Home / بابه‌ته‌كان / ڕۆزا لۆكسمبۆرگ: سه‌باره‌ت به‌ساڵی ١٧٩٣

ڕۆزا لۆكسمبۆرگ: سه‌باره‌ت به‌ساڵی ١٧٩٣

لە فەرەنسیەوە: ماکوان کەمال

                                                                                                                    

 دابەناندنی 

PDF.Rosa Luxemburg.1793

سەد ساڵ تیپەڕ دەبێت بەسەر ساڵی ١٧٩٣ کە دوژمنانی چینی خەڵکی کرێکار؛ تزارەکان، پادشاکان، خانەدانەکان، شازادەکان، خاوەن کارگەکان، وە هەموو سەرمایەدارەکانی تر. ناتوانن بیر لەو دەمە بکەنەوە، و نەترسن و نە تۆقن. هەرکات وشەی “ساڵی ١٧٩٣” بەکاردەهێنرێت گیانیان دێتە لەرزین! ئەم ترسەیان بۆ؟

 لەبەر ئەوەی لەم ساڵەدا، چینی کرێکار لە فەرەنسا و بەتایبەتی لە پاریسی پایتەخت دەستیان کرد بە ڕاماڵینی هەموو ئەو هەرەمە پادشاییانە، و کۆتایی بە چەوساندنەوە و تەوقی سەد ساڵە هێنا، وە سەرەتای دەسپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ و ئازاد بوو.

پێشبینی یەکەمین هەنگاوی شۆڕش

بۆچی جەنگام؟ بۆچی خوێنی خۆمم بەخشی؟ ئەم پرسیارانەیان لە خۆیان دەکرد خەڵکی فەرەنسی، وە لە داهاتووی خۆیانیان دەپرسی!

ئایا بۆ ئەوە سنگمان نا بە ڕووی فیشەکی سەربازەکانی پاشا؟ ئایا تەنها بۆ ئەوە بوو کە دیکتاتۆرێک بڕوخیننین و دانەیەکی دیکە بخەینە شوێنی؟  بۆ لەناو بردن و دەرهێنانی لە بناغەی دەسەلاتی خانەدانەکان، وگۆڕینی بۆ دەسەلاتی بۆرژوازی؟

بۆیە جارێکی تر خەڵکی پاریس لە ١٠ـی ئۆگستی ١٧٩٢ دەستیانکردوە بە خەباتێکی نوێ، ئەمە دووەمین شۆڕش بوو ‘شۆڕشی خەلک’ لەم ڕۆژەدا خەڵک هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی پاشایەتی و شارەوانی، وە گرتیان. لەبەرئەوەی بۆرژوازیەکانیش سوودیان لە لاوازی دەسەلاتی پادشا وەرگرتبوو، هەموو لایەنی کارگێری ولات لەژێر دەستیاندا بوو، وە بەرژەوەندیەکانیان لە پاڵ بەرژەوەندی پادشادا بوو، وە ئەوانیش دژی خەڵک بوون، بۆیە هەر لەهەمان ڕۆژدا خەڵک هەڵیان کوتایە سەر شارەوانی و کارگێری پاریس و لە بۆرژوازیەکانیان پاک کردەوە. لەبەرئەوەی دەسەلاتی کارگێڕیش دەستی بەسەردا گیرا، بۆیە خەڵکی شۆڕشگیڕ ناچاریان کردن لە سپتێمبەری هەمان ساڵدا ١٧٩٢ ئەنجوومەنێکی نویی نیشتمانی درووست بکەن و لەهەمان  کاتیشدا کۆماری ڕاگەیەنن بۆ ئەوەی کاروبارەکان بەڕیوەبەرن. هەرچەندە ئەگەر فشار و هێزی خەڵک نەبوایە پێدەچوو ئەم ئەنجوومەنە نوێیەش کارێکی وای نەکردایە. لەبەر ئەوەی زۆرێک لەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی نەیاندەویست ئەو گۆڕانکاریانە بچەسپێنن کە لەلایەن شۆرشی ١٠ی ئۆگوستەوە چەسپێنرا بوو، وە لەسەری ڕێکەوتبوون. ئەو گروپەی کە دەیوویست بەرهەڵستی ئەو گۆڕانکاریانەی شۆڕش بکات بریتی بوو لە گروپی گیرۆند Gironde کە لەدژی دەسەلاتی شۆڕشگێری شارەوانی(کۆمۆن) پاریس بوو، وە لەگەڵ هیچ گۆڕانکاریەک و ڕیفۆرمێکی ئابووریدا نەبوون کە لە بەرژەوەندی چینی کارگەر تەواوبێت. تەنها گروپێکی کەمینە کە بەرگری لە چینی کرێکار دەکرد بریتی بوو لە گروپی چیا Montagne . ئەم گروپە دڵسۆزانە بەرگری لە مافەکانی چینی کرێکار دەکرد. وە ماوەیەکی زۆریش لەگەڵ (گیرۆند) لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی مانەوە، بەڵام کێشەی گروپی چیا ئەوە بوو کە لە ئەنجوومەنەکەدا کەمینە بوون و نەیان دەتوانی هەموو یاسایەک تێپەڕ بکەن.

