لە کرێکارە ڕۆژانەکەدا بەکاربردووە. بە ١ شیلینگ هێزی کاری ڕۆژانەی کرێکارێکی کڕیوە، کە بە بەرهەمی زەویەکە، دوو ئەوەندەی دەداتەوە، وە لەبری ١ شیلینگ دوانی بۆ دەگێڕێتەوە. بەپێچەوانەوە، کرێکارەکە لەبری هێزە بەرهەمهێنەکەی ١ شیلینگی دەست دەکەوێت کە ئاڵوگۆڕی دەکات لەگەڵ پێداویستیەکانی ژیانی کە زوو یان درەنگ بەکاری دەبات، بەڵام دەرئەنجامی کارەکەی دەداتە خاوەن کێڵگەکە. کەواتە ١ شیلینگەکە بە دوو شێواز بەکاربراوە، بەروبوومدار بۆ سەرمایەدارەکە کە لە ئاڵوگۆڕدا بە هێزی کار دوو ئەوەندەی پێڕاکێشاوەتەوە، بێبەریش بۆ کارگەرەکە کە بەو ئاڵوگۆڕە هەر بژێویەکانی دەستکەوتووەو ئەوانیش هەر یەکسەر تەواو دەبن، وە ناشتوانێت سەرلەنوێ ئەو بەهایەی دەست بکەوێتەوە بەبێ دووبارەکردنەوەی ئەو ئاڵوگۆڕە لەگەڵ خاوەن کێڵگەکە. کەواتە کاری کرێگرتە مەرجی پێشوەختی  سەرمایەیەو سەرمایەیەش مەرجی پێشوەختی کاری کرێگرتەیە، هەردووکیان مەرجی یەکترن؛ هەریەکەیان بوونی ئەوی تریانە.

ئایا کارگەرێک لە کارگەیەکی لۆکەدا هەر قوماشی لۆکە بەرهەم دەهێنێت؟ نەخێر، ئەو سەرمایە بەرهەم دەهێنێت. ئەو بەها بەرهەم دەهێنێت، بەهایش سەرلەنوێ زاڵ دەبێتەوە بەسەر کارەکەی ئەودا تا سەرلەنوێ بەهای پێ بەرهەم بهێنێتەوە.

سەرمایە تەنها ئەوکاتە زیاد دەکات کە لەگەڵ هێزی کار ئاڵوگۆڕ دەکرێت، واتە بە بانگهێشی کاری کرێگرتە بۆ نێو ژیان. هێزی کاری کرێکاری کرێگرتە خۆی ئاڵوگۆڕ دەکات لەگەڵ سەرمایە تەنها بۆ زیاد کردنی سەرمایە، واتە بە بەهێز کردنی ئەو دەسەڵاتەی دەیکاتە کۆیلە. هەربۆیە زیادبوونی سەرمایە لە هەمانکاتدا زیادبوونی پرۆلیتاریایە، واتە چینی کارگەر.

لەبەر ئەمە، برجوازیەت و ئابووریزانەکانی وای ڕادەگەیەنن کە بەرژەوەندی سەرمایەدارو کرێکار هەمان بەرژەوەندیە. بەدڵنیاییەوە، لە واقیعدا هەروایە! کرێکار لەناو دەچێت ئەگەر سەرمایە نەیخاتە کار. سەرمایەیش لەنێو دەچێت ئەگەر هێزی کار بەکارنەهێنێت، وە بۆ ئەوەیشی بەکاری بهێنێت، دەبێت بیکڕێت. وە هەتا سەرمایەی بەرهەمهێن خێراتر ئامادە بێت بۆ بەرهەمهێنان، سەرمایە زیاتر دەکات، هەتا پیشەسازی گەشاوەتر بێت، برجوازیەت خۆی دەوڵەمەند تر دەکات، بیزنز باشتر دەبێت، سەرمایەدارەکە کارگەری زیاتری پێویستە، کارگەرەکەیش خۆی گرانتر دەفرۆشێت. هەر لەبەر ئەمە، مەرجی پێویستی ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران، گەشەیەکی خێراتری سەرمایەی بەرهەمهێنە.

بەڵام گەشەی سەرمایەی بەرهەمهێن چیە؟

ئەمە یانی گەشەی دەسەڵاتی کاری کەڵەکەبوو بەسەر کاری زیندوودا؛ ئەمە یانی گەشەی دەسەڵاتی برجوازیەت بەسەر چینی کارگەردا. وە کاتێک کاری کرێگرتە سامانێکی نامۆ بەخۆی بەرهەمدەهێنێت کە زاڵە لەسەری و دژیشێتی، واتە سەرمایە، ئەوا ئەوکاتە ئەو هەر ئەو کەرەسانەی بۆ دەگەڕێتەوە کە دەیخەنەکار، واتە کەرەسەکانی بژێوی، ئەمەیش بەو مەرجەی سەرلەنوێ ببێتەوە بە بەشێک لە سەرمایە، سەرلەنوێ ببێتە دینەمۆیەک کە سەرمایە بەهۆیەوە، ببێتە بزووتنەوەیەکی فراوانی خێراتر.

کاتێک دەڵێن بەرژەوەندیەکانی سەرمایەو بەرژەوەندیەکانی کرێکاران یەک بەرژەوەندین، تەنها ئەوە دەگەیەنێت: سەرمایەو کار دوو لایەنی هەمان پەیوەندین، بوونی یەکێکیان بوونی ئەوی تریشیانە، هەروەک چۆن مەرجی بوونی هەریەکە لە سووخۆرو قەرزکار مەرجی بوونی هەردووکیانە.

هەتا کرێکاری کرێگرتە، کرێگرتە بێت، چارەنووسی بەستراوە بە سەرمایەوە. ئەمەیە شانازیەکانی ئەم کۆمەڵگایە دەربارەی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان کارگەران و سەرمایەداران.

کاتێک سەرمایە گەشە دەکات سنووری کاری کرێگرتەیش گەشە دەسێنێت، ژمارەی کرێکارانی کرێگرتە زیاد دەکات، بەووشەیەک، دەسەڵاتی سەرمایە فراوانتر دەبێت بەسەر ژمارەیەکی زیاتر لەو تاکانەدا.

با باشترین حاڵەت لەبەرچاو بگرین: کاتێک سەرمایەی بەرهەمهێن گەشە دەسێنێت، داخوازی لەسەر کار گەشە دەکات. لەبەر ئەوە نرخی هێزی کاریش، واتە کرێی کار، بەرزدەبێتەوە.

دەشێت خانوویەک گەورە بێت یان بچووک؛ بەڵام ئەو خانووە هەموو داخوازیە کۆمەڵایەتیەکان پڕ دەکاتەوە بۆ نیشتەجێ بوون هەتا خانووەکانی دەوروبەریشی وەک ئەو بچووک بن. بەڵام ئەگەر کۆشکێک لە تەنیشت ئەو خانووە بچووکەوە هەڵکشا بە ئاسماندا، ئەوکاتە ئیتر ئەو خانووە بچووکە دەبێتە خانۆچکەیەک. وە ئیتر ئەو خانووە بچووکە بۆمان ڕوون دەکاتەوە زیندانیەکەی ناوی هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نیە تا پارێزگاری بکات، بەڵام دەتوانرێت لە سایەی شارستانیەتدا، ئەو خانووە بچووکەیش تا ئاستی پێویست بەرز بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر کۆشکەکانی دەوروبەری بە هەمان خێرایی یان بە خێراییەکی زیاتر، گەورە بوون، ئەوا جێنیشتەکەی ئەو خانووە بچووکە هەستی ناڕەحەتیەکی زۆرو ناڕازی بوون و بەرتەنگی تەواو دەکات لە چوار دیوارەکەیدا.

مەرجی پێشوەختی زیادبوونێکی بەرچاوی کرێی کار، گەشەیەکی خێرای سەرمایەی بەرهەمهێن دەخوازێت، گەشەی خێرای سەرمایەی بەرهەمهێنیش گەشەی سامان، خۆشگوزەرانی، پێداویستی کۆمەڵایەتی و ئارەزووە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا بەکێش دەکات. هەر بەوجۆرە، ئەگەرچی ئەمە حەزو ئارەزووەکانی کرێکارانیش زیاد بکات، بەڵام ئەمە ڕاحەتی کۆمەڵایەتی نێو گیانی ئەو، بەردەوام کەم دەکاتەوە، بە بەراوورد لەگەڵ زیاد بوونی ئەو ئارەزووکاریانەی سەرمایەداردا کە هەرگیز دەست کارگەر ناکەوێت، ئەمە بە بەراوورد لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگادا بە گشتی. پێداویستیەکانمان و ئارەزووەکانمان لە کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە ئێمە ئەمە بە پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە پێوانە دەکەین؛ ئێمە ئەمانە بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئامانجانەدا پێوانە ناکەین کە بۆ پڕکردنەوەی ئارەزووەکان بەکاردەهێنرێن، وە لەکاتێکا ئەمانە سروشتێکی کۆمەڵایەتیان هەیە، ئەوا سروشتێکی ڕێژەییان هەیە.

بەڵام کرێی کار، هەرگیز بە تەنها بەو چەندایەتیە دەستنیشان ناکرێت لە کاڵا کە پێی دەگۆڕدرێتەوە. ئەمە فاکتەری هەمەجۆرەی لەخۆ گرتووە. ئەوەی کارگەر دەستی دەکەوێت بەرامبەر بە هێزی کارەکەی، بڕێکی دیاریکراوە لە پارە. بەڵام ئایا کرێی کار هەر بە نرخی ئەو پارەیە دەستنیشان دەکرێت؟

لە سەدەی ١٦-هەمدا، ئاڵوگۆڕی ئاڵتوون و زیو لە ئەوروپادا زیادی کرد. ئەمەیش وەک دەرئەنجامی دۆزینەوەی کانەکان لە ئەمریکاداو ئاسان بوونی کار لەو کانانەدا. هەربۆیە نرخی ئاڵتوون و زیو، بە بەراوورد لەگەڵ هەموو کاڵاکانی تردا دابەزی. بەڵام کارگەران هەروەک پێشووتر، هەمان بڕی پارەی زیوییان وەردەگرت لە بەرابەری هێزی کاریاندا. نرخی نەختینەیی کارەکەیان هەروەک ڕابووردوو مایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کرێی کارەکەیان دابەزی، چونکە ئیتر بە ئاڵوگۆڕی هەمان بڕ لە پارەی زیوی، چەندایەتیەکی کەمتریان لە کاڵاکانی تر دەست دەکەوت. ئا ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە زیاتر گەشەی دایە سەرمایە، ئەمەیش بە گەشەی برجوازیەت لە ١٥٠٠-سەدەکاندا.

با حاڵەتێکی تریش وەربگرین. لە زستانی ١٨٤٧ دا، وەک دەرئەنجامی وەرزێکی خراپ، نرخی گرنگترین کەرەسەکانی بژێوی چووە سەرەوە، نان، گۆشت، کەرە، پەنیر وە زۆری تریش، نرخیان زۆر بەرز بۆوە. گریمان ئەوکاتە، کارگەران، هەروەک پێشتر، هەمان بڕی پارەیان وەرگرتووە بەرامبەر بە هێزی کارەکەیان. ئایا کرێی کارەکەیان دانەبەزیوە؟ بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، بە هەمان پارە، لە ئاڵوگۆڕدا چەندایەتیەکی کەمتریان لە نان، گۆشت، هتد دەستکەوتووە. کرێی کارەکەیان بەمە دابەزیوە، ئەمەیش نەک لەبەر ئەوەی بەهای زیو دابەزیوە، بەڵکو بەوهۆیەوە کە بەهای کەرەسەکانی بژێوی زیادی کردووە.

دواجار، با وایدابنێین نرخی نەختینەیی هێزی کار وەک خۆیەتی، بەڵام نرخی هەموو کاڵا کشتوکاڵی و پیشەسازیەکان بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری نوێ و وەرزێکی باشەوە، دێنە خوارەوە. وە ئیتر کارگەران بە هەمان پارە دەتوانن چەندایەتیەکی زیاتر لە کاڵای هەمەچەشنە بکڕن، بۆیە کرێی کارەکەیان بەرز دەبێتەوە، ئەمەیش تەنها لەبەر ئەوەی بەهای پارەکەیان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

نرخی نەختینەیی هێزی کار، ئەسڵی کرێی کارەکە، لەگەڵ کرێی کاری ئەو کاتە، یان کرێی بەکردەوەدا ناگونجێت، واتە لەگەڵ ئەو چەندایەتیە لە کاڵا کە ئاڵوگۆڕ دەکرێت بە کرێی کار. جا ئیتر ئەگەر باس لە بەرزبوونەوە یان نزم بوونەوەی کرێی کار بکەین، ئەوکاتە نابێت هەر نرخی نەختینەیی هێزی کار لەبەرچاو بگرین، کرێی کاری ئەسڵی، بەڵکو دەبێت لە هەمانکاتدا کرێی بەکردەوەیش سەرنج بدەین.

بەڵام نە کرێی کاری ئەسڵی، واتە بڕی ئەو پارەیەی کرێکار خۆیی پێدەفرۆشێت بە سەرمایە، وە نە کرێی کاری بەکردەوە، واتە ئەو چەندایەتیەی لە کاڵا کە بەو بڕە پارەیە دەیکڕێت، ئەو پەیوەندیە هەڵدەوەشێنێتەوە کە بە زاراوەی کرێی کار دەردەبڕێت.

کرێی کار لە سەروو هەموو شتێکەوە بە ڕێژەی دەستکەوتەکانی سەرمایە دەستنیشان دەکرێت، بە قازانج. بە مانایەکی تر، کرێی کار ڕێژەییە، چەندایەتیەکی ڕێژەییە.

کرێی کاری بەکردەوە دەربڕی نرخی هێزی کارە لە پەیوەندیدا بە نرخی کاڵاکانی ترەوە؛ کرێی کاری ڕێژەیی. لە لایەکی ترەوە ئەو بەشە، دەربڕێکی ڕاستەوخۆی هێزی کارە لەو بەهایەی کە خۆی دروستی کردووە، ئەمە بە پەیوەندی بەو بەشەوە کە دەچێتە سەر کاری کەڵەکەبوو، سەر سەرمایە.

ئەو یاسا گشتیەی بریاری بەرز بوونەوەو نزم بوونەوەی کرێی کارو قازانج دەدات

گووتمان: “کرێی کار بەشی کارگەر نیە لەو کاڵایانەی ئەو بەرهەمی هێناون. کرێی کار بەشێکە لەو کاڵایانەی لەوەوبەر هەبوون و سەرمایەدار چەندایەتیەکی دیاریکراوی لە هێزی بەرهەمهێنی کار پێ کڕیوە”. بەڵام سەرمایەدارەکە دەبێت ئەو کرێی کارەی دەست بکەوێتەوە لە نرخی فرۆشتنی ئەو بەرهەمهێنراوەی کارگەرەکە دروستی کردووە؛ وە ئەوە بنکەیشە کە دەبێت بەشێوەیەک دەستی بکەوێتەوەو کارگەر زێدەیەکیش لە بەها بگێڕێتەوە بۆی لەسەروو تێچوونی بەرهەمهێنانەوە کە لە سەرمایەدارەکەوە خەرج کراوە، واتە دەبێت قازانجێکی دەست بکەوێت.

نرخی فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی کارگەر بەرهەمی دەهێنێت، لە دیدگای سەرمایەدارەکەوە، دابەش دەبێت بە سێ بەشەوە:

بەشی یەکەمیان دەچێتەوە بری نرخی ئەو کەرەسەی خاوو ئامێرو ئامرازو کەرەسەی کارانەی لەوەوە خراونەتە بەردەست؛

دووهەمیان دەچێتە بری پێدانی کرێی کار؛ وە

سێهەمیان زێدەی بەهایە، واتە قازانجی سەرمایەدارەکە.

وە لە کاتێکا بەشی یەکەمیان دەچێتەوە بری بەهایەک کە لەوەوبەر هەبووە، ئەوا ڕوونە کە لە بری کرێی کارو زێدەی بەهای سەرمایەدارەکەیش (قازانجی سەرمایە) هەر هەمووی لەو بەها نوێیەوە وەردەگیرێتەوە، کە بە کاری کارگەرەکە دروست کراوەو دەخرێتەوە سەر بەهای کەرەسەی خاو. بەم مانایەیش دەتوانین کرێی کارو چ قازانج، لە بەراوورد کردنیاندا بە یەکتر، وەک بەشی کارگەر دابنێین.