کەوتنی گروپی گیرۆند Gironde بەهێزی خەلک لە ٣١ـی مەی و ٢ـی ژوون ١٧٩٣

باتەماشایەکی چینی کرێکار بکەین کە لەو ماوە کەمەدا دەسەڵاتی گرتە دەست، بەرپرسانی خەڵک و کەسانی بەڕیوەبەری دامودەزگاکانی حکومەت و هەروەها کروپی چیا Montagnard ئەمانە پێکەوە کاریان دەکرد، و لەگەڵ ئازاد بوونی تەواوی ئابووری کۆمەڵگە بوون. ئەم بیرۆکەشیان لە جێبەجێکردنی یەکسانیەکی تەواوی ئابووریەوە وەرگرتبوو، هەموو ئەکت و باسەکانیان لەسەر یەک بیرۆکە بنەمای داکوتابوو: لەناو کۆماری گەلدا نابێ نە دەوڵەمەند هەبێت نە هەژار. کۆمار گەل بەو واتایە بوو کە دەسەلات هی گەلە هەر کاتێکیش گەل پشتی بەست بە دەوڵەمەنداکان و بە لایەنی ئابووری کۆنترۆڵ کران، ئەوا ئەوکات شتێک نابێت بەناوی دەسەلاتی گەل و کۆماری گەل کە بەناوی Republigue poulaire بوو.

بەڵام ئایا چۆن یەکسانی ئابووری بۆ هەموو لایەک دەستەبەر بکەین؟

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، پارتە کرێکارییە (سۆسیال دیموکراتیەکان) لەهەموو وڵاتانی جیهان درووشمێکیان هەیە وەکو گەشتن بە ئامانجەکانیان: ئەویش یەکسانی ئابووری بۆ هەمووان.

بێگومان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە داوا دەکەن کە خاوەنداریەتی تایبەتیpropriété privé La  بەهەموو شێوەیەک بسڕێتەوە لە هەموو پنتەکانی وڵاتدا و لە هەموو کایەکانی کاردا؛ خاوەنداریەتی زەوی، کارگە، وەرشە، وەهەروەها…،  ئەم خاڵانەی کارکردن دەبێت بگوازرێتەوە بۆ دەستی چینی کرێکار.

پارتی چیا هەوڵیدا ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی دی چارەسەربکات، هەندێکی کەم لە ناو ئەم پارتە و هەروەها لەناو ئەندامانی پارتی کۆمۆندا هەمان ئەو بیروبۆچونانەی سۆسیال دیموکراتی ئەمڕۆیان هەبوو، تەنها هەندێک دەنگی کەم بوو کە ئەوانیش ونبوون لە زۆرینەدا، تەنانەت ئەو دەنگە کەمانە لەناو پارتەکانی خۆشیان لە پاریس، گوێیان بۆ نەدەگیرا تا بۆچوونە ( سۆسیاڵ دیموکراتەکانیان) دەرببڕن؛

پارتی کۆمۆنی پاریس کە بە پرۆلیتاریا ناسرابوو؛ بەلام نە ئەوان نە پارتی چیا هیچ بیرێکیان لە سڕینەوە و نەهێشتنی خاوەنداریەتی تایبەتی نەدەکردوە لە پنتەکانی وڵاتدا. ئەم پارتانە دەیانویست یەکسانی ئابووری جێبەجێ بکەن بە پێدانی موڵکێک بە هەموو ئەو فەرەنسیانەی کە هیچیان نەبوو، واتە پێدانی خاوەنداریەتی تایبەتی بەو کەسانەی کە هیچیان نەبوو. تەنها بەیەک وشە ئەویش نە پارتی پرۆلیتاریای پاریس و نە پارتی چیا بەهیچ شێوەیەک سۆشیاڵیست نەبوون.