دەشێت کرێی کاری بە کردەوە وەک خۆی بمێنێتەوە، یان تەنانەت بەرز ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا کرێی کاری ڕێژەیی بێتەخوارەوە. گریمان بۆ نموونە، هەموو کەرەسەکانی بژێوی لە نرخەکانیاندا ٢/٣ [دوو لەسەر سێ] دێنەخوارەوە، بەڵام کرێی کاری ڕۆژانە تەنها ١/٣ دێتەخوارەوە، واتە بۆ نموونە لە ٣ شیلینگەوە بۆ ٢ شیلینگ. وە لەگەڵ ئەوەی کارگەر دوای ئەوەیش هەر دەتوانێت بەو ٢ شیلینگە، چەندایەتیەک لە کاڵا بکڕێت زیاتر لەوەی بە ٣ شیلینگ دەیکڕی، کرێی کارەکەی هەر کەمی کردووە بە بەراوورد بە دەستکەوتی سەرمایەدارەکە. قازانجی سەرمایەداری (بۆ نموونە خاوەن پیشەسازیەک) ١ شیلینگ زیاد دەکات، واتە لە بەرامبەر چەندایەتیەکی کەمتردا لە بەهای ئاڵوگۆڕ، کە دەیداتە کارگەرەکە، دەبێت کارگەرەکە چەندایەتیەکی زیاتر لە بەهای ئاڵوگۆڕ بەرهەم بهێنێت لەچاو ڕابووردوودا. بەم مانایە بەشی سەرمایەدارەکە بە بەراوورد لەگەڵ بەشی کارگەرەکە زیادی کردووە. ئا بەمەیش بەشی ڕێژەیی سەرمایەدارەکە، بە بەراوورد بە بەشی کارگەرەکە زیادی کردووە. دابەش کردنی سامانی کۆمەڵایەتی لە نێوان سەرمایەو کاردا، نایەکسان تر بووە. سەرمایەدارەکە، بە هەمان سەرمایە، چەندایەتیەکی زیاتری لە کار خستۆتە ژێر دەستی خۆی. دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر چینی کارگەردا گەشەی سەندووە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی کارگەر خراپتر بووە، وە ناچاریش کراوە، پلەیەکی تریش بکەوێتە خوار سەرمەیەدارەکەوە.

کەواتە ئەو یاسا گشتیە چیە کەمبوونەوەو بەرزبوونەوەی کرێی کار و قازانج و پەیوەندیە ئاڵوگۆڕەکەیان دەستنیشان دەکات؟

ئەمانە لە ڕێژەیەکی پێچەوانەدا بەرامبەر بە یەکتر دەوەستنەوە. بەشی قازانج زیاد دەکات، بە هەمان ئەو ڕێژەیەی بەشی کرێکارەکە (کرێی کار) کەم دەکات، وە بە پێچەوانەیشەوە. قازانج بە هەمان ئەو ئاستە بەرز دەبێتەوە کە کرێی کاری تێدا کەم دەبێتەوە؛ وە بەو ئاستەیش کەم دەبێتەوە کە کرێی کاری تێدا بەرز دەبێتەوە.

لەوانەیە کەسێک ڕاوێژمان بکات و بڵێت دەستکەوتی چینی سەرمایەدار بە سوود وەرگرتنە لە ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکانی لەگەڵ سەرمایەدارەکانی تردا، بە بەرز بوونەوەی داخوازی لەسەر کاڵاکانی، ئیتر یان وەک دەرئەنجامی کردنەوەی بازاڕی نوێ، یان وەک دەرئەنجامی زیاد بوونێکی وەختی لە داخوازیدا لە بازاڕە کۆنەکەدا، وە هەروەها؛ قازانجی سەرمایەدارەکە لەسەر حیسابی سەرمایەدارەکانی تر زیاد دەکات، ئیتر ئەمە بەچاوپۆشین لە بەرزبوونەوەو کەمبوونەوەی کرێی کار، بە چاوپۆشین لە بەهای ئاڵوگۆڕی هێزی کار؛ وە یان قازانجی سەرمایەدارەکە، بەهۆکاری باشتر بوونی ئامرازی کارو پراکتیزەکردنی مێتودی نوێ لە بەکارهێنانی هێزی سروشت و هتددا بەرزدەبێتەوە. 

لە یەکەمجاردا ناچارین دان بەوەدا بنێین دەرئەنجامەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەرچی بە شێوازێکی پێچەوانەیش ڕووبدات. لە ڕاستیدا قازانج زیادی نەکردووە لەبەر ئەوەی کرێی کار کەمی کردووە، بەڵکو کرێی کار کەمبۆتەوە لەبەر ئەوەی قازانج زیادی کردووە. سەرمایەدارەکە بە هەمان چەندایەتی لە کاری کەسانی تر چەندایەتیەکی گەورەتری کڕیوە لە بەهای ئاڵوگۆڕ، ئیتر بەبێ ئەوەی کرێیەکی زیاتری دابێت بەکار، واتە کار ڕێژەیەکی کەمتری پێدراوە بە بەراوورد لەگەڵ دەستکەوتی سەرمایەدارەکە.

بە پلەی دووهەمیش، پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت، سەرباری هەر هەڵبەزودابەزێک لە نرخی کاڵاکاندا، مامناوەندی نرخی هەر کاڵایەک، ڕێژەیەکە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت لەگەڵ کاڵاکانی تردا، ئەوە بە تێچونی بەرهەمهێنان دەستنیشان دەکرێت. هەربۆیە وەک پێویست، فڕوفێڵە ئاڵوگۆڕەکەی نێو چینی سەرمایەداران هاوسان دەبێتەوە. چاکتر بوونی ئامێرو پراکتیزە کردنی مێتودی نوێ و بەکارهێنانی هێزەکانی سروشت لە بەرهەمهێناندا، بواری ئەوە خۆش دەکات کە لە هەمان کاتی دیاریکراوی کاردا، بە هەمان چەندایەتی لە کارو سەرمایە، ژمارەیەکی زیاتر لە بەرهەم بەرهەمبهێنرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی چەندایەتیەکی گەورەتر لە بەهای ئاڵوگۆڕ بەرهەمبهێنرێت. ئەگەر بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری چنینەوە، لە ماوەی کاژێرێکدا، چەندایەتیکم لە دەزوو دەست بکەوێت کە ١٠٠% زیاتر بێت لەوەی بەر لە داهێنانی ئەو ئامێرە دەستم کەوتووە، بۆ نموونە ١٠٠ کیلۆ لە بری ٥٠ کیلۆ، بە ماوەیەکی درێژ بە ئاڵوگۆڕی ئەو ١٠٠ کیلۆیە، کاڵای زیاترم دەست ناکەوێت لەوەی کە پێشتر لە ٥٠ کیلۆدا دەستم دەکەوت، ئەمەیش لەبەر ئەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان ١/٢ کەمی کردووە، وە بە هەمان تێچوون دوو ئەوەندە بەرهەمم دەست دەکەوێت.

لە دواییدا، ئەو ڕێژەیە هەرچەند بێت کە چینی سەرمایەدار لە ووڵاتێکدا یان لە هەموو بازاڕی جیهانیدا، لەنێو خۆیاندا، قازانجی نێودەست بەرهەمهێنانی پێ دابەش دەکەن، کۆی ئەو چەندایەتیە لە قازانجی نێودەست، هەمیشە هەرچۆن بێت، هیچ نیە زیاد بوونی ئەو چەندایەتیە نەبێت لە کاری کەڵەکەبوو بە بەکارهێنانی کاری ڕاستەخۆ.

لەبەر ئەوە، هەموو ئەم چەندایەتیە بەو ڕێژەیە گەشەدەسێنێت کە سەرمایە بەهێز دەکات، واتە بە هەمان ئەو ڕێژەیەی قازانجی تێدا بەرزدەبێتەوە بە بەراوورد لەگەڵ کرێی کار.

بەرژەوەندیيەکانی سەرمایەو کاری کرێگرتە بە تەواوی ناکۆکن،
کاریگەری گەشەی سەرمایەی بەرهەمهێن لەسەر کرێی کار

هەر بەوجۆرە دەبینین، ئێمە ئەگەر لەنێو پەیوەندیەکانی سەرمایەو کاری کرێگرتەدا بمێنینەوە، بەرژەوەندیەکانی سەرمایەو بەرژەوەندیەکانی کاری کرێگرتە، هەر دژ بە یەکتر دەمێننەوە.

گەشەی خێرای سەرمایە، هاوشانە بە گەشەی خێرای قازانج. قازانجیش بەو خێراییە گەشە دەکات کە نرخی کار -کرێی کاری ڕێژەیی- بە هەمان خێرایی دادەبەزێت. دەشێت کرێی کاری ڕێژەیی داببەزێت، تەنانەت ئەگەر لەو کاتەدا کرێی کاری بەکردەوەیش بەرز ببێتەوە لەگەڵ کرێی کاری ئەسڵیدا، لەگەڵ بەهای نەختینەیی کاردا، ئەمە بە مەرجێک کرێی کاری بەکردەوە بە هەمان ڕێژەی قازانج بەرز نەبێتەوە. ئەگەر بۆ نموونە، لە ساڵە باشەکانی بیزنزدا، کرێی کار ٥% بەرز بووەوە، بەڵام قازانج ٣٠% بەرز ببێتەوە، ئەوکاتە کرێی کاری ڕێژەیی کەم دەبێتەوە نەک زیاد بکات.

بۆیە ئەگەر، داهاتی کارگەر لەگەڵ گەشەی خێرای سەرمایەدا زیادی کرد، ئەوا لە هەمانکاتدا، ئەو بۆشاییە کۆمەڵایەتیە فراوانتر دەبێت کە کارگەرو سەرمایەدار لێکجیادەکاتەوە، هەروەک چۆن دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر کاردا زیاتر دەبێت و پاشکۆیەتی کاریش زیاد دەکات بۆ سەرمایە.

کاتێک دەڵێن “کارگەر بەرژەوەندی لە گەشەی خێرای سەرمایەدایە”، ئەمە تەنها ئەو واتایە دەگەیەنێت: هەتا کارگەر خێراتر سامانی سەرمایەدار زیاد بکات، نانەووردەکەی خۆی زیاتر دەبێت، وە هەتا ژمارەی کارگەران زۆرتر بێت، ژمارەی کۆیلەی پاشکۆ بە سەرمایە هەر زیاد دەکات.

هەر بەوجۆرە، تێبینی ئەوەمان کرد، تەنانەت لە باشترین حاڵیشدا بۆ چینی کارگەر،  رەنگە خێراترین ئاستی گەشەی سەرمایە، ژیانی ماتریالیستی کارگەر چاکتر بکات، بەڵام ئەمە دژایەتی نێوان بەرژەوەندیەکانی ئەوو بەرژەوەندی سەرمایەدار لەنێو نابات. قازانج و کرێی کار، هەروەک ڕابووردوو، بە ڕێژەیەکی پێچەوانە بەرامبەر یەک دەوەستنەوە.

کاتێک سەرمایە بەخێرایی گەشە دەکات، ئەوکاتە کرێی کاریش سەردەکەوێت؛ بەڵام قازانجی سەرمایەدار ئێجگار خێراتر دەبێت. وە ئەوکاتە ژیانی باشتری کارگەر، لەسەر حیسابی بارودۆخە کۆمەڵایەتیەکەی دەبێت. ئەو بۆشاییە کۆمەڵایەتیەیشی جیای دەکاتەوە لە سەرمایەدار فراوان تر دەبێت.

لە کۆتاییدا، ئەگەر بڵێیت: “باشترین بارودۆخی گونجاو بۆ کاری کرێگرتە گەشەی خێرای سەرمایەی بەرهەمهێنە”، هەروەک ئەوە وایە بڵێیت: هەتا خێراتر چینی کارگەر زیاد بکات و ئەو دەسەڵاتە دوژمنە بەهێزتر بکات کە زاڵە بە سەریدا، ئەوەندەیش مەرجەکان باشتر دەبن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سامانی برجوازیەکان زیاتر بکات، دەسەڵاتی سەرمایە بەهێزتر بکات، وە هەر خۆیشی ئەو کەلەپچە ئاڵتوونیە بۆ خۆی دروست بکات کە برجوازیەت کارگەری پێ ڕادەکێشێت بەدوای خۆیدا.

ئایا گەشەی سەرمایەی بەرهەمهێن و بەرز بوونەوەی کرێی کار، زۆر توند پێکەوە گرێ دراون و لێک جیاناکرێنەوە، وەک ئابووریزانە برجوازیەکان دەڵێن؟ پێویستە ئەو ڕاگەیاندنەیان بە ڕاست نەزانین. بەڵکو تەنانەت بە هیچ جۆرێک بەڕاستیان نازانین، کاتێک دەڵێن ئەوەندەی سەرمایە قەڵەو دەبێت، ئەوەندەیش کۆیلەکەی قەڵەو دەبێت. برجوازیەت زۆر ڕووناکبیرە، زۆر ووریایانەیش هەموو شتێک لەبەرچاو دەگرێت، لاسایی دەرەبەگە سەروەرەکانیش ناکاتەوە لە لووت بەرزی و وەهمەکانیاندا کە شانازی بە جل و بەرگە بریقەدارەکەی خزمەتکارەکانیشیەوە دەکات. هەر مەرجی بوونی برجوازیەت خۆی، برجوازیەت ناچار دەکات بە ووریاییەوە بچێتە نێو ژمێریاریەکانیشیەوە. بۆیە لەسەرمانە لە نزیکترەوە، وەڵامی ئەم پرسیارەی خوارەوە بپشکنین.

کاریگەریی گەشەی سەرمایەی بەرهەمهێن چیە لەسەر کرێی کار؟

ئەگەر بە گشتی، سەرمایەی بەرهەمهێنی کۆمەڵگای برجوازی گەشە بسێنێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کەڵەکەبوونی کار، لە هەموو لایەکەوە ڕوویداوە. سەرمایە تاکە تاکەکان لە ژمارەیشیان و لە چەندایەتیەکەیشیاندا زیاد دەکەن. زیادبوونی سەرمایەی تاکە تاکەیش، ڕکابەری نێوان سەرمایەدارەکان زیاد دەکات. زیاد بوونی بڕی سەرمایەکانیش، ئامرازێک بەرجەستە دەکەن کە سوپایەکی کرێکاری بەهێز، بە ئامێری مەزنترەوە، بەکێش دەکات بەرەو مەیدانی جەنگی پیشەسازی.

سەرمایەدارێک تەنها لە فرۆشتندا بە نرخێکی هەرزان، دەتوانێت سەرمایەدارێکی تر لە مەیدانەکە بکاتە دەرەوەو سەرمایەکەی ئەویش بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. وە بۆ ئەوەی بتوانێت بە نرخێکی هەرزانتر شت بفرۆشێت بەبێ ئەوەی تووشی شکست ببێت، دەبێت بە خەرجیەکی کەمتر بەرهەم بهێنێت، واتە دەبێت تا ئەتوانێت، هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کار گەشە پێبدات.

بەڵام هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کار، بەر لە هەرچی، بە فراوان بوون لە دابەشبوونی کارو بەکارهێنانی ئامێرو چاککردنیاندا بە بەردەوامی ڕوودەدات. هەتا سوپای کارگەر گەورەتر بێت و لە نێوانیاندا دابەشبوونی کار فراوانتر بێت، ئامێر بەر بڵاوتر بێت، نرخی ڕێژەیی تێچوونەکانی بەرهەمهێنان نزمتر دەبێتەوە، وە بەروبوومی کاریش زیاتر دەبێت. بۆیە لەنێو سەرمایەدارەکاندا ڕکابەری هەمەچەشنە سەرهەڵدەدات بۆ زیاد کردنی دابەشبوونی کارو ئامێرو بەکارهێنانیان بە ئاستێکی فراوانتر.

ئینجا ئێستا، ئەگەر بەهۆی دابەشبوونێکی گەورەترەوە لە کار، وە بە پراکتیزەکردنی ئامێری نوێ و باشتر کردنیدا، بەهۆی بەکارهێنانێکی سوودمەندانەی هێزەکانی سروشتەوە بە فراوانی، سەرمایەدارەکە شێوازێکی بەرهەمهێنانی دۆزیەوە کە بە هەمان چەندایەتی لە کار، ئیتر ئەمە کاری ڕاستەوخۆ بێت یان کاری کەڵەکەبوو، چەندایەتیەکی گەورەتر لە کاڵا بەرهەم دەهێنێت بە بەراوورد لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا. ئەگەر بۆ نموونە، ئەو بتوانێت یەک مەتری تەواو قوماش بەرهەم بهێنێت کە لە هەمان ئەو کاتەدا ڕکابەرەکانی نیو مەتریان پێ بچنرێت، دەبێ ئەو سەرمایەدارە چی بکات؟

ئەو دەتوانێت نیو مەتر قوماش بە هەمان نرخی پێشووتری بازاڕ بفرۆشێت؛ بەڵام کاریگەریی ئەمە ئەوەندە نیە کە دژەکانی لە مەیدانەکە دەرپەڕێنێتە دەرەوەو بازاڕەکەی خۆی فراوانتر بکات. بەڵام هەرچۆن بێت، بە هەمان ئەو پێوانەیەی هێزە بەرهەمهێنەکانی تێدا بەرز کردۆتەوە،  پێویستیشی بە بازاڕ بەرزتر بۆتەوە. لە ڕاستیدا هێنانە ناوەوەی ئەو کەرەسە بەهێزو گرانانەی بەرهەمهێنان، یارمەتی دەدات شمەکەکانی زۆر هەرزانتر بفرۆشێت، بەڵام ئەمانە لە هەمانکاتدا، ناچاری دەکەن شمەکی زیاتر بفرۆشێت تا بتوانێت کۆنترۆڵی بازاڕێکی ئێجگار گەورەتر بکات بۆ کاڵاکانی؛ دەرئەنجام، ئەم سەرمایەدارە نیو مەتر قوماشەکەی زۆر هەرزانتر دەفرۆشێت لە ڕکابەرەکانی.