پێش هەرشتێک سەد ساڵ لەمەوپێش فەرەنسا هەروەک وڵاتانی تر، پرۆلیتاریا بەشێکی بچووکی خەڵکی کرێکار بوون، جوتیارەکان زۆرینەی خەڵکی فەرەنسایان پێکدەهێنا، کە ئەوانیش ڕازیبوون بەو دەسکەوتانەی کە لەسەردەمی شۆڕشدا بە دەستیان هێنابوو. وەک ئەوەی باسمان کرد؛ لەنێو ئەوکەسانەی کە بەرهەمهێنەری سەر زەویوزار بوون، تەنها ئەوانە دەیان توانی زەوی بکڕن کە دەوڵەمەند بوون. زۆرێک لە پاڵەکانی سەرزەوی کشتووکاڵی فەرەنسا لەگەڵ خاوانداریەتی گشتی سۆشیاڵیستیدا نەبوون، تەنها دەیانویست ڕێژەی ئەو پشکانەی کە هەیان بوو لەگەڵ خاوەندارەکانی زوویدا، بەرزبێتەوە و زیاد بکات، تەواو و هیچی دیکە. گروپی چیا دەیانوویست هەموو ئەو زەویانەی کە نەفرۆشرابوون و بێکەڵک بوون، لەدەستی خانەدانەکان و پیاوانی ئاینیدا بوون، بدەن بە پاڵەکان. کاتێک کە گروپی چیا پێشتر لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەندا رێکەووتنیان کردبوو کە هەموو زەویە وشک و گژوگیاویی و بەردەلانەکان بکەویتە دەست شارەوانی، هەر ئەوانەش دابەش بکرێت بەسەر جوتیارە پاڵەکاندا. لێرەوە راستی جیاوازی گروپی چیا و سۆشیاڵیستەکان دەرکەووت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەرەڕای هەوڵەکانیان گروپی چیا نەیانتوانی ئەو مەیلە باشانەیان بهێننەدی کە: یەکسانی ئابووری بوو بۆ هەمووان. ئەم ئیلهامانەی ئەوان لەو کاتانەدا کارێکی مەحاڵ بوو. لە لایەکی ترەوە ئەو چارەسەرانەی کە بەکاردەهێنران، هیچ نەبوون تەنها ئەوە نەبێ کە بۆ ماوەیەکی کەم سەرمایەداری دووربخاتەوە لە گەشەی خۆی. بەو واتایە ئەمە خۆی گەورەترین نایەکسانی ئابووریە.  

هەرچەندە هەتا ئەوکاتەی گروپی چیا کاریان بەدەست بوو، وڵات لەڕووی رێکخستنی ئابووریەوە ڕێکبوو، وە بەتایبەت خەڵکی پاریس دوورخرابوونەوە لەوەی کە لە برساندا بمرن. ئەو ئامرازانەی کە گرتبوویانەبەر بریتی بوون لەمانە؛ دانانی نرخی نان و خواردەمەنی، قەرز وەرگرتن لە دەوڵەمەندەکان بەزۆر بەتایبەت لە پاریس، دەسەڵاتی دەزگایی دەوڵەت نانی دەکڕی و بەنرخێکی هەرزان دابەشی دەکردەوە بەسەر دانیشتواندا،… بەڵام ئەمانە چەند شتێکی ڕووکەش بوون لە ناو ئابووری فەرەنسادا. ئەمانە تەنها بۆ ڕزگار کردنی خەڵکی بوو لەو بارە قوورسە ئابوورییەی کە تێیدا بوون، ئەگەر نا شتێکی ئەوتۆش نەبوو. ئەگەر چی یەکێک لە هەوڵە جدیەکانی گروپی چیا، پێدانی زەویی کشتوکاڵی بوو بەو کەسانەی کە ئارەزووی کشتوکاڵ و چاندنی بەروبومیان دەکرد، بەڵام ئەمەش کۆتایهاتبوو و تەواو بووبوون. یەکسانی ئابووری ماوەیەکی نەخایاند لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، سیستەمی سەرمایەداری فەرەنسا هەمان پێگەی ئابووری هەبوو وەکو وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا، فەرەنسا دەبوو بەناچاری بەوەدا تیپەڕێ کە خاوەنداریە بچووکەکان بگۆڕێن و ببنە پرۆلیتاریا، و لەلایەکی ترەوە هەموو خاوەنداریەتیەکان، بە خاوەنداریەتی زەویشەوە کۆبکاتەوە و ڕێکیان بخاتەوە پێکەوە لە دەستی هەندێک دەوڵەمندی کەمینەدا.