بەڵام سەرمایەدارەکە مەترێکی تەواو قوماش نافرۆشێت بە هەمان ئەو نرخەی کە ڕکابەرەکانی نیو مەتری پێ دەفرۆشن، ئەمە ئەگەرچی بەرهەمهێنانی مەترێکی تەواو، لەوە زیاتر نەکەوتووە لەسەری کە بۆ بەرهەمهێنانی نیو مەتر، کەوتۆتە سەر ڕکابەرەکانی. گەر وانەبێت، قازانجێکی زیاتری وەگیر ناکەوێت، وە لە ئاڵوگۆڕدا هەر تەنها تێچوونی بەرهەمهێنانەکەی بۆ دەگەڕیتەوە. دەشێت لە سەرمایەگوزاریەکی گەورەتردا، داهاتێکی زیاتری بێتەدەست، بەڵام نەک بەوەی بە سەرمایەکەی، قازانجێکی زیاتری لەوانی تر دروست کردبێت. زیاتر لەوەیش، ئەو هەر تەنها بەوە دەگاتە ئامانجە دیاری کراوەکەی کە ئەگەر شتەکانی بە ڕێژەیەکی کەم، نزمتر بێت لە نرخی ڕکابەرەکانی. هەر بەوە ئەوان لە مەیدان دەکاتە دەرەوە، یان لانی کەم بەشێکی بازاڕەکەیان لێ داگیر دەکات، هەر بەوەی لەوان نزمتر شتەکانی دەفرۆشێت.

دواجار، با ئەوەیش یاد بخەینەوە کە نرخ، هەمیشە، یان لەسەروو تێچوونی بەرهەمهێناوە دەبێت یان لە خواریەوە، ئەمەیش لەسەر ئەوە وەستاوە ئایا فرۆشتنی ئەو کاڵایە دەکەوێتە کاتێکی باش یان خراپی پیشەسازیەوە. وە هەر لەسەر ئەوەی ئایا نرخی مەترێک قوماش لە بازاڕدا، لەسەروو یان خوارووی تێچوونی بەرهەمهێنانی ڕابووردوویەوەیەتی، ئەوا ئەو سەرمایەدارەی کەرەسەی بەرهەمهێنانی نوێی باشتری بەکارهێناوە، بە نرخێکی زیاتر لە تێچوونی بەرهەمهێنانەکەی، بە ڕێژەی جیاواز شت دەفرۆشێت.

بەڵام ئیمتیازی کاپیتالیستەکە زۆر درێژە ناکێشێت. کاپیتالیستی ڕکابەری تریش هەمان ئامێرو هەمان دابەشبوونی کار بەکاردەهێنن، لە هەمان ئاستداو بگرە فراوانتریش. دواجاریش بەرهەمهێنانەکەی، جۆرێک بڵاودەبێتەوە کە نرخی قوماشەکەی تێدا دانابەزێت بۆ کەمتر لە تێچوونی بەرهەمهێنانەکەی ڕابووردووی و بەس، بەڵکو تەنانەت نزمتر لە تێچوونی بەرهەمهێنانە نوێکەیشی دەبێت.

هەر لەبەر ئەوە، کاپیتالیستەکان، خۆیان لە پەیوەندیەکی هاوبەشدا دەبیننەوە بەرامبەر بە یەکتر، هەروەک نێو ئەو بارودۆخەی بەر لە ناساندنی ئەم کەرەسە نوێیەی بەرهەمهێنان تیایا بوون؛ وە ئەگەر بەو کەرەسانە بتوانن دوو ئەوەندە بەرهەم دەست بخەن بە هەمان نرخی ڕابووردوو، ئەوا ئەوکاتە ناچار دەبن دوو ئەوەندە بفرۆشن بە نرخێکی کەمتر لە ڕابووردوو. وە ئەوکاتەی تێچوونی بەرهەمهێنان دەگاتە ئەو ئاستە نوێیە، ئەوکاتە یاریەکەیش تازە دەبێتەوە: زیاد بوونی دابەشبوونی کار، زیاد بوونی ژمارەی ئامێرەکان، وە دەرئەنجامەکانیان لە ئاستێکی فراوانتری بەکارهێنانی دابەشبوونی کارو ئامێر. وە سەرلەنوێ ڕکابەری هەمان پەرچەکردار دێنێتەوە ناو، دژی ئەم دەرئەنجامە.

کاریگەریی ڕکابەریی سەرمایەداریی لەسەر چینی سەرمایەدارو چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار

هەر بەوجۆرە بینیمان، چۆن مێتودی بەرهەمهێنان و کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، بەردەوام لە گۆڕانکاریەکی شۆڕشگێرانەدان، چۆن دابەشبوونی کار، وەک پێویست، دابەشبوونێکی گەورەتر بەدوای خۆیدا بەکێش دەکات، بەکارهێنانی ئامێر، بەکارهێنانی ئامێر فراوانتر دەکات، کار لە ئاسێکی فراوانەوە دەباتە ئاستێکی فراوانتر. ئەمەیش یاسایەکە، بەردەوام بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بەرەو دەرەوەی ڕێگا کۆنەکانی ئاراستە دەکات، وە سەرمایە ناچار دەکات هەمیشەو بە بەردەوامی، هێزە بەرهەمهێنەکانی کار برەو پێبدات، ئەو یاسایەی ڕێگا نادات سەرمایە بوەستێت، وە بەردەوام دەقیژێنێت بە گوێیدا: بۆپێشەوە! بۆ پێشەوە!

ئا ئەمە هیچ نیە جگە لەو یاسایەی؛ بە شێوەیەکی دەوری، لەنێو هەڵبەزودابەزەکانی بازرگانیدا، وەک پێویست، نرخی کاڵایەک دەگونجێنێتەوە لەگەڵ تێچوونی بەرهەمهێنانیدا.

وە ئەو کەرەسە بەرهەمهێنەرانەی سەرمایەدار دەیخاتەکار، هەرچەند گەورەو بەهێز بن، ڕکابەری ئەم کەرەسانە گشتی دەکاتەوە؛ وە تاکە دەرئەنجامی ئەو گشتی بوونەوەیەیش، بەرهەمێکی گەورەتری سەرمایەکەیەتی کە ناچاری دەکات، بەرامبەر بە  هەمان نرخی ڕابووردوو، ١٠، ٢٠، ١٠٠ جار زیاتر لە جاران، بەرهەمەکانی پێشکەش بکات. ئەمە لەکاتێکا لەسەریەتی بازاڕێک بدۆزێتەوە بۆ چەندایەتیەک لە بەرهەم کە ڕەنگە ١٠٠٠ جار زیاتر بووبێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی نرخێکی کەمتر بخاتە بری چەندایەتیەکی گەورەتر لە فرۆشتن.

وە لەکاتێکا چەندایەتیەکی گەورەتر لە فرۆشتنی کاڵا بۆتە پێویستیەک بۆی، ئەمەیش نەک هەر بۆ دەستکەوتی زیاتر و بەس، بەڵکو بۆ دەستکەوتنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانیش، ئەمە لەکاتێکا، وەک پێشتر بینیمان، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، بەردەوام نرخەکەی زیاترو زیاتر دەکات، وە لەکاتێکیشا ئەم فرۆشتنە بە چەندایەتیەکی گەورە، بۆتە پرسێکی زیندوو، نەک هەر سەبارەت بەم سەرمایەدارەو بەس، بەڵکو سەبارەت بە ڕکابەرەکانیشی، ئەوا، ئەوەندەی داهێنان لە کەرەسەکانی بەرهەمهێناندا کاریگەر تر دەبێت، ئەوەندەیش خەباتی نێوان ئەو سەرمایەدارانە توندوتیژتر دەبێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیشە، دابەشبوونی کارو بەکارهێنانی ئامێر بە ئاستێکی فراوان گەشەدەسێنن.  

هێزی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان لە بەکارهێناندا هەرچەند بێت، ڕکابەری هەر هەوڵێکە بۆ بە تاڵان بردنی بەرهەمە ئاڵتوونیەکەی ئەو ووزەیە، ئەمەیش بە کەم کردنەوەی نرخی کاڵاکان بە بەراوورد لەگەڵ  تێچوونی بەرهەمهێنانیاندا؛ بە هەمان ئەو پێوانەیەی بەرهەمهێنانی تێدا هەرزان دەکەوێت. واتە بە هەمان ئەو پێوانەیەی کە بە هەمان چەندایەتی لە کار، دەتوانرێت زیاتر بەرهەم بهێنرێت. ئەمەیش لە یاسایەکەوە دەسەپێنرێت کە بەرهەڵستی ناکرێت لە هەرزان کردنی زۆری بەرهەمهێناندا وە فرۆشتنیشی بە خەڵکی بە نرخێکی کەمتر.

هەر بەوجۆرە، سەرمایەدار هیچی لەو کۆششەی خۆی دەستنەکەوتووە تەنها پێشکەش کردنی بەرهەمهێنانێکی زیاتر نەبێت لە هەمان کاتی کاردا، یان بە ووشەیەک، هیچی دەست نەکەوتووە مەرجێکی قورستر نەبێت بۆ زیاد کردنی سەرمایەکەی. وە لەکاتێکا ڕکابەری بەهۆی یاسای تێچوونی بەرهەمهێنانەوە هەر بەدوای سەرمایەدارەوەیە، وە هەر چەکێکیش بەکاردەهێنێت دەبێتەوە دژی خۆی، لەبەرئەوە بەردەوام هەوڵ دەدات سەرکەوێت بەسەر ڕکابەرەکانیدا بەوەی بەبێ وەستان، ئامێرە کۆنەکان و ڕێوشوێنە کۆنەکانی دابەشبوونی کار بگۆڕێت بە ئامێرو ڕێوشوێنی تازە کە ئەگەرچی تێچوونی زیاترە، بەڵام بەرهەمهێنان هەرزان تر دەکات، وە زۆریشی پێناچێت، هەر ڕکابەری ئەم ئامێرو ڕێوشوێنە نوێیانەیش دەکاتە ئامێرو ڕێوشوێنێکی کۆنی بەسەرچوو.

وە ئەگەر ئێستا بڕوانینە ئەو بزووتنەوەیەی لە هەموو بازاڕی جیهانیدا دێت و دەچێت، تێدەگەین چۆن گەشەی سەرمایەو کەڵەکەبوونی و سێنتراڵیزە بوونی دەبێتە هۆی دابەشبوونی کار بەبێ دابڕان، بەجۆرێک کە هەر خۆی خۆیی تێدا دەگۆڕێت، بە ئاستێکیش کە هەمیشە فراوان دەبێت، وە دەبێتە هۆی بەکارهینانی ئامێری نوێ و پێشخستنی ئامێرە بەسەرچووەکان –ئەمە پرۆسێسێکە، بەردەوام، بەخێراییەک، لە هەر کاتێکی تر زیاتر، لە ڕۆیشتندایە.

بەڵام ئەم مەرجانەی لە گەشەی سەرمایەی بەرهەمهێن دانابڕێن، چ کاریگەریەک جێدەهێڵن لەسەر دەستنیشان کردنی کرێی کار؟

دابەشبوونی کار بە ئاستێکی فراوان، ئاسانکاری دەکات بۆ کارگەر کە بە کاری ٥ و ١٠ و ٢٠ کارگەر هەڵبسێت؛ واتە ئەمە ٥ جارو ١٠ جارو ٢٠ جار زیاتر، ڕکابەری زیاد دەکات لەنێوان کرێکاراندا. کرێکاران هەر ڕکابەری لەسەر ئەوە ناکەن خۆیان بە نرخێکی کەمتر لەوانی تر بفرۆشن؛ بەڵکو ڕکابەری لەسەر ئەوەیش دەکەن کە هەر یەکێکیان بە کاری ٥ کرێکارو ١٠ و ٢٠ یش هەڵدەسێت، وە ناچاریشن لەسەر ئەم بنەمایەی دابەشبوونی کار، ڕکابەری یەکتر بکەن کە لە سەرمایەوە دەناسێنرێت و بەردەوامیش چاکتر دەکرێت.

جگە لەوەیش، بە هەمان ئاست، کارکردن ئاسانتر دەبێت، هەرچەند دابەشبوونی کار زیاد بکات. وە ئیتر شارەزایی تایبەتی کرێکار هیچ بایەخێکی نامێنێت. کرێکار دەبێتە هێزێکی بەرهەمهێنی ڕێکوپێکی ئاسان، دەبێتە هێزێک کە هیچ شارەزاییەکی جەستەیی یان فیکریی لێ داوا ناکرێت. وە کارەکەیشی بە هەموو کەس دەکرێت. بۆیە ڕکابەرەکان لە هەموو لایەکەوە زەبری لێدەکەن. با ئەوەیش یاد بخەینەوە کە ئەوەندەی کار سادە دەبێت و فێربوونی ئاسان دەبێت، ئەوەندەیش تێچوونی بەرهەمهێنانی کەمتر دەبێتەوە، وە ئەوەندەیش کرێی کار کەم دەبێتەوە، چونکە کرێی کار بە تێچوونی بەرهەمهێنان دەستنیشان دەکرێت، وەک نرخی هەر کاڵایەکی تر. لەبەر ئەوە، بە هەمان ئەو شێوازەی کار قورستر و ناخۆشتر دەبێت، ڕکابەرییش زیاد دەکات و  کرێی کار کەم دەبێتەوە.

کرێکار هەوڵ دەدات پارێزگاری هەموو کرێی کارەکەی بکات، ئەمەیش بە ئەنجامدانی زیاتری کار لە هەمان کاتدا، یان بە ژمارەیەک لە کاژێری زیاتر لە کار کردن، وە یان بە بەرهەمهێنانی چەندایەتیەکی زیاتر لە هەمان کاژێردا. هەر بەوجۆرە، ئەو خۆی کارەساتە کاریگەرەکانی دابەشبوونی شوومی کار لەسەر خۆی زیاد دەکات. دەرئەنجام: هەتا زیاتر کار بکات، کەمتر وەردەگرێت. وە هەر لەبەر ئەم هۆکارە سادەیە: هەتا کار زیاتر بکات، زیاتر ڕکابەری هاوڕێ کارگەرەکانی دەکات لە کاردا، وە بە ڕکابەری زیاتری ئەوان دەبێتە ڕکابەر دژی خۆی، وە خۆیان دەخەنە ژێر هەمان باری نائومێدیەوە، بەجۆرێک کە لە دواین لێکۆڵینەوەدا، خۆی ڕکابەریی خۆی دەکات وەک ئەندامێکی چینی کارگەر.

ئامێریش هەمان کاریگەریی جێدەهێڵێت، بەڵکو تەنانەت لە ئاستێکی بەرفراوانتریشدا. ئامێر کرێکاری شارەزا دەخاتە جێی نەشارەزاکان، ئافرەت دەخاتە جێی پیاو، مناڵ دەخاتە جێی گەنج، وە هەر بەمەیش، بە کۆمەڵ، کارگەر فڕێدەداتە سەر شەقامەکان، وە لەکاتێکا ئامێر پێشکەوتووترو بەرهەمهێن تر دەبێت، ژمارەیەکی تریشیان لێ فڕێدەدات ئیتر ئەگەر کەمیش بن.

لەسەرەوە تابلۆیەکی خێرامان کێشا لە جەنگی پیشەسازی نێوان سەرمایەداران خۆیاندا. ئەو جەنگە تایبەتمەندیەکی جیاوازی هەیەو شەڕەکان تیایا بە هۆی کەم کردنەوەی کارگەرانەوە ڕوودەدات زیاتر لەوەی بەهۆی زیاد کردنیانەوە بێت. جێنەراڵەکان (سەرمایەدارەکان) پێشبڕکێی یەکتر  دەکەن لەسەر ئەوەی بزانن کامیان زۆرترین ژمارە لە سەربازی پیشەسازی بێکار دەکات.

بەڵام ئابووریزانەکان دەیانەوێت دڵنیامان بکەنەوە لەوەی ئەو کرێکارانەی بەهۆی ئامێرەکانەوە دەبنە زێدە، ئەوانە لە لقە نوێکانی پیشەسازیدا کارێکی نوێ دەدۆزنەوە، بەڵام ئەوان ناوێرن ڕاستەوخۆ دڵنیامان بکەن لەوەی ئەو کرێکارانەی دەرکراون، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی نوێ دەبنەوە لەو لقە نوێیانەی کاردا. لێرەدا واقیع، بە دەنگی بەرز، دژی ئەم درۆیە هاوار دەکات. ئەوان، بەمانای ووردی ئەو وشەیە، دەڵێن مێتودی تر دەدۆزرێتەوە بۆ بەشەکانی تری چینی کارگەر؛ بۆ نموونە، بۆ ئەو نەوە نوێیەی لە کرێکاران بەڕێوەن بۆ نێو ئەو لقە پیشەسازیەی هەر تازە لەناوچووە. بێگومان ئەمەیش، ڕازی کردنێکی زۆری کرێکارە کەمئەندامەکانە. هیچ کەموکوڕیەک نیە بۆ بەکارهێنانی ئەو خوێن و ماسولکە ساغانە بۆ سەروەرە کاپیتالیستەکان -مردووەکان مردووەکانی خۆیان دەنێژن. ئەم تەعزێباریەیش وا دەردەکەوێت زیاتر بۆ ڕاحەتی گیانی سەرمایەداران خۆیان بێت هەتا کرێکارەکانیان. ئەگەر هەموو چینی کرێکاری کرێگرتە بەهۆی ئامێرەوە لەناو ببرێن، ئەمە چ کارەساتێکی سامناک دەخوڵقێنێت بۆ سەرمایە. بەبێ کاری کرێگرتە، سەرمایە لەوە دەکەوێت سەرمایە بێت.