لەدوای کەوتنی گروپی کۆمۆن و چیا، خەڵکی پاریس کە برسیکەوتبوون دەستیان کرد بە ڕاپەڕین دژی پەرلەمان و دەسەڵات،  داوای”نان و دەستووری١٩٧٣” یان دەکرد. هەرچەندە ئەم هەستانەوانە زۆر کاریگەری نەبوو، بەڵکو وەک کڵپەی ئاگرێک وابوو زوو دادەمرکایەوە. هێزی چینی خوارەوە پرۆلیتاریا تەواو بێهێز بووبوون.

 بەهەمان شێوە پلانە ڕیکخراوەکانی بابۆفی سۆشیاڵیست لە ساڵی ١٧٩٦ تەنها بریتیبوون لە وەستانەوە دژی حکومەت بۆ ئەوەی دەستورێکی سۆشیاڵیستی دابنرێت، بەڵام سەرینەگرت و بێ ئەنجام بوو.  بابۆف باش لەوە گەشتبوو کە یەکسانی ئابووری یەک ناگرێتەوە لەگەڵ خاوەنداریەتی تایبەتی کە ئەو دەیوویست بە سۆشیاڵیستی بکات، سەرباری ئەوە بابۆف و هاوڕیکانی  لەمەدا بەهەڵە چووبوون کە دەیانوویست بە شێوازی پلان و کودەتا ئەوە بچەسپێنن و پەیڕەو بکەن لە فەرەنسادا. بابۆف و هاوڕیاکانی لە ساڵی ١٧٩٦ کەمتر سەرکەوتووتر بوون لە پارتی چیا ی پێشتر، بۆیە پرۆژە سۆشیاڵیستیەکەی ئەو هەر بە خونچەیی وشک بوو وە تێکشکا.

هەوڵەکەی بابۆف تەنها توانی کە بۆ ساتێکی کەم چینی بۆرژوایی فەرەنسا بلەرزێنێ، کە بەردەوام لە دەوڵەمەند بوون و گەورە بووندا بوون، وە خەریک بوو “ترس و تۆقینی ساڵی ١٧٩٣” یان بیردەچوویەوە. بێگومان ئەوە ئەو بوو نەک پرۆلیتاریا کە خەریک بوو بەرهەمی شۆڕشی فەرەنسا بچنێتەوە.

پێشتر بەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن گروپی چیاوە بەرامبەر بە خانەدانەکان “نۆبڵەکان” هیچی لە گووزەرانی پرۆلیتاریا نەگۆڕی جگە لەوەی خزمەتی کرد بە چینی بۆرژوایی. زۆرێک لە موڵک و ماڵی دەوڵەتی و گەورەکان فرۆشران و کەوتنە دەستی چینی بۆرژوایی، هەژارکەوتنی چینی پیاوە ئاینی و نۆبڵەکان هیچ نەبوو جگە لە بەهێز بوونی هێزی ئابووری، کۆموڵایەتی، وسیاسی چینی بۆرژوایی فەرەنسا.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی شۆڕشی فەرەنسی چی بوون لە ئێستادا کە سەدەیەک دوای ئەو شۆڕشەیە، بەڕوونی کاریگەریەکانی ئەو ” شۆڕشە گەورەیە ” دەبینین . بێگومان ئەم شۆڕشە چینی بۆرژوای لەسەر کورسی دەسەڵات دانا، بەڵام  دەسپێکردنی سەردەمی بۆرژوایی هاوتەریب و جیانەکراوەیە لەگەڵ گەشەی پرۆلیتاریادا.

ئێستا بەڕوونی دەبینین کە چۆن چینی بۆرژوایی سەرکەوتن بەسەر سیستەمی دەرەبەگیدا ‘نۆبڵایەتی’ لە پاش کەوتنیان.