بەڵام، گریمان ئەو کرێکارانەی ڕاستەوخۆ ئامێرەکان دەریان کردوونەتە دەرەوە، وە هەموو بەشێکی نەوەی نوێیش کە چاوەڕێ بووە هەلی کاری دەست بکەوێت لەو لقەدا لە پیشەسازی، کارێکی نوێ دەدۆزنەوە. ئایا ئەمانە هەمان کرێی کاریان لەم کارە نوێیە دەست دەکەوێت کە لەو کارە دەستیان دەکەوت لە دەستیان چووە؟ ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەمە دژی یاساکانی ئابووری سیاسیە. ئێمە بینیمان، چۆن پیشەسازی هاوچەرخ، هەمیشە هەوڵ دەدات کاری ئاسان، کاری نزم، بخاتە جیگای کاری ئاڵۆز، کاری بەرز. ئیتر چۆن توێژێک لەو کرێکارانەی ئامێرەکان فڕێیان داونەتە دەرەوەی لقێکی پیشەسازی دیاریکراو، لە لقێکی تری پیشەسازیدا، پەناگایەک دەدۆزنەوە، تەنها لەوکاتەدا نەبێت کە کرێیەکی کاری کەمتریان دەدرێتی، کرێیەکی کاری خراپتر؟

لێرەدا دەلیلێکی تایبەتی هەیە بۆ تایبەتمەندیەک لەو یاسایەدا، ئەویش ئەو کرێکارانەن کە خۆیان لە دروستکردنی ئامێردا کار دەکەن. کاتێک لە پیشەسازیدا داخوازی زۆرتر هەیە لەسەر بەکاربردنی ئامێر، ئەوا دەبێت وەک پێویست ژمارەی ئامێر زیاد بکات، دەرئەنجامیش دروستکردنی ئامێر زیاد بکات، دووبارە، دەرئەنجام، ژمارەی ئەو کرێکارانەیشی لە دروستکردنی ئامێردا کار دەکەن زیاد بکات؛ وە دەبێت کرێکارانی نێو ئەم لقە پیشەسازیە شارەزا بن و تەنانەت کارگەری خوێنەواریش بن.

ئەو قسەیەی هەتا ساڵی ١٨٤٠ یش نیوە ڕاستێک بوو، هەموو بایەخێکی لەدەستدا، چونکە ئێستا ئامێری گرانبەها، بە ئاستێکی فراوانتر پراکتیزە دەکرێت، ئیتر هەر لە دروستکردنی ئامێرەوە تا پیشەسازی چنینی لۆکە، ئەو کرێکارانەیشی لە نێو پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئامێردا کار دەکەن، چیتر لە توانایاندا نەماوە، لە پاڵ ئامێری پێشکەوتوودا بە هیچ کارێک هەڵسن، تەنها بە دەوری ئامێری زۆر سەرەتایی نەبێت.

بەڵام لە جێی ئەو پیاوەی ئامێر جێگای گرتۆتەوە، ڕەنگە ئەو پیشەسازیە سێ مناڵ و ژنێک دابمەزرێنێت! بەڵام ئایا ئەو کرێی کارەی پیاوەکە وەری دەگرت، بەسە بۆ گوزەرانی سێ مناڵ و ژنێک؟ وە ئایا لانی کەمی کرێی کار بەس نیە بۆ بەخێو کردنی ئەم ڕەگەزەو زاووزێ کردنی؟ ئیتر ئەم دەربڕینە چی دەسەلمێنێت وا ئەوەندە خۆشەویستە لە لای برجوازیەکان؟

ئەمە هیچ مانایەک نادات ئەوە نەبێت کە ئێستا؛ بە بەکارهێنانی چوارجار زیاتر لە ژیانی کارگەر، ئینجا نانی خێزانێکی کرێکاری پەیدا دەکرێت.  

با کورتی بکەینەوە: ئەوەندەی سەرمایە گەشە دەکات، ئەوەندەیش دابەشبوونی کارو بەکارهێنانی ئامێر فراوان دەبێت؛ وە ئەوەندەیشی دابەشبوونی کارو بەکارهێنانی ئامێر فراوان دەبێت، ئەوەندەیش ڕکابەری بڵاودەبێتەوە لە نێو کرێکاراندا، وە ئەوەندەیش کرێی کارەکەیان کەم دەبێتەوە.

سەرباری ئەوەیش، خەڵکی لە دەستەو توێژە بەرزەکانی کۆمەڵگایشەوە، دەکەونە ڕیزەکانی چینی کرێکارەوە، وەک خاوەن بیزنزە بچووکەکان و ئەوانەیشی لەسەر سوودی سەرمایەکەیان دەژین، ئەوانەی هیچ دەرچەیەکیان بۆ نامێنێتەوە دەست بەرز کردنەوە نەبێت لە تەنیشت کرێکارانەوە. هەر بەوجۆرە، دارستانێک لە دەست بەرز دەکرێتەوە بۆ داوای کارو هەر چڕتریش دەبێتەوە، بەڵام تا دێت دەستەکان خۆیان، هەر لاواز تر دەبن.

وە بە تەواوییش ڕوونە کە خاوەن پیشەسازی بچووک توانای مانەوەی نیە لەو ناکۆکیەدا کە لە هەر کاتێکی تر زیاتر، مەرجی یەکەمی سەرکەوتن تیایا، بەرهەمهێنانی گەورەیە. وە ڕوونیشە کە پیشەسازیە بچووکەکانیش ژمارەی پرۆلیتاریا زیاد دەکەن، ئەمەیش هیچ ڕوون کردنەوەیەکی ناوێت.

ئەمە هیچ مانایەکی نیە ئەمەی خوارەوە نەبێت:

چوار ژیانی کارگەری، لە بری تاکە ژیانێکی کارگەری، لەنێو دەچێت بۆ ئەوەی یەک خێزانی کرێکاریی پێ بژێنرێت.

وە هیچ پێویست بە ڕوون کردنەوەی زیاتر ناکات کە سوودی سەرمایە دادەبەزێت ئەوەندەی سەرمایە گەشە دەکات، ئەوەندەی قەوارەو ژمارەی زیاد دەکات، هەربۆیە لە توانای زەوی بەکرێدەرە بچووکەکاندا نامێنێت لەسەر کرێی زەویەکەی بژی، بۆیە ناچار دەبێت پەنا بۆ پیشەسازی ببات، واتە دەچێتە ڕیزی خاوەن پیشەسازیە بچووکەکانەوە، وە هەر بەو شێوەیەیش، ژمارەی ئەوانە زیاد دەکات کە دەگوێزنەوە بۆ نێو ڕیزەکانی پرۆلیتاریا.

لە دواییدا، بە هەمان ئەو پێوانەیەی سەرمایەداران ناچار دەبن، بەهۆی ئەو بزووتنەوەیەوە کە لە سەرەوە یادمان خستەوە، ئەو کەرەسە زەبەلاحانەی بەرهەمهێنان بەکاربهێنێت لە ئاستێکدا کە لەهەموو کاتێک زیاتر بەرهەمهێنان تێیدا فراوان دەبێت، وە هەر بۆ ئەو مەبەستەیش، دەمارە گرنگەکانی قەرز بخاتە جووڵە، وە ئەمە بە هەمان پێوانەیش، بوومەلەرزەی پیشەسازی زیاد دەکات لەنێو ئەو جیهانە بازرگانیەدا کە پارێزگاری خۆیی پێ ناکرێت، بەبێ قوربانیدانی شەیتانەکانی ژێر زەوی بە بەشێک لە سامانەکەیان، لە بەرهەمهێنراوەکانیان،  وە تەنانەت لە هێزی بەرهەمهێنیش[14]،  بەکورتی، قەیرانەکان هەر زیاد دەکەن. ئەو قەیرانانەی تا دێت دووبارەو دووبارە دەبنەوەو بەردەوامیش توندوتیژییەکانیان بەهێزتر دەبن، ئیتر ئەگەر واز لە هەموو هۆکارەکانی تریش بهێنین، کە هەر بە هەمان ئەو پێوەرەی چەندایەتی بەرهەمەکان زیاد دەکات، وە بەوهۆیەیشەوە بازاڕێکی بەر فراوانتر دەبێتە پێویست، بە هەمان پێوەریش، بازاڕی جیهانی دێتەوەیەک، وە هەمیشە بازاڕ کەمتر دەبێتەوە بۆ بەکارهێنانی، چونکە هەموو قەیرانێکی ڕابووردوو، بازاڕێکی نوێ دەکاتەوە لە بەردەم بازرگانی جیهانیدا، ئەو بازاڕانەی سەرزارەکی نەبێت، هێشتا دەستی نەگیراوە بەسەردا.

بەڵام سەرمایە هەر لەسەر کار ناژی و بەس. ئەو وەک سەروەرێک کە لە یەک کاتدا جیاوازیشەو بەربەریشە، لاشەی کۆیلەکانی ڕادەکێشێت بۆ نێو گۆڕەکەیشی، هەموو ئەو کارگەرە قوربانیانەی لە قەیرانەکاندا بەهیلاک چوون.

هەر بەوجۆرە دەبینین، هەرکاتێک سەرمایە بەخێرایی گەشە دەکات، ڕکابەری لەنێوان کرێکاراندا خێراتر گەشە دەسێنێت، بەمەیش کەرەسەکانی کارپێکردن و بژێوی چینی کارگەر، تەنانەت بەڕێژەیەکی خێراتر نزم دەبنەوە؛ هەر لەبەر ئەوەیە، گەشەی خێرای سەرمایە، باشترین مەرجی کاری کرێگرتە.

[1]. هێزەکانی قەیسەر لە ساڵی ١٨٤٩ دا هەنگاریا داگیر دەکەن، ئەمەیش بۆ هێشتنەوەی هابسبۆرگی نەمساوی لە دەسەڵاتدا (وەرگێڕ).

[2] . مارکس خۆی، ٣٦ ساڵ دوای نووسینی ئەو نامیلکەیە لە ژیاندا بووە. ئایا ئەگەر پێویست بوایە، مارکس خۆی پێداچوونەوەیەکی بۆ نەدەکرد؟ هەر لە کاتی نووسینی ئەم نامیلکەیەیشدا، مارکس کتێبی (هەژاریی فەلسەفە) ی نووسیووە (بڕوانە تێبینی ژمارە ٣) (وەرگێڕ).

[3]. مارکس بەر لەو مێژووەی ئینگڵس یادی خستۆتەوە (واتە ١٨٤٩)، لە دانراوەکانی تریدا لە “‌هێزی کار” دواوە وەک کاڵا. بۆ نموونە: مارکس لە ١٨٤٧ دا، لە کتێبی (هەژاریی فەلسەفە) دا، دەڵێت: “بەهای هێزی کار چیتر وەک پێوەری بەها دانانرێت هەروەک بەهای هەر کاڵایەکی تر نەبێت” (مارکس، هەژاریی فەلسەفە، ١٨٤٧). وە هەروەها دەڵێت: “ئەمە دژی ئەو ڕاستیە ئابووریانە دەوەستێتەوە کە ڕێژەی بەهای کاڵاکان بە بەهای هێزی کار دەستنیشان دەکات” (مارکس، هەمان سەرچاوە) (وەرگێڕ).

[4]. مەبەستم لە (ئابووری سیاسی کلاسیکی) ئەوەیە کە  ئابووری، لە  W. Petty*، لە پەیوەندیە واقیعیەکانی بەرهەمهێنانی برجوازی دەکۆڵێتەوە، ئەمە بە پێچەوانەی ئابووری بازاڕیەوە کە هەر خەریکی تێڕامانە لە ڕووخسار، لەو ماتریالانەی دەمێکە ئابووری زانستی پێشکەشی کردوون، وەهەر دیاردەی ماقوڵ شیدەکاتەوە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی برجوازیەت، جگە لەوە، بە عینادەوە، هەوڵی مەنهەجی کردنی ڕاستیە هەمیشەییەکان دەدات، واتە مەنهەجی کردنی ئەو ئایدیایانەی برجوازیەت بە پەیوەندی لەگەڵ جیهانەکەی خۆیدا بەکاریان دەهێنێت بەو واتایەی باشترین جیهانە) (تێبینی ئینگڵس).

* ویلیام پیتی [W. Petty ١٦٢٣-١٦٨٧]، ئابووریزانێکی ئینگلیزی بووە (وەرگێڕ)

[5]. لە تێزەکانی مارکسدا هاتووە: چەندایەتی گشتیی زێدەی بەها، لە نێوان سێ کاتێگۆریدا لە خەڵک دابەش دەبێت: خاوەن پیشەسازی ئەو بەهایە لە گەڵ خاوەن زەویوزارو بانکۆکراتەکاندا دابەش دەکات لەشێوەی قازانجی پیشەسازی و قازانجی زەوی و سوودی بانکیدا (بڕوانە:کارل مارکس، بەهاو نرخ و قازانج، ئەو بەشە جیاوازانەی زێدەی بەهایان بەسەردا دابەش دەبێتەوە، ل : ٧٤) (وەرگێڕ).

[6]. لێرەدا پێویستە تێڕوانینی مارکس دەربارەی ئەخلاق ڕوون بکەینەوە. بەلای مارکسەوە، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی بە ئەخلاقەوە نیە، بەڵکو ئەو ڕێکخستنە هیچ نیە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی بەرهەمهێنان و یاسا ئابووریەکانی سەرمایە نەبێت: یاسای کاری کرێگرتە (یاسای بەها)، یاسای ڕکابەری (یاسای خستنەڕوو داخوازی)، هتد. مارکس دەڵێت: “کۆمۆنیستەکان لە هیچ حاڵێکدا، مژدەی ئەخلاق نادەن، ئەوە شترنرە بەشێوەیەکی ئێجگار فراوان مژدەی ئەخلاق دەدات. کۆمۆنیستەکان ئەو داخوازیە ئەخلاقیە پێشنیار ناکەن بۆ خەڵکی: یەکتریتان خۆش بوێت، خۆویست مەبن، هتد، بەپێچەوانەی ئەوەوە، ئەوان باش دەزانن خۆویستی، هەروەک دڵسۆزی، لە بارودۆخی دیاریکراودا شێوەیەکی پێویستی دڵنیاکردنەوەی خودە لە تاکەکانەوە”. وە هەروەها دەڵێت: “.. بێگومان ئەم شتانە هەموو، نەدەدۆزرانەوە تا ئەوکاتەی توانای ئەوە دەستکەوت ڕەخنەی ئەو مەرج و پەیوەندیانەی بەرهەمهێنان بگیرێت کە جیهان لە ڕێڕەوە مێژووییەکەیدا بەخۆیەوە بینی بوو، واتە تا ئەوکاتەی ململانێی نێوان برجوازیەت و پرۆلیتاریا بووە هۆی سەرهەڵدانی تیۆریە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان. ئەو ڕەخنەیە بنچینەی هەموو ئەخلاقێکی تێکشکاند … ” (کارل مارکس، الايديولوجية الالمانية، ل: ٢٥٨ و ٤٥٥) (وەرگێڕ).

[7]. ئینگڵس ئیشارەت بە یادی ١ ی ئایاری ١٨٩١ دەدات (وەرگێڕ).

[8] . مەبەست لە شۆڕشەکانی ٢٣-٢٤/٢/١٨٤٨ ی پاریس و ١٣/٣ ی ڤیەنناو ١٨/٣ ی بەرلینە (وەرگێڕ).

[9]. فرۆشتنی ئاشکرا (مزاد علنی) مەبەست لەوەیە کێ زیاتری پێبدات، دەیفرۆشێت بەوکەسە. لێرەدا هەر ئەو دەربڕینەم بەکارهێناوە کە لە کوردەواریدا ناسراوە: مەزادی عەلەنی! (وەرگێڕ).

[10] . لە نووسینەکەدا هاتووە: قژی یەکتر ڕادەکێشن. بەڵام لە کوردیدا ئەمە بە “گوێ ڕاکێشان” هاتووە (وەرگێڕ).

[11] . “دەرئەنجام”: دەرهێنان یان وەرگرتنی یاسای ئابووری، هەروەک گەیشتن بە یاسایەکی ماتماتیکی یان یاسایەکی فیزیاییە. واتە ئەم یاسایەنە بۆچوون نین، بەڵکو، وەک هەموو ئەو بوارە جیاوازانەی تر، تاقیگەییانە، پشکنینیان لەسەر دەکرێت. مارکس دەڵێت: ” هیچ بە پێویستی نازانم ئەو خوێنەرانە دڵنیا بکەمەوە کە شارەزای ئابووری  سیاسین، من بە تەواوی لە ڕێی شیکردنەوەی تاقیگەییەوە گەیشتوومەتە ئەو دەرئەنجامانەی لەسەر ڕەخنەیەکی شیکاریانەی ئابووری سیاسی وەستاوە”، ” لە شیکردنەوەی فۆرمە ئابووریەکاندا ناتوانرێت نە مایکرۆسکۆب بەکاربهێنرێت و نە دۆزەرەوە کیمیاییەکان، بەڵکو دەبێت هێزی ئابستراکت کردن بخرێتە جێگای ئەمیشیان و ئەویشیان” (کارل ماركس، سەرمایە، بەرگی یەکەم، پێشەکی چاپی ئەڵمانی) (وەرگێڕ).

[12] . ئەلێکساندەری ٣، ئەلێکساندەری گەورە کە ناسراوە بە ئەلێکساندەری مەکەدۆنیا، پادشای مەکەدۆنیا، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن بۆ ٣٦٥ ی بەر لە مێژووی زاینی (وەرگێڕ).

[13] . مەبەست ئەوەیە: دەشێت سەرمایە فۆرمی خۆی بگۆڕێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەو گۆڕانە، هیچ لە سیستمی سەرمایە، لە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بگۆڕێت (وەرگێڕ).

[14] . مەبەست هێزی کارە، واتە مەبەست کرێکارانە کە دەبنە زێدە سەبارەت بە کەرەسەکانی بەرهەمهێنان. هەمیشە، بۆ وەگەڕخستنەوەی سەرمایە، ئەو زێدەیە لە دەستی کار لەناو براوە (وەرگێڕ).