پرۆلیتاریای فەرەنسا زۆر زوو هەوڵیدا کە بۆرژوایی هەر بە زەڕنەقووتەیی بنێژێ لە ساڵی ١٧٩٣دا، بەڵام سەرەنجامەکەی  کوشندە دەرچوو بۆ خۆی. دوای سەد ساڵ لە فەرمانڕەوایی، بۆرژوایی لە بێهێز وون و لاواز بووندایە ساڵ لەدوای ساڵ، بەڵام لەگۆڕنانی ئەم پیرە خراپکارە سەرمایەداریە، لە ئێستادا بۆ چینی پرۆلیتاریا جێگای بایەخ نییە، لەدوای ئەوەی کە پرۆلیتاریا هەموو هێزوتوانای خۆی بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی بۆرژوازی لەکاتی خۆیدا. ( رۆزا لۆکسمبۆرک ئەم وتارەی لە ساڵی ١٨٩٣ نووسیوە کە دەکاتە ٢٢ ساڵ دوای  شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریایی کۆمۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١دا، لێرەدا مەبەستی ئەم شکستەی پرۆلیتاریایە. وەرگێر).

لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، پرۆلیتاریا کەم بوو، فۆرمێکی ئاگایی ڕێکخراوەیی نەبوو وەک ئەمڕۆ، نەبوونی ئەو ڕێکخراوەییە وای کرد کە پرۆلیتاریا ونبێ لەناو وردە بۆرژواییدا، بەڵام لە کۆتایی ئەم سەدەیەی ئیستادا، پرۆلیتاریا بەتەواوەتی بووەتە پێشڕەوی هەموو چینی کرێکار لە هەموو وڵاتە گەورە گرنگەکاندا، و بەتەواوەتی سەرکەوت بەسەر بۆرژوایی بچووک لەناو شارەکاندا، بەم نزیکانەش توانیویەتی کە ڕەنجبەرانی لادێ کۆکاتەوە  لەخۆی.

لە سەردەمی شۆڕشی گەورەی فەرەنسی، کەسایەتییە گرنگەکان لەگەڵ بۆرژوایدا بوون. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، زۆرینەی ئەو کەسایەتیە بەتوانایانەی کە دەرهاویشتەی چینی بۆرژوایی بوون (واتە توێژی بیرمەندەکان)، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا وەرچەرخاوون و لە پاڵ پرۆلیتاریادان.

لەکۆتایی سەدەی ڕابردوودا، سەرکەوتنی بۆرژوازییەت بەسەر دەرەبەگایەتیدا “نۆبلیستیدا” پێوویستییەکی مێژووی بوو، بەهەمان شێوە ئەمڕۆ سەرکەوتنی پرۆلیتاریاش بەسەر بۆرژوازیدا پێوویستییەکی مێژووییە.

 بەڵام سەرکەوتنی پرۆلیتاریا واتای سەرکەوتنی سۆشیاڵیزمە،  سەرکەوتنی یەکسانی و ئازادیە بۆ هەموان. و یەکسانی ئابووریی (کۆتایی سیستەمی چینایەتی. وەرگێر). سەدەیەک پێش ئێستا ئەمە تەنها خەونی هەندێک لە ئایدیاڵیستەکان بوو، ئەوەتا ئەمڕۆکە لە بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆشیال دیموکراتیدا (سۆشیاڵیزم) شێوەی گرتووە.  لە سەردەمی شۆڕشی گەورەی فەرەنسی درووشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتی لەلای چینی بۆرژوایی جگە لە درووشمی نمایشی هیچی تر نەبوو. هەر لەو کاتەدا هەمان ئەم دروشمانە تەنها ئاخێک بوو لەناو گەروی خەڵکدا. بەڵام ئەم دروشمە ئەمڕۆ هاواری سوپایەکی گەورەی چەندان میلیۆنی چینی کرێکارە لە جەنگە ترسێنەرەکەیاندا.

ئەو ڕۆژە نزیک بووەتەوە کە ئەمە شێوەبگرێت و ببێتە ڕاستی.

لەساڵی ١٧٩٣ خەڵکی خوارەوە لە پاریس بۆ ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام بێتوانا بوون لەوەی کە بتوانن ئەم دەسەڵاتە بەکاربهێنن بۆ ئازادی چینایەتی خۆیان. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، چینی پرۆلیتاریا لەهەموو وڵاتانی جیهان دەستی کردووە بە شەڕێکی پایەدار و بێ ماندووبوون، کە لە هەمان کاتیشدا شەڕێکی ئابووری و سیاسییە.

ئەو ڕۆژەی پرۆلیتاریا دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست (شۆڕش دەکات، وەرگێر)، دەبێتە ڕۆژی ئازاد بوونی ئابووری و کۆتایی چینایەتی